دوای ١٢٣ ساڵ لە دەرچونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی، دۆخی ڕۆژنامەگەریی کوردیی لە چیدایە؟

کوردستان

22/04/2021‌ 975 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

١٢٣ ساڵ لەمەوبەر یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیی بە ناوی کوردستان لە قاهیرە دەرچوو، ڕۆژی دەرچوونی ئەم ڕۆژنامەیە کراوەتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی.

بە درێژایی ئەو مێژووە نەتەوەی کورد بە گشتی و ڕۆژنامەنوسان و نوسەران و رۆشنبیرانی کورد بە تایبەت شانازییان بەو هەنگاوەوە کردوەو  بەردەوام وەک یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی پێشکەوتن وێناکراوە.

ڕۆژنامەنوسانی هەرێم لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەنەوە، دۆخی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی خراپدایە و بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە بارەی ئازادی ڕۆژنامەگەری و بەرگریکردن لە مافى رۆژنامەنوسان، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ڕەشە بۆ بەشێکی زۆر لە میدیاکاران.

به‌پێی ئەو ریزبەندییەی كه‌ رێكخراوى په‌یامنێرانى بێسنور بۆ ئازادی رۆژنامه‌وانى ساڵانە ئاماده‌ى ده‌كات، عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌ له کۆی ١٨٠ وڵاتى جیهان لە‌ پله‌ى ١٦٢ دایە، واتە له‌ لیستی ئه‌و وڵاتانه‌دایه‌ كه‌ به‌ ره‌نگی ره‌ش دیارییكراوان.

لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ئامارەکانى سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان و سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکى لە مافى رۆژنامەنوسان دەریدەخەن پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان لە ئاستى مەترسی خۆیدا ماوەتەوەو کەمى نەکردوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان دوو یاسای تایبەت بە رێکخستنى کاری رۆژنامەنوسی و ئازادی رادەربڕین هەیە، یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی، بەڵام لە پراکتیکدا هیچکام لەو یاسایانە لە لایەن دادگا و حکومەتەوە جێبەجێ ناکرێن.

بۆ نمونە ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لە بادینان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیرکران، سەرەڕای بوونی یاسای ڕۆژنامەگەریی، کەچی با یاسایەکى توندی کۆنى عێراق ئەو رۆژنامەنوسانە بۆ شەش ساڵ خرانە کونجی زیندانەوە.

هیشتا کاردانەوە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی ئەو بڕیارەی دادگای هەولێر لە زیادبووندابوون، کەچی  ئاسایشى هەولێر دۆسییەى نۆ رۆژنامەنوس و چالاکوانى دیکەى ئاڕاستەى دادگا کرد بۆ سزادانیان.

رێکخراوی رۆژنامەنوسانی بێسنور لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەى بەوە کردوە، لە هەرێمی کوردستان هیچ سنوورێک بۆ سزادانی ئەو ڕۆژنامەوانانە نییە کە رەخنە لە خێزانە فەرمانڕەواکان دەگرن.

رێکخراوەکە دەشڵێت، ئەوان بە تۆمەتەکانی سیخوڕیکردن یان دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵات، لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانەی لە ژێر ئەشکەنجە یان هەڕەشە وەرگیراون، زیندانی دەکرێن.

لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ئاماژەى بەوە کردوە کە  لە هەرێمى کوردستان کۆتوبەندکردنی ئازادییەکانی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن و سنوردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و زانیارى و توندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەوانان و دەستگیرکردنی ناڕەوای ڕۆژنامەوانان و دادگاییکردنیان و چاودێریکردن و داخستنی ماڵپەڕەکان لە ئاستێکى بەرزدایە.

ڕاپۆرتەکە وێرای جەختکردنەوە لەوەی کە دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم پێدانی زانیاری و دەستڕاگەیشتن بە زانیاریەکانیان قۆرخکردوە بۆ میدیاکانی خۆیان و نزیک لە خۆیان و ئازایی میدیاییان بۆ ڕۆژنامەنوسانی دەرەوەی خۆیان سنوردارکردوە، لە هەمان کاتدا باسی لەوەشکردوە کە دەستوەردانی حزبی وکەسی چەند جارێک بوونەتە هۆکارێک بۆ داخستنی هەندێک لە میدیاکان، کە ڕاپۆرتەکە ئەمەی وەک یەکێکە لە زەنگە مەترسیدارەکانی بوارەکە ناوبردوە.

سەرەڕای ڕەخنەی توند و بەردەوامی ڕێکخراوەکانی ناوخۆ و دەرەوە لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەریی، کەچی بەرپرسانی باڵای هەرێم، بێباکن لەو هەموو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان دەکرێت.

هەرچەندە لەکارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم باس لە فەراهەمکردنى مەودایەکى باش لە ئازادى رادەربڕین و پێدانى زانیاری بە رۆژنامەنوسان کراوە، بەڵام دادگاکانیش نەیانتوانیوە ڕۆڵی سەربەخۆی خۆیان بگێڕن، ئەوەش بەهۆی دەستێوەردانی حزبی و شەخسییەوە، چونکە لە چەند ساڵی ڕابردودا چەند ڕۆژنامەنوسێک تیرۆرکراون و تا ئێستا دۆسیەی ئەو رۆژنامەنوسانە وەک خۆیان لە دادگاکان ماونه‌ته‌وه ‌و هیچ دۆسییەکى کوشتنی رۆژنامەنوسانیان یەکلایی نەکردوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین رۆژنامەنوسی دیکەی ئازاد ژیانیان لە مەترسیدایە.