ڕۆژنامەیەکی قەتەری زانیارى گرنگ‌و هه‌ستیار له‌باره‌ى كێشه‌كانى یه‌كێتیه‌وه‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

14/07/2021‌ 15572 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کێشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سنورەکانی بڕیوەو گەیشته‌ میدیا عەرەبیەکانیش، لەنێویشیدا ڕۆژنامەیەکی قەتەری باس لەوەدەکات، "ئەوەی لەنێو یەکێتی ڕودەدات یەکلابونەوەی ململانێی ئێران‌و ئەمریکایە"، نوسیویه‌تى:"ئێستا بافڵ تاڵەبانی لەبەرەی ئێرانیەکاندایەو یەکێتی بوەتە گۆڕەپانی تەسفیەی حساباتی ئێران‌و ئەمریکا"، هاوكات كه‌یسێكى هه‌ستیارى ئاشكراكردوه‌ لەڕۆژانی داهاتودا ده‌كرێته‌وه‌.


ڕۆژنامەی "العربی جدید"ی قەتەری لەڕاپۆرتێکدا باسی لەکێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی کردوەو لەزاری سەرچاوەیەکەوە ئاشكرایكردوه‌، "زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی ئێستا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدان، بەڵام ئەوانەی لەئیدارەی ئەمریکاوە نزیکن پاڵپشتی لاهور شێخ جەنگی دەکەن".

ڕۆژنامە قەتەریەکە ئاماژەی بەوەشداوە، "ئێستا بافڵ تاڵەبانی لەبەرەی ئێرانیەکاندایەو یەکێتی بوەتە گۆڕەپانی تەسفیەی حساباتی ئێران-ئەمریکا".

لەبارەی پەیوەندی پارتی بەو دۆخەی لەسلێمانی دەگوزەرێت ڕۆژنامەکە ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "پارتی ڕۆڵێکی شاراوەی لەو دۆخەی ئێستا هەیەو پاڵپشتی بافڵ تاڵەبانی دەکات، بۆ لاوازکردنی لاهور شێخ جەنگی".

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەڕۆژانی داهاتودا زنجیرەیەک گۆڕانکاریی دیکە لەنێوخۆی ئەو حزبە ڕودەدات، کە گرنگترینیان کردنەوەی دۆسیەی تەقەکردنە لەخۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکەی ساڵی ڕابردوی پارێزگای سلێمانی.