شارپرێس ـ تایبه‌ت:
سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى وه‌زاره‌تى دارایی له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه نوێترین زانیارى له‌باره‌ى دابه‌شكردن‌و میكانیزمى دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى حه‌وتى فه‌رمانبه‌ران ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "پێموانییه بۆ مانگى حه‌وت لێبڕینى موچه نه‌مێنێت یان كه‌مبكرێته‌وه"، ده‌شڵێت:"ڕاسته‌وخۆ دواى جه‌ژن‌و دواى پشوه‌كان دابه‌شكردنى موچه ده‌ستپێده‌كاته‌وه".
ڕۆژى 11ى ئه‌م مانگه وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم ئاشكرایكرد، یەکەمین بڕە پاره لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق کە بڕی 200 ملیار دینارە خراوه‌ته‌سه‌ر ئەژماری وەزارەتەکەیان، په‌رله‌مانتاران‌و فراكسیۆنه جیاجیاكانى په‌رله‌مانى عێراق‌و كوردستانیش جه‌ختیانكردۆته‌وه، پێویسته ئه‌و پاره‌یه بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران خه‌رجبكرێت.
حكومه‌تى عێراقیش جه‌ختیكردۆته‌وه، پێویسته له‌خه‌رجكردنى ئه‌و پاره‌یه‌دا ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێت به‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران.
له‌وباره‌یه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى وه‌زاره‌تى دارایی كه داوایكرد ناوى ئاشكرانه‌كرێت بۆ شارپرێسى ڕونكرده‌وه، هه‌تا ئێستا وه‌زاره‌تى دارایی به‌رچاوى ڕون نییه ئاخۆ ئه‌و 200 ملیاره بۆ چ مه‌به‌ستێك خه‌رجده‌كرێت.
ئه‌وه‌شى وت:"به‌وپێیه‌ى لێبڕین، پاشه‌كه‌وت، هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ى بۆ لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران په‌یڕه‌وده‌كرێت له‌سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه بڕیاریان له‌باره‌وه ده‌درێت، بۆیه نازانین ئایا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیار ده‌دات كۆى 200 ملیاره‌كه بۆ موچه بێت یان به‌شێكى له‌قه‌رزه‌كانى پێ ده‌داته‌وه".
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی، "ئه‌گه‌ربێت‌و مانگانه به‌غدا 200 ملیاره‌كه ڕه‌وانه بكات، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه بۆ موچه‌ى مانگى هه‌شت واته مانگى حه‌وت نا، حكومه‌ت ده‌توانێت لێبڕین له‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نه‌هێڵێت".
سه‌رچاوه باڵاكه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه قسه‌یكردو وتى:"بۆیه ده‌ڵێم ئه‌م مانگه نا، چونكه چه‌ند ڕۆژێكمان ماوه بۆ جه‌ژن‌و پشوه‌كان ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ربێت‌و له‌ڕۆژانى جه‌ژندا حكومه‌ت كۆببێته‌وه‌و بڕیار بدات، ئه‌وا پێموایه ده‌توانرێت له‌م مانگه‌شه‌وه گۆڕانكارى له‌میكانیزمى موچه‌ى مانگى حه‌وتدا بكه‌ن، به‌ڵام دڵنیام نایكه‌ن".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئاخۆ وه‌زاره‌تى دارایی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نییه بۆ گۆڕانكاریی له‌میكانیزمى دابه‌شكردنى موچه‌دا، سه‌رچاوه‌كه‌ى دارایی وتى:"ته‌نها ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیار ده‌دات، بۆ موچه‌ى مانگى حه‌وتیش هیچ بڕیار‌و ڕێنمایی‌و به‌رچاو ڕونیه‌ك نه‌هاتۆته وه‌زاره‌تى دارایی سه‌باره‌ت به‌وه‌ى لێبڕین یان ئه‌وه‌ى پێى ده‌ڵێن خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و داهاته‌ى له‌به‌رده‌سته چۆن‌و به‌چ شێوه‌یه‌ك بێت".
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، "به‌ڵام دڵنیایی ئه‌وه به‌فه‌رمانبه‌ران ده‌ده‌م، پاره‌ى پێویست له‌به‌رده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى له‌دواى جه‌ژن‌و پشوه‌كانى جه‌ژنه‌وه، ڕاسته‌وخۆ ده‌ست به‌دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى حه‌وت بكرێت، به‌ڵام پێموایه ئه‌م مانگه‌ش هه‌ر به‌لێبڕینى 21%وه موچه دابه‌شده‌كرێت".
ش.هـ