ئایا زیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی کاریگەریی لەسەر بوژانەوەی ئابوری ئێران دەبێت؟

مەلەفی تایبەت

29/06/2021‌ 713 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیمانگای پارەدارکردنی نێودەوڵەتیی (IIF) ڕاپۆرتێکی لەسەر گریمانەکانی گەیشتنە ڕێککەوتنی ئێران‌و ئەمریکا لەبارەی بەرنامەی ناوەکیی ئێران‌و کاریگەرییەکانی لەسەر بوژانەوەی ئابوریی ئەو وڵاتە باسکردوە.


پەیمانگای پارەدارکردنی نێودەوڵەتیی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، زیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی ساڵی 2015 کاریگەرییەکی بچوکی لەسەر بوژانەوەی ئابوری ئێران دەبێت، بەوپێیەی بەشێکی سزاکانی ئەمریکا لەسەر تاران دەمێننەوە.

پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەربێت‌و تاران ڕێککەوتننامەیەکی ناوەکیی تازە لەگەڵ واشنتۆن واژۆبکات‌و لەوە تێپەڕبکات کە هەر گەڕانەوەبێت بۆ مەرجەکانی ساڵی 2015، واتە بابەتەکانی پەیوەست بەبەرنامە موشەکییەکان‌و سیاستەکانی تاران لەوڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەخۆبگرێت، ئەوە لەمساڵدا ئێران ئابورییەکەی بەڕێژەی لە4.3% گەشەدەکات، لەساڵانی داهاتوشدا ئەو گەشەیە بۆ لە5.8% بەرزدەبێتەوە.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەربێت‌و ڕێککەوتنەکە تەنها گەڕانەوەبێت بۆ مەرجەکانی ساڵی 2015 بێئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک ڕوبدات، ئەوە ئابوری ئێران لەمساڵدا لەباشترین حاڵەتیدا لە3.5% گەشە دەکات، لەساڵانی داهاتوشدا لە3.8% گەشە دەکات.

پەیمانگای پارەدارکردنی نێودەوڵەتی پێشبینیکردووە ئەنجامی دانوستانەکانی ڤییەننا گەڕانەوەبێت بۆ ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015 ئەمەش وادەکات بەشێکی زۆر لەسزاکانی سەر تاران هەروەک خۆیان بمێننەوە، بەمەش کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان بواری ئەوەیان نابێت وەبەرهێنانی گەورە لەئێراندا بکەن، لەژێر سایەی ئەم دۆخەشدا بەدوردەزانرێت گەشەیەکی گەورەی ئابوری لەئێراندا ڕووبدات.

و: ئاکۆ ئاڵی