یەکێتى گرێیەک کە بەدەستەکانی دەکرایەوە خستییە ددانەکانی

کوردستان

16/07/2021‌ 12513 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیڕەو وەک بەرزترین دەسەڵاتی یاسایی و سیاسی هەر حزبێک کاری یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتەنایە کە دەبنە جێگەی مشتومڕ و ڕای جیاواز دروست دەکەن لە نێو حزبەکەدا.

  زۆر کات باس لەوە کراوە کە لە نێو حزبە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی پەیرەو جگە لە چەند ڕستەیەکی جوانی واتادار کە لە دو توێی چەند لاپەڕەیەکدا نوسراون هیچی تر نییەو کاری پێناکرێت وەک دەقێکی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی حزبەکە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دواهیەمین کۆنگرەی خۆیدا کە کە بە کۆنگرەی نوێبوونەوە ناونرابوو، جگە لە دیاریکردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و چەند وتارێکی تەشریفی هیچی تری نەکرد ، ئەو ئەرکەی کۆنگرە کە هەیەتی و دەبێت کەسی یەکەمی حزب هەڵبژێرێت و پەیرەوی حزب بنوسرێتەوەو پەسەند بکرێت لە کۆنگرەی یەکێتیدا ڕوی نەداو هەردوو دەسەڵاتەکە درایە ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەوانیش بە ڕێککەوتنی باڵەکانی حزب پەیرەویان نوسیەوەو سیستەمی هاوسەرۆکییان بۆ یەکەمجار لە حزبەکە جێگیر کرد.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا لە نێو ئەو حزبە کۆمەڵێک کێشەو ململانێی وهەندێک جاریش کێشەی پەیرەوی و  یاسایی هاتونەتە پێشەوەو هیچکات بە پەیرەو یەکلا نەکراونەتەوەو رێککەوتن و بریاری تاکەکەسی قسەی کۆتایی کردوە لە کێشەکاندا.
ئێستا کە یەکێتی بە دۆخێکی تەواو هەستیاردا هەنگاو دەنێت و کێشە ناوخۆییەکانی بە جۆرێک ئاڵۆز بوون کە لەوانەیە چارەسەرکردنیان کارێکی مەحاڵ بێت، پەیرەو دیسانەوە ناتوانێت کاری خۆی بکات و لە بری ئەوە میدیاو سۆشیال میدیا ئەرکی یەکلاکردنەوەی دۆخەکەی لە ئەستۆ گرتوە هەر بۆیە شارەزایان پێیان وایە یەکێتی ئەو گرێیەی کە بەدەستی دەکرایەوە خستیە ددانەکانی.

لە دوو ساڵی رابردودا بەشێک لە سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی نارەزایی خۆیان لە پەیرەوی حزبەکە نەشاردۆتەوەو بە پەیرەوێکی لەرزۆک و ناتەواویان ناوبردوە وێرای ئەوەی کە دەوترا کاری پێ ناکرێت.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ئەنجومەنێکە لە ماوەی تەمەنی ئەو حزبەندا قەرەباڵغ ترین ئەنجومەنە و هەموو دەسڵاتێکی کۆنگرەی وەرگرتوە بۆ هەرکارێک کە پێویست بکات، هاوسەرۆکانی حزب و پەیرەو و ئەنجومەنی باڵاو مەکتەب سیاسی و سەرجەم ئۆرگانەکانی حزب هەر ئەوان دایان نان و دەسەڵاتی لێپرسینەوەو لێپێچەینەوەشیان هەیە، بەڵام ئەوەی سەیرە وا هەفتەیەک تێدەپەرێت بەسەر قوڵبونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەیان و ئەوان نەک بیدەنگییان هەڵبژاردوە بەڵکو شارپرێس پەیوەندی کردوە بەچەند کەسێکانەوە بۆ قسە کردن لەسەر دۆخەکە، بەبیانوی جیا جیا خۆیان لە تەنها وشەیەک دەدزنەوە نەک ئەوەی دابنیشن و چارەسەری دۆخەکە بکەن.

ئێستا کە دۆخی ناوخۆی یەکێتی بە جۆرێکە کە دۆست و نەیاری ئەو حزبە بە دۆخێكی هەستیار و نا ئاسایی ناوی دەبەن، پرسیار ئەوەیە لە بری ئەوەی ئەو شەرە بە میدیاو سۆشیال میدیا بکرێت بۆچی بە ئۆرگانە فەرمی و و دامەزراوە فەرمیەکانی یەکێتی بابەتەکان یەکلایی ناکرێنەوە، بۆچی ئەو گرێیەی بەدەست دەکرێتەوە دەخرێتە نێوان ددانەکان و ئاڵۆزتر دەکرێت.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوەنەوەکانی چەند رۆژی رابردودا ئەوەی وتوە کە ئەو پارەو داراییەی لەم هەڵمەتەدا دەستی بەسەردا دەگیرێت دەگەرێتەوە بۆ خزمەتکردنی شاری سلێمانی ولە پەرەپێدانی شارەکەدا خەرج دەکرێت چونکە لە ئەسڵدا ئەو پارەیە هی سلێمانییەو بە نایاسایی زەوتکراوە.
تۆ بڵێی ئەگەر راستە بریارێکی وەها هەیە هەڵمەتەکە هەموو بەرپرسان بگرێتەوەو و هەموو ئەو سەروەت و سامانەی کە بە نایاسایی و نا شەرعی لەدوای راپەرینەوە پێکیانناوە دەستی بەسەردا بگیرێت.
لەوانەیە ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوە بێت کە گرێکە لە دەستەوە خراوەتە لێوان ددانەکان و بەرپرسانی یەکێتی زانیبێتیان کە سەرکردایەتی و پەیرەوی ناوخۆ توانای یەکلا کردنەوەی ئەو بابەتانەی نییە.