کازمی و بەرهەم ساڵح چ ڕۆڵێکیان لە دۆسیەی سزادراواندا هەبووە؟

کوردستان

07/07/2021‌ 1548 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دادگایی کردنی چالاکانی بادینان، درامایەکی دور و درێژ، کە هەر مانگەو وەرزێکی نوێی دەست پێدەکات و هەر هەفتەو زنجیرەیەکی نوێی پیشکەش دەکرێت.

درامایەک کە ئەکتەری سەرەکیی هەر وەک خۆیەتی و هەرهەفتەو بابەتێکی نوێ پیشانی بینەران دەدرێت.بە پێی ڕوداوەکان ئەکتەرانی دراماکە و ئەوانەشی لە پشتیانەوەن و هانیان دەدەن لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەن..

سەرەڕای نیگەرانیی  وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لە سزادانی چالاکوانانی بادینان، بەڵام دادگای پێداچوونەوەی هەولێر سزای پێنج چالاکوانەکەی بادینانی بە شەش ساڵ زیندانیکردن پەسەند کرد، ئەوەی ئێستا بووەتە پرسیار هەر بە تەنها سوربوونی دادگاکانی هەولێر نییە بۆ سزادانی چالاکوانان، بەڵکو درێژەدانە بە سزادانی ئەو چالاکوانانەی دیکە کە ئێستا خراونەتە نێو بازنەی سزادانەوە و ژمارەیان 72 چالاکوانە و ناوە ناوە و هەرمانگەو بەشێکیان دەبرێنە بەردەم دادوەر و سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.

لەنێو خەڵکیدا دەستەواژەی دراما تورکییەکان بۆ هەر شتێک بەکاردەهێندرێت کە کۆتایی نەیەت و هەموو زنجیرەیەک، شتێکی نوێ و چاوەڕواننەکراوی تیادایە، دۆسیەی چالاکوانانی بادینانیش شێوەی دراماکانی وەرگرتووە، هەر مانگی جارێک وەرزێکی نوێی دەردەچێت،هەر هەفتەیەو بەشێکی نوێی پێشکەش دەکرێت، لەگەڵیشیدا کاردانەوەی ناوخۆیی و بیانی لێدەکەوێتەوە.

دۆسیەی چالاکوانانی بادینان تەنانەت لەنێوخۆی پارتیش ڕای جیاوازی دروستکردووە، ئەو ئاڕاستەیەی مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، توندن بەرامبەر چالاکوانان و لە بنەڕەتدا سزای زیندانیکردن بۆ چالاکوانان بە سزایەکی کەم دەزانن، لەبەرامبەردا ئاڕاستەکەی نێچیرڤان بارزانی میانڕەوتر دەردەکەون و لانی کەم لێدوانیان لەبارەی چالاکوانەکانەوە یان نییە، یاخود باس لەوەدەکەن پێداچوونەوە بە سزاکەدا بکرێت.

لە نێو یەکێتیش ئەگەر چی ناوە ناوە دەنگی نارەزایی و دژ بون لەگەڵ ئەو سزادانانە دەبیسترێت، بەڵام لەسەر ئاستی و فەرمی و تیمی حکومییان هیچ هەڵوێستیکی پێویست بەدی نەکراوەو تا ئێستا بەشێکن لە دەرهێنەرانی دراماکەو نایانتوانیوە خۆیان لە ڕوداوەکانی نێو دراماکە دابماڵن.

لەگەڵ هاتنی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و جێگرایەتی قوباد تاڵەبانی، یەکەمجارە بە لێشاو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان دادگایی بکرێن، لەنوێترین زنجیرە دادگایکردنیشدا، پێنج چالاکوانی دیکە دادگایی دەکرێن ئەویش بە تۆمەتی کارکردن بۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقە کە ئەمە جگە لە مەتەڵێکی سەیر و سەمەرە لە هیچی تر ناچێت و مەگەر هەر لە دراما بیانیەکاندا سەرۆکانی وڵات سیخورییان گرتبێت بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەی خۆیان.

ئەوەی لە کەیسی چالاکوانانی بادینان بووەتە جێگەی سەرنج ئەوەیە، ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەیانکراوە بە دیاریکراوی چییە؟ بۆ نمونە ئەو پێنج چالاکوانەی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران، سەرەتا دادگا وتی سیخوڕییان بۆ وڵاتانی بیانی کردووە، بەڵام دواتر لەژێر فشاری ئەڵمانیا و ئەمریکا ناوی ئەو دوو وڵاتە لە تۆمەتەکان دەرهێندرا، بەوەش پرسیاری ئەوە دروستدەبێت ئەی کەواتە ئەو چالاکوانانە سیخوڕییان بۆ کێ کردووە؟

بەهەمانشێوە ئێستا لەکەیسی پێنج چالاکوانی دیکەی بادینان ناوی دووان لە سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق دێت کە ئەوانیش مستەفا کازمی و بەرهەم ساڵحن، دیارنییە ئەگەر لە داهاتوودا ئەوانیش فشار لە حکومەتی هەرێم بکەن ناویان لە لیستی تۆمەتبارکردنەکە دەردەهێندرێت یاخود نا؟

ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ چالاکوانەکان بریتین لەوەی بەنیازبوون کار بۆ ئەمریکا و بەریتانیا بکەن و ویستوویانە گروپێکی کار بۆ پشتیوانی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دروستبکەن ئەگەر بەشداریی لە هەلبژراندا کرد، ئەوەی سەیرە ئەوەیە رۆژانە هێزە عەرەبیەکان دێنە هەولێر و سلێمانی و لەگەڵ گەوەروە بەرپرسانی هێزەکانی دەسەڵاتدا سەوداو مامەڵە دەکەن لەسەر کورسیەکانی داهاتوی پەرلەمان و دابەشکردنی پۆستەکانی داهاتووی وڵات، ئەی خێرە ئەوان بێتاوان و ئەمان تاوانبارن؟

یەکێک لە تۆمەتەکانی تر کە دراوەتە پاڵ ئەوانەی دوستگیرکراون ئەوەیە کە بەنیازی خۆپێشاندان لە دهۆک و شار و شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایە بوون بۆ کاری تێکدرانە، باشە مەگەر خۆپیشاندان تاوان و کاری تێکدەرانەیە؟ ئەی مەگەر هەر ئەوە نییە یاسایەک هەیەو لە پەرلەمان دەرچوە بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان و داوای خۆپێشاندان، وێرای سەرنجی چالاکانی بوارەکە لەسەری بەڵام خۆ ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی خۆپێشاندان لە یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمدا کارێکی ڕێپێدراوە نەک تێکدەرانە.

ئەو راگیراوانەی بڕیارە بەمزوانە و لە زنجیرەیەکی نوێی پرۆسەکەدا داداگایی بکرێن بریتین لە عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان کەمال سلێمان، سلێمان موسا ئەحمەد، کە پیشەکەیان پێشمەرگەی خانەنشین و مامۆستای زانکۆ و ئەندازیار و هۆزانڤانە، لە زنجیرەی پێشوی دراماکەدا رۆژنامەنوس و چالاکانی مەدەنی کران بە تیرۆریست و دەیان تۆمەتی جیاجیایان درایە پاڵ، ئاخۆ لە دادگاییکردنی ئەم جارەدا چ تۆمەتێکی نوێ دەدرێتە پاڵ دەستگیرکراوەکان و وەک دیمەنێکی دراماکان چ شتێکی نوێی تێدا دەبێت؟

هەموو جارێک لەگەڵ دادگاییکردن و سزادانی بەشێک لە دەسگیرکراواندا چالاکانی مەدەنی و رێکخراوەکان و کونسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان چەند رۆژێک دێنە دەنگ و گردبونەوەو بەیاننامەو خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و  دوای ئەوە دیسانەوە هەر وەک دیمەنەکانی نێو دراماکان ئەوانیش بێدەنگ دەبن تا جوڵەیەکی نوێی دادگا بەدەردەکەوێتەوەو بەشێکی تری دۆسیەکان لە زیندانەوە دەبرێتە دادگاکان.