شارپرێس:
وه‌زیرى تەندروستی حكومه‌تى هه‌رێم بڵاویكردەوە، كاروانێكى ڤاكسینى ڤایزه‌ر گه‌یشته هه‌رێمى كوردستان‌و سبه‌ینێش كاروانێكى دیكه‌ى ڤاكسینى سینۆفارما-ى چینى ده‌گات‌و له‌داهاتوشدا هه‌فتانه ڤاكسینه‌كان ده‌گه‌نه هه‌رێم.
له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا، د.سامان به‌رزنجى وه‌زیرى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایكرد، ئه‌مشه‌و بڕى 2070 ژه‌مه ڤاكسینى ڤایزه‌ر گه‌یشته هه‌رێمى كوردستان‌و سبه‌ینێش 20 هه‌زار له‌ڤاكسینه چینیه‌كه ده‌گاته هه‌رێم.
له‌په‌یامێكیشدا داواى له‌هاوڵاتیان كرد په‌له بكه‌ن له‌ناونوسینیان به‌شێوه‌ى ئۆنلاین بۆ ئه‌وه‌ى ژه‌مه ڤاكسینه‌كان وه‌ربگرن، جه‌ختیشیكرده‌وه، "به‌شداربونى هاوڵاتیان له‌خۆ تۆماركردنیان به‌شێوه‌یه‌ى به‌رچاوه".
ئاشكراشیكرد، شێوازى پێدانى ڤاكسینى ڤایزه‌ر جیاوازه له‌ڤاكسینه‌كانى دیكه، "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سێ سه‌نته‌ر له‌سلێمانى‌و سیانیش له‌هه‌ولێرو دوانیش له‌دهۆك تایبه‌تكراون به‌به‌كارهێنانى ڤاكسینى ڤایزه‌ر".
پێشتریش لەڕاگەیەنراوێكدا وەزارەتی تەندروستی هیواى خواستبوو، هاوڵاتیان خۆیان تۆماربکەن لەسیستەمی ئۆنڵاین‌و دەستبەجێ ڤاکسین وەربگرن.
پێشتر وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌و ژینگه‌ی عێراق ڕایگه‌یاندبوو، ئاماده‌كاری ته‌واویان كردوه بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسینی "فایزه‌ر بایۆنتیك"، بۆئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی بكرێت، هه‌روه‌ها به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش ڕه‌وانه بكرێت.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌و ژینگه‌ی عێراق ئه‌وه‌شی خستبوە‌ڕوو، "له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه بڕی زیاتر هه‌شت ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا ته‌رخانكراوه، بۆ گرێبه‌ستیش له‌گه‌ڵ كۆمپانیای فایزه‌ر سێ ملیۆن دۆلار دیاریكراوه كه هه‌ر ڤاكسینێك به‌دوو دۆلار ده‌كڕدرێت، بڕیاریشه ملیۆنێك‌و 500 هه‌زار ژه‌مه ڤاكسینی فایزه‌ر بگاته عێراق".
له‌ماوه‌ی ڕابردوشدا ڤاكسینی "ئه‌سترازینكا"ی به‌ریتانی، "سینۆفارما"ی چینی ڕه‌وانه‌ی عێراق‌و هه‌رێم كران‌و به‌سه‌ر بنكه ته‌ندروستیه‌كان دابه‌شكران.