رووسیا سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-500 ی بەسەرکەوتوویی تاقیکردەوە

جیهان

21/07/2021‌ 655 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


وەزارەتی بەرگری رووسیا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو سیستەمی دژە ئاسمانی S-500 یان بۆ ئامانجێکی بالیستی زۆر خێرا لە گۆرەپانی راهێنانە سەربازییەکانی "کابۆستین یان" لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە تاقیکردۆتەوە.

لەبەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری روسیادا هاتووە: لە گۆرەپانی راهێنانە سەربازییەکانی "کابۆستین یان" لە باشووری رۆژهەڵاتی رووسیا، نوێترین سیستەمی دژە ئاسمانی رووسی لە جۆری S-500 لەدژی ئامانجێکی بالیستی زۆر خێرا تاقیکرایەوە، بەپێی ئامێرەکانی چاودێریی، مووشەکەکە توانیویەتی ئامانجەکەی بەسەرکەوتوویی بپێکرێت.

سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-500  لەلایەن کۆمپانیای "ئەڵماز ئەنتی"ی رووسییەوە درووست دەکرێت و مەبەست لێی تیکشکاندنی ئامانجە ئاسمانیی و گەردوونییەکانە، بەشێوەیەک لە مەودای 600 کیلۆمەتر ئانانجەکەی دەدۆزێتەوە و لەیەک کاتدا دەتوانێت رووبەڕووی 10 ئامانج ببێتەوە کە خێراییەکەیان 7 جار لەخێرایی دەنگ زیاتر بێت.

بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری رووسیا، سیستەمەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مووشەکە بالیستییە مەودا مامناوەند و مووشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکان و  ئەو مووشەکە کڕووزانەی کە خێراییەکەیان لەسەروو ٥ ماخەوەیە بەکاردێت، ئەوە جگە لە تیکشکاندنی فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مانگە دەستکردەکان کە لە خولگەی نزیک زەوی دەسووڕێنەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی