لیژنەی ئاسایش و بەرگری راپۆرتێک لەسەر پێشێلکارییەکانی تورکیا لەهەرێمی کوردستان ئامادە دەکات

عیراق

18/06/2021‌ 683 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکردووە کە راپۆرتێک لەسەر دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکەن و دەیدەنە دەستەی سەرۆکایەتیی و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

محەمەد رەزا ئال حەیدەر سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەلێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی راگەیاندووە کە لیژنەکەیان بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی مەترسیداری ئەمنیی ناوچە سنوورییەکان و دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانە، لەمدواییەدا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ئال حەیدەر روونیشی کردۆتەوە کە لیژنەکەیان چەندین بنکە و خاڵی سەربازیی قایمکراوی تورکیایان لەو ناوچە شاخاویانەدا دەستنیشانکردووە کە بەسەر ڕێگە و بان و ناوچە گرنگەکانی تری هەرێمی کوردستاندا دەڕوانن، بەتایبەت لە قوڵایی ١٥ کیلۆمەتری ناو خاکی هەرێمدا.

ئاماژەی بۆئەوەشکردووە کە فەرماندەی یەکەمی پاسەوانی سنووری عێراق کە ئەرکی پاراستنی ٢٤٥ کیلۆمەتری ناوچەکەیان لەئەستۆدایە، لەڕووی چەک و ژمارە و بابەتە تەکنیکییەکانی وەک کامێرا و فڕۆکە پێویستیان بە پشتیوانیکردنە.

سەرۆکی لیژنەکە جەختی کردۆتەوە کە لەبارەی کۆچبەربوونی گوندەکانی ناوچەی ئامێدی و زاخۆ و ناوچەکانی تری سنوورەکە چەندین راسپاردەیان ئامادەکردووە، جەختیشی کردۆتەوە کە دەبێت حکوومەتی عێراق تەرکیزی لەسەر ئەو بابەتە بێت و پشتیوانی دۆسیەکە بکات.

ئەوەشی وتووە کە لیژنەکەیان ئەو راپۆرتەی ئامادەیان کردووە پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی دەکەن و داوا دەکەن لەسەر ئەو بابەتە چاویان بەسەرۆک وەزیران بکەوێت، تاوەکو بتوانن بەوردی ئەوەی تورکیا لەناوچەکەدا ئەنجامی دەدات روونی بکەنەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
https://www.ina.iq/128264--.html