تورکیا یۆنان بە پشتیوانیکردن لە پەکەکە تۆمەتبار دەکات

ڕاپۆرت

11/04/2021‌ 2090 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرچەندە لەماوەی رابردوودا باس لەودەکرا کە تورکیا خواستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ وڵاتی یۆناندا هەیە، کەچی بەرپرسێکی باڵا لەسەرۆکایەتیی تورکیا لەسەر پشتیوانیکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)هێرشێکی توندی کردە سەر ئەو وڵاتە.

فەخرەددین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لەسەرۆکایەتیی تورکیا وڵاتی یۆنانی تۆمەتبار کردووە بەوەی گروپە نەیارەکانى وڵاتەکەى، لەناویاندا ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان داڵدە دەدات و پشتیوانییان پێشکەش دەکات.

ئاڵتوون لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا دەڵێت"لەکامپێکی تایبەت بە پەنابەران لە وڵاتی یۆنان ئەو کەسانەی تێدا حەشاردراوە، بەشێوەیەک تێیدا پلانی هێرشی خۆکوژی دژ بە تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دادەڕێژن.

لەبەشێکی تری قسەکانی ئاڵتووندا هاتووە" لەماوەی دادگاییکردنی ئۆجەلاندا و بۆماوەی چەندین ساڵ یۆنان پشتیوانی پەکەکەی کردووە، بەشێوەیەک یۆنانییەکان دانیان بەوەداناوە کە چەکدارانی ئەو هێزە کوردییە لەکامپی لاڤێریۆی تایبەت بە پەنابەران راهێنانیان پێکراوە، بەشێوەیەک ئەو کامپە هێشتا هەر چالاکە.

بەقسەی ئەو بەرپرسەی سەرۆکایەتیی تورکیا، ئەسینا گرووپە نەیارەکانى لەپێشەوەیاندا پارتی کرێکارانی تورکیا داڵدە دەدات و کۆمەك و هاوکاریان پێشکەش دەکات، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە کاتی ئەوەهاتووە پارێزبەندی لەیۆنان وەربگیرێتەوە.

لێدوانی ئەو بەرپرسە تورکە دوای چەند رۆژێک دێت لەلێدوانێکی قوستەنتین فلۆرۆس سوپاسالاری یۆنان کە تێیدا رەفتارەکانی تورکیای بە بێزارکەرانە وەسفکردبوو بەشێوەیەک دەبێتە هۆی درووستبوونی ناسەقامگیری لەناوچەکەدا، ئەویش لەدوای ئەوەی ئاشکرابوو لە دوو کەشتیی تورکی کۆچبەرانیان بەرەو ئاوە هەرێمییەکانی یۆنان گواستۆتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی