جەعفەر شێخ مستەفا:هەوڵێك هەیە بۆ پەلكێشكردنی شەڕێكی نەخوازراو لەنێوان پەكەكەو پێشمەرگە

کوردستان

18/06/2021‌ 1371 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەوڵێك هەیە بۆ پەلكێشكردنی شەڕێكی نەخوازراو لەنێوان پەكەكەو پێشمەرگە، دەشڵێت"ئەگەر بابەتەکە بۆ چەکدارانی پەکەکە بەرگریکردن بێت لە خۆیان، بۆ هێزی پێشمەرگە تێوە دەگلێنن لەو شەڕە".

جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکى هەرێم ئەمڕۆ هەینی، لە نوسینێكدا كە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە نووسیویەتى"بە داخەوە لە ئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ پەڵکێش کردنی شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان چەکدارانی پەکەکەو هێزی پێشمەرگە لە خاکی هەرێمی کوردستان، هیوادارم کە رونەدات و ئەو خوێنڕشتنە لێرەوە بوەستێ."

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەگەر بابەتەکە بۆ چەکدارانی پەکەکە بەرگریکردن بێت لە خۆیان، بۆ هێزی پێشمەرگە تێوە دەگلێنن لەو شەڕەی کە خواستی گەلی کورد و پێشمەرگەی لە سەر نییە؟ پاشان بۆ تەنها لەو قەوارەیەی هەرێمی کوردستان چالاکییەکانیان چڕکردۆتەوە کە بە خوێنی هەزاران شەهید بنیاد نراوە و پاساو دەدەن بە تورکیا هێرشیان بکرێتە سەر.

جێگری سەرۆكی هەرێم دەشڵێت"ئێمە لەگەڵ هاتنی هیچ هێزێکی بێگانە نین کە سنور و سەروەرییەکانی هەرێمەکەمان ببەزێنێ، لە هەمان کاتیشدا ڕێز لەو پارتە سیاسییانە دەگرین کە لە خاکی هەرێمەکەماندا گیرساوەتنەوەو ڕێگامان داون کار و چالاکی سیاسی ئەنجام بدەن، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوە دانین کە ببن بەمایەی شەڕو ناسەقامگیری و هۆکاری چۆڵکردن و ماڵوێرانکردن و شەهیدکردنی دەیان خەڵکی سڤیل لە ناوچەکەدا."

شێخ جەعفەر جەختیش دەکاتەوە کە ئەوەی کە ئێستا رودەدات دڵنیایە پلانی نەیارانی دژ بە نەتەوەی کوردە.