حكوومەتی هەرێم كرێی ئاوی كەمكردەوە

کوردستان

04/05/2021‌ 448 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكان، بەپێی بڕیارەكە بەرزترین نرخی كرێی ئاو 45 هەزار دینارە بۆ یەك مانگ.


وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاربڵاویكردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێنماییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی هەمواركردەوە و بڕیاردرا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكان كە بەرزترین ئاستی كرێی ئاو نابێت لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت.

بەپێی بڕیارەكە زۆرترین كرێی ئاو 45 هەزارە و هەرچەندە ئاو بەكاربێنێت لەو نرخە زیاتری لێوەرناگیرێت، هەرچەندی ئاویش بەكار بهێنێت، بەڵام لە 45 هەزار دینار زیاتری لێ وەرناگیرێت، ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بەگوێرەی پێوەرەكەی مانگی بای سەد هەزار دیناریش ئاو سەرف بكات، تەنیا 45 هەزار دینار دەدات.

جگە لە دیاری كردنی كرێی ئاو، بەپێی رێنماییەكان بڕیاری لێخۆشبوون بۆ بەشێكی قەرزەكان دراوە، ئەگەر هاوبەشێك بڕی 400 هەزار دیناری بۆ چوار مانگ بۆ هاتبێتەوە، ئێستا لەكاتی دانەوەی قەرزەكەیدا مانگی تەنیا 45 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، واتە لەبری ئەو چوارسەد هەزار دینارە قەرزە، تەنیا 180 هەزار دینار دەداتەوە حكوومەت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارجەختدەكاتەوە لە بەستنی پێوەری ئاو و سزادانی ئەو كەسانەی نەیانبەستووە، بەپێی بڕیارەكە ئەگەر هاووڵاتییەك پێوەری ئاو ببەستبێت لە قازانجی خۆیەتی، ئەوكات بەگوێرەی پێوەرەكە پارە دەدات، ئەگەر مانگی بای 10 هەزار دینار ئاوی سەرف كردبێت، هەر ئەوەندەی بۆ هەژمار دەكرێت، بەڵام ئەگەر هەمان هاووڵاتی مانگانە بەگوێرەی هەمان پێوەر، بای سەد هەزاری سەرف كردبێت، تەنیا 45 هەزارەكە دەدات، لەو حاڵەتەدا هاووڵاتی چەند جار قازانج دەكات.