دەوڵەتی یاسا: هەڵبژاردنەکان دوادەخرێن

عیراق

18/05/2021‌ 1092 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی پێشبینیدەکات، بەهۆی نالەباری دۆخی ئەمنیی‌و ئابوورییەوە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمان کە وابڕیارە لەمانگی تشرینی یه‌كه‌مى ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دوابخرێت.


عەبدولهادی سەعداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەپێگەی "مەعلوومە"ی وتوه‌، "ئەگەری زۆرە ئەو بەروارەی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان دیاریکراوە جارێکی تر دوابخرێت".

سەعداوی ئاشکرایکردووە، "نەبوونی زەمینەیەکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنەکان لەڕووی ئەمنی‌و ئابوورییەوە وایکردووە گریمان بکرێت هەڵبژاردنەکان لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەنەچن‌و بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دوابخرێن".

پێشتریش هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتیی هادی عامری پێشبینیکردبوو، ئەگەربێت‌و هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچن، ئەوە ژمارەیەکی کەم لەهاوڵاتیان بەدەنگ پرۆسەکەوە بچن‌و بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن.

هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا چەندین باس لەئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ ساڵی داهاتوو کراوە، بەڵام بەردەوام مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە کە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە بەدواخستنی هەڵبژاردنەکان نادەن‌و مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو دواین بەروارە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە.

و: ئاکۆ ئاڵی