ئەو 5 خۆراکەی یادەوەریی خوێندکاران لەکاتی تاقیکردنەوەکان بەهێز دەکات

تەندروستی

05/06/2021‌ 385 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆڕێکی خۆراکیی چەند خۆراکێکی دەستنیشانکردووە، لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا توانای بیرکردنەوەو تەرکیزی خوێندکاران بەهێزدەکات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئەلنەهار"ی لوبنانی، عەبیر ئەبو ڕەجیلی پسپۆڕی بواری خۆراکیی لوبنانی دەڵێت:"پرۆسەی خۆراکپێدان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەندروستیی مێشک‌و توانای تەرکیزکردن‌و تێکڕای زیرەکیی مرۆڤ هەیە".

ئەو پسپۆڕە لوبنانییە وتویەتی:"خوێندکاران کە خۆیان بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادەدەکەن، دەبێت هەوڵبدەن ئەو خواردنانە بخۆن کە بەشێوەیەکی ئەرێنی کاریگەریی دەکاتەسەر توانای بیرکردنەوەو تەرکیزکردنیان".

لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەڤۆکادۆ پێشەنگی ئەو خۆراکانەیە کە کاریگەرییەکی گەورە دەکاتەسەر توانای تەرکیزکردن، لەبەرئەوەی ئاستی کارکردنی مێشک باشدەکات‌و چەندین ڤیتامینی گرنگی تێدایە بۆ یادەوەریی‌و ئاگایی مێشک.

هەرچی بڕۆکلییە ئەویش یەکێکە لەخۆراکە گرنگەکان کە پێشنیازکراوە خوێندکاران لەماوەی تاقیکردنەوەکاندا بیخۆن، بەوپێیەی بەهۆی بوونی ئاستێکی بەرزی ماددەی choline کە بۆ یادەوەریی باشە، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر مێشک دەبێت.

پسپۆڕە لوبنانییەکە دەڵێت:"تووی کێوی ماددەی فلاڤۆنیدی تێدایە کە یارمەتی باشکردنی یادەوەریی دەدات‌و ئاستی بیرکردنەوەو کارکردنی مێشک باشتردەکات".

چوارەم خۆراک کە ئەبو ڕەجیلی ڕێنماییدا خوێندکاران بیخۆن بریتییە لەهێلکە، لەبەرئەوەی دەوڵەمەندە بەڤیتامین دی کە یارمەتی باشکردنی توانا فیکریی‌و هۆشەکییەکان دەدات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نابێت لەماوەی تاقیکردنەوەکاندا خوێندکاران خواردنی گوێز لەیادبکەن، لەبەرئەوەی بەهۆی بوونی ترشە چەورییەکانی وەک ئۆمیگا٣ تێیدا، بۆ تەندروستیی مێشک زۆر بەسوودە.

و: ئاکۆ ئاڵی