سۆشیالیزم پێش مارکس

مەلەفی تایبەت

26/07/2021‌ 780 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

خەڵکانێکی زۆر پێیان وایە کە کارل مارکس، داهێنەری فیکری چەپ یان سۆشیالیزمە، بەڵام لە راستییدا فیکری چەپ و سۆشیالیزم، مێژوویەکی ئێجگار دێرینی هەیە لە جیهاندا. بە واتایەکی تر، مێژووی فیکری چەپ لە مارکسەوە دەستپێناکات، بەڵکو بۆ قۆناغێکی ئێجگار دێرینی مێژووی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە. راستە دەتوانین مارکس بە داهێنەری کۆمۆنیزمی مۆدێرن دابنێین، بەڵام هەموو فیکرەیەکیش مێژوویەکی دێرینی هەیە.  

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم تیشکێک بخەمە سەر ئەو مێژووە دێرینەی فیکری چەپ و سۆشیالیزم بەتایبەتی لە ناو شارستانییەتە کۆنەکانی جیهاندا، هەروەها باسی بۆچوونی فەیلەسوفانی ئەوروپاش دەکەین کە لە پێش مارکس رەخنەیان لە سیستمی سەرمایەدارمی گرتووەو داوای دامەزارندنی سیستمی سۆشیالیستیان کردووە، ئەوانەی کە لە مێژووی سۆشیالیزمدا بە فەیلەسوفانی سۆشیالیزمی خەیاڵیی " یوتۆبی " دەناسرێن.

مێژوویەکی دێرین
با ئێمە سەرەتا بەو پرسیارە دەستپێبکەین و بڵێین، ئایا بۆچی بیری چەپ دروست بوو؟ ئەم پرسیارە گرنگە وەڵامەکەشی رێک وەکو نەخشەرێگەیەک دەبێت بۆمان و  لە رێگەی وەڵامی ئەم پرسیارەشەوە، بابەتەکەمان جوانتر بۆ روون دەبێتەوە. دەتوانین بڵێین لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکەمین شێوازی دەسەڵات و دەوڵەت، بیری چەپ و سۆشیالیزم دروست بووە. لەو کاتەی کە کۆمەڵگە دروستبووە،  دواتر دەسەڵاتی سیاسییش دروستبووە، کۆمەڵە کەسانێک  ویستوویانە لە رێگەی دەسەڵاتەوە، هەژموونی خۆیان بەسەر مرۆڤەکانی تردا بسەپێنن. لەگەڵ دروستبوونی دەسەڵاتیشدا، نایەکسانی و چەوساندنەوەو پاشان کۆیلایەتیش دروستبووە.  لەگەڵ دروستبوونی نایەکسانی و چەوساندنەوە و ناعەدالەتیش، خەبات لە دژی چەوسێنەران دروستبووە.  

لێرەدا جێگەی خۆیەتی، ئاماژە بە وتەیەکی رووناکبیری مەزنی عیراقی « د. عەلی وەردی» بکەم، کاتێک دەڵێت: (کاتێک مرۆڤ لەلایەن خەڵکی ترەوە چەوسایەوە و ئازادییان لێ زەوتکرد و مافیان خوارد، ئینجا دەنگی ناڕەزایی بەرزکردەوە و داوای یەکسانیی و ئازادیی  کرد. واتە هەتا مرۆڤ ئازاری نەچەشت، بیری لە ئازاری خەڵکی تر نەکردەوە و بیری بۆ خەباتکردن و بەرخودان لە دژی چەوساندنەوە نەکردۆتەوە).

لەگەڵ دروستبوونی کۆمەڵگەکان، کۆبوونەوەی خەڵکانێک زۆر و نیشتەجێبوونیان لە شوێنێکدا، شارستانی و دەسەڵات دروستبوو. لەم کۆبوونەوەیەشدا مرۆڤی جۆراجۆر دەرکەوت. مرۆڤی بەهێز چ لە رووی عەقڵەوە یان ماسوولکەوە، مرۆڤی لاوازیش چ لە رووی عەقڵیی و جەستەییەوە. ئەم جیاوازییەش رێگەی بۆ شتێکی تر خۆشکرد، کە ئەویش دابەشبوونی کۆمەڵگەکان  بوو  بەسەر بەهێز و لاوازەکان. هەموو کاتێکیش بەهێزەکان ویستویانە لە رێگەی هێزی عەقڵی و جەستەیی خۆیانەوە، مرۆڤە لاوازەکان  بچەوسێننەوە و هەژموونی خۆیان بەسەریاندا بسەپێنن.  هەرلێرەشەوە مرۆڤایەتی بەسەر دوو چیندا دابەشدەبێت. چینی چەوسێنەر و چینی چەوساوەکان.

لەسەردەمی زۆر کۆندا مرۆڤی کۆیلە و مرۆڤی ئازاد هەبوو. کۆیلەبوونی مرۆڤ چەندین سەدەی خایاندووە، هەندێکیش پێیان وایە هەتاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە. پاشان لەگەڵ دروستبوونی قۆناغی دەرەبەگایەتی « فییوداڵ»ی، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەسەر چینی ئاغا و دەرەبەگ، رەنجدەر و جووتیاران دابەشبووە. هەتاوەکو لە قۆناغی سەرمایەداری دەرەبەگایەتی لەناو دەبرێت و لەجیاتی ئەو چینی سەرمایەدار لەدایک دەبێت. لەبەرامبەر جووتیارانیش چینێکی نوێ پەیدا دەبێت، کە بە «پرۆلیتاریا، کرێکاران» ناودەبرێن. ئەم جۆرەی دوایینیان هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە.  
بوونی ئەم جیاوازییە یان ئەم نایەکسانییە، وای لە مرۆڤە چەوساوەکان کردووە کە هەمیشە خەبات لەپێناو ئازادیی و خۆشگوزەرانی و عەدالەتدا بکەن. ئەمەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بە چەندین فۆرم و سیمای تایبەت دەرکەوتووە.

شارستانییە کۆنەکانی جیهان (هیند، میزۆپۆتامیا، میسر، چین، ئێران، یۆنان) مەڵبەندی سەرەکی دەسەڵات بوون، لەهەمان کاتیشدا مەڵبەندی سەرەکی شۆڕش و خەباتی مرۆڤایەتیی بوون لە دژی چەوساندنەوە. هەر لێرەشەوە سەرەتاکانی بیری سۆشیالیزم سەریهەڵداوە.

لێرەدا هەوڵدەدەین بەخێرایی باس لەکۆمەڵێک رەوتی فکریی و سیاسی بکەین، کە لە شارستانییەتە کۆنەکاندا سەریان هەڵداوە و هەڵگری بیری یەکسانی یان سۆشیالیستی بوون.

بیری سۆشیالیزم لەهیندستانی کۆندا
هیندییەکان خاوەنی شارستانییەتێکی کۆنن،  ئەوان بە چوار سەدە پێش زایین، کاریان لەسەر فکرەی یەکسانی کۆمەڵایەتیی و سۆشیالیزم  کردووە بەتایبەتی لە کتێبی « کاوتیلیا» کە لە سەدەی چواری پ.ز نووسراوە.

لەم کتێبەدا هێرشی توند دەکرێتە سەر دەسەڵاتی سیاسی و ئایینیش، هەروەها بەتوندی دژی  فکری ئایین  و پیاوانی ئایینی دەوەستنەوە، هەروەها هێرشی توند دەکاتە سەر هەموو جۆرە کارێکی سیحر و جادووگەری.

کۆمۆنی سەربەخۆ یان گوندی سەربەخۆ (ئەشرام)
هەر لەدێر زەمانەوە لەهیندستان بەتایبەتی لەگوندەکاندا جۆرێک لەشێوازی حوکمڕانیان هەبوو کە پێی دەگوترێت « ئەشرام» کە وشەیەکی سانسکریتیی کۆنە و مانای  «سەربەخۆ»  دەگەیەنێت. لە گوندەکاندا جۆرێک لە شێوازی پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەبوو، کە تەواوی خێزان و ئەندامانی گوندەکە، هەموویان پێکەوە کاریان دەکرد و لە کار و چالاکیدا هاوبەش بوون، لەهەمانکاتیشدا لەرووی ئیداریشەوە بەشێوەیەکی ئازادانە و دیموکراسییانە، ئەنجومەنی گوند هەڵدەبژێرا و لەهەمانکاتیشدا ئەو ئەنجومەنە دەسەڵاتی ئەوەشی هەبوو کە حاکمی گوندەکان لە دەسەڵات لابەرێت و یەکێکی تر بچێتە جێگەی.

هەموو کاروبارێکی کۆمەڵایەتی،کشتوکاڵی، ئیداریی و ئابووری، بەشێوەیەکی ئاشتییانە و ئازادانە بەڕێوەدەبرا. ئەمەش لە زۆرێک لە کتێبە پیرۆزەکانی هیندۆسەکانیشدا، ئاماژە بەم شێوازە حوکمڕانییە کراوە.

هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەم شێوازەی حکومڕانییە لە هیندستان ماوە، هەروەها ئێستا بۆتە بەشێک لە رێورەسمی گروپی یۆگییەکانی هیندستان، واتە شێوەیەکی ئایینی بەخۆوە گرتتووە. لە هەمووشی گرنگتر گاندی لە کاتی خەباتی رزگاریخوازییدا، هەمیشە داکۆکی لەوە کردەوە کە پێویستە گرنگی زیاتر بە گوندەکان بدرێت شێوازی حکومڕانی «ئەشرام» گرنگی پێبدرێت، چونکە پێی وابوو کە خەڵكی لە گوندەکاندا بژین  باشترە تا شارەکان.

ئێرانی کۆن
هیندستان بەجێدەهێڵین‌و دەچینە ئێران، ئەم وڵاتەش مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی هەیە و ئیمپراتۆری مەزنی تێدابووە.  ئێرانی کۆن هێزێکی دەریایی و وشکانی مەزنی هەبووە. لەرووی ئابووریشەوە زیاتر کشتوکاڵ زاڵبووە بەسەر ژیانی ئابوورییدا، لەبەرئەوە ئێران بەسەر دوو چینی سەرەکی دابەشبووە:(جووتیار و دەرەبەگ) هەروەها  بەحوکمی ئەوەی ئێران شوێنێکی ستراتیژی هەبووە، لەبەرئەوە بازرگانیش تێیدا گەشەی سەندووە، ئەمەش وایکردووە کە چینێکی بازرگان و پیشەداریش هەبێت، بەڵام زۆر کەم بووە.

یەکەمین ئایینی سۆشیالیستی
لەئێران دەتوانین بڵێین یەکەمین ئایینی کۆمۆنیستی یان سۆشیالیستی پەیدابوو، کە ئەویش ئاینی «مەزدەکی» یە. ئەم ئایینە بە پێی زۆرێک لە سەرچاوە مێژووییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ پیاوێک ناوی «مەزدەک» بووە. ئەم ئایینە باوەڕی تەواوی بە یەکسانی و هاوبەشی لەنێو کۆمەڵگەدا هەبووە. پێیان وابووە کە پێویستە هەموو «سامان و موڵك و تەنانەت ژنیش» بەشێوەیەکی هاوبەش بەسەر خەڵكیدا دابەشبکرێت.

لەلایەکی تریشەوە دژی هەموو جۆرە موڵكداریی و جیاوازی چینایەتی بوون. مەزدەک کە خۆی جووتیارێکی هەژار بوو. باوەڕی بە   دوو پڕەنسیبی گشتی هەبووە:

یەکەم: چاکەو خراپە
دووەمیان: تاریکی و رووناکی

مەزدەک داکۆکی لەژیانی ئاشتیی  و پێکەوەژیان دەکرد، دژی هەموو بیرێکی شەڕەنگێزیی و جەنگ بووە. لەلایەکی تریشەوە دژی هەموو کارێکی خراپە بوون، هانی خەڵكیانداوە بۆ کاری چاکە.

لە ساڵی 488 پ.ز ، ئیمپراتۆری لاوی فارسی «قوبادی یەکەم» باوەڕی بەم ئایینە هێناو ئاینی مەزدەکی بوو بە ئاینی فەرمی هەموو ئیمپراتۆریەتی ئێران. بەمشێوەیە مایەوە، هەتا پاشان ئیمپراتۆر «کیسرا نەوشیروان» کۆتایی بەم ئیمپراتۆرییە دەهێنێت و ئەم ئایینەش لەناو دەبات.  

لە جیاتی ئایینی مەزدەکی، ئایینی زەردەشتی دەکاتە ئایینی رەسمیی وڵات. جێگەی ئاماژەیە ئەم ئایینە خاوەنی کتێبی تایبەت بە خۆیان بووە، کە پێی دەڵێن «مەزدەک نامە»  لەم کتێبەدا هەموو پڕەنسیب و بیروبۆچوونەکانی ئەم ئایینە لە خۆدەگرێت.

زۆرێک لە مێژوونووسان و لێکۆلەرەوانی بواری سۆشیالیزم،  ئایینی مەزدەکی، بە یەکەمین ئایینی سۆشیالیستی دادەنێن، چونکە ئەو بیروبۆچوونانەی کە ئەم ئایینە داوای دەکرد، ئەمڕۆ دەچێتە قاڵبی بیری سۆشیالیزمەوە. ئەوان دژی موڵکداری بوون، داوای یەکسانیی و عەدالەتیان دەکرد، دژی جەنگ بوون داوای ئاشتیان دەکرد، دژی چەوساندنەوەی مرۆڤەکان لەلایەن مرۆڤانی ترەوە بوون، هەموو ئەمانەش، بە پایەی سەرەکی بیری سۆشیالیزمی مۆدێرن هەژمار دەکرێن.

میسری کۆن
میسر بە یەکێک لە شارستانییە دێریینەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت. لەبەرئەوە ناچارین کەمێکیش باسی ژیانی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتە بکەین، چونکە کاریگەریی زۆری هەبووە بەسەر قۆناغەکانی دواترەوە.

دیارە لە میسر فیرعەونەکان حوکمی ئەو وڵاتەیان دەکرد. فیرعەون تەنها پادشا نەبوون، بەڵکو خۆشی بە خودای سەر زەوی دادەنا. لەبەرئەوە فیرعەون خۆی بە خاوەنی هەموو خاک خەڵک و زەوی و زارێکی کشتوکاڵی   زانیووە. لە میسری کۆندا جووتیارەکان کۆیلە نەبوون بەڵکو ئازاد بوون، بەڵام بەبێ مۆڵەتی حکومەت، جووتیارەکان نەیاندەتوانی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بچن، واتە لە سەفەرکردن و گواستنەوەدا ئازاد نەبوون.

لەلایەکی تریشەوە جووتیارەکان ناچارکرابوون، کە زۆرترین بەرهەمی کشتووکاڵی خۆیان، بۆ دەوڵەت دابنێن، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەسەرەتای باجی حکومی دادەنرێت.

بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، کە لە میسری کۆندا، یەکەمین شێوەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی هاتۆتە کایەوە. لە میسری کۆندا، دەوڵەت خاوەنی هەموو کانەکان بوون، ئەوانەی کانزایان دروست دەکرد. هەروەها دەوڵەت خاوەنی کارگەی دروستکردنی « رۆن» بوو، پاشان بەرهەمەکەی بە کۆمەڵێک لە وەکیلەکانی دەفرۆشتەوە.

لەلایەکی تریشەوە دەوڵەت خۆی بازرگانی دەرەکی و ناوخۆیی دەکرد، رێگەشی لە کێبڕکێی دەرەکی دەگرت، ئەویش لە رێگەی گومرگی بەرزەوە.

لەلایەکی ترەوە سیستمی ئاودێری لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرا، ئەمەش وایدەکرد کە زۆرجار لەکاتی لافاودا، کاری زۆرەملێ بە خەڵكی بکات.

بە واتایەکی تر دەوڵەتی میسری کۆن، هەموو جومگە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتی خستبووە ژێر رکێفی خۆیەوە. واتە میسرییە کۆنەکان زۆر پێشتر بیریان لە کۆنترۆڵکردنی ژیانی ئابووریی و سیاسیی وڵات کردۆتەوە. ئەم جۆرە سیستمەش پاشتر ناویان لێنا «سەرمایەداریی دەوڵەتی»  کە زیاتر ئەو جۆرە حوکمدارییە بوو کە لە یەکێتی سۆڤێت و وڵاتانی بلۆکی خۆرهەڵات بەڕێوە دەچوو.

چین
چین بە یەکێک لە کۆنترین شارستانییەکانی جیهان دادەنرێت. هەر وەختێک بمانەوێت لە مێژووی هزری جیهانی بکۆڵینەوە، ناچاردەبین بگەڕێینەوە بۆ سەر ئەم وڵاتە.

یەکەمین فەرمانڕەوایی لە چین. مێژووی  دەگەڕێتەوە بۆ 2200 پ.ز هەتا 1800 پ.ز. واتە نزیکەی 400 ساڵ حوکمداریان کردووە. 17 پادشا یەک لەدوای یەک ، حوکمیان کردووە.

ئەم فەرمانڕەوایەتییە، سنوورێکی دەریایی گەورەی هەبووە، واتە هێزێکی کەشتیگەلی بەهێزی هەبووە، لەهەمانکاتیشدا سنوورێکی وشکانی زۆری هەبووە. لە رووی ئابوورییەوە، کشتوکاڵ سیمای گشتی زۆربەی فەرمانڕەواکانی چین بووە. لەهەمانکاتیشدا، پیشەوەریی بەتایبەتی لە رووی پیشەشازیی دەرهێنان و بەکارهێنانی کانزاکان بەتایبەتی « ئاسن و ئاڵتون و زیو» بوونی هەبووە.  هەروەها بازرگانیش بەتایبەتی ناوخۆیی، کەمێک لە ژیانی ئابووریدا رۆڵی گێڕاوەو خەڵکانێکی بازرگان هەبوون.

بەحوکمی بوونی کشتوکاڵ، چینی جووتیاران و دەرەبەگەکان هەبووە، هەمیشە دەرەبەگەکانی چینیش، زۆر دڵڕەقانە مامەڵەیان لەگەڵ جووتیارەکان کردووە. بە واتایەکی تر ناعەدالەتی سیمای سەرەکی زۆربەی فەرمانڕەواکانی چین بووە. هەرلەبەرئەوەشە، هەمیشە شۆڕش و جەنگی خوێناوی لەنێوان جووتیاران و دەرەبەگەکان بەرپابووەو کۆمەڵێک رەوتی فکریی و ئایینی پەیدابووە کە داوای یەکسانی و ئاشتی و عەدالەت  و حوکمڕانی باش کردووە لە پێش هەمووشیانەوە کۆنفۆشیوز.

کۆنفۆشیوز
کۆنفۆشیوز لەزمانی کۆنی چینیدا مانای «مامۆستا کۆنگ» دەگەیەنێت. کۆنگ لە ساڵی 551 پ.ز لەدایک بووە، لە ساڵی 470 پ.ز کۆچی دواییکردووە. پەیامی سەرەکی کۆنفۆشی ئەوەبووە، کە هانی خەڵكی بدات کە خۆیان لە « خۆپەرستی، موڵکداری» دووربخەنەوە.

کۆنفۆشیوز دەڵێت:
ئەگەر لەجیهاندا پڕەنسیبی مەزن کە خۆی لە ئەخلاقە مەزنەکان دەبینێتەوە، بەرقەرار بێت، ئەوا هەموو جیهان دەبێتە یەک دەوڵەت. ئەگەر خەڵكی توانی کەسانی خاوەن ئەخلاقی بەرز و بەتوانا بکاتە فەرمانڕەوای خۆیی و کار بۆ دروستبوونی حکومەتێکی چاکەخواز بکەن، لەهەمانکاتیشدا کار بۆ بڵاوبوونەوەی بیری ئاشتیی پارێزی بکەن، ئەو کاتە منداڵەکان تەنها چاویان لە باوکی خۆیان نابێت، هەروەها باوکەکانیش تەنها چاویان لە منداڵی خۆیان نابێت، بەڵکە منداڵەکان کار بۆ ئەوە دەکەن کە یارمەتی هەموو کەسێکی بەتەمەن بددەن و یارمەتی منداڵەکان دەدەن و بەخێویان دەکەن. هەروەها  ژیان بۆ بێوەژن و منداڵە  بێ باوکان  و نەخۆشەکان دابین دەکەن. بەم شێوەیەش کۆتایی بە خۆپەرستی دەهێنرێت و لەهەمانکاتیشدا کۆتایی بە دزین و خیانەت و ساختەچێتی دەهێنرێت.

واتە کۆنفۆشیۆز، یەکەمین کەس بووە کە داوای سیستمێکی سۆشیالی کردووە. خزمەتکردنی خەڵکانی « بەتەمەن، نەخۆش، منداڵ»  بە کۆڵەکەی ئەو سیستمە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە دادەنرێت، کە مارکس و ئەنجلس لە مانفێستی کۆمۆنیزمدا باسی لێوە دەکەن.

خوێندکارانی کۆنفۆشیوز
هەر لەپاش کۆنفۆشیوز، یەکێک لە خوێندکارەکانی پەرەی زیاتر بە بیری سۆشیالیزمی دەدات ، ئەویش « مودی» بووە. مودی دەڵێت:

خۆشەویستی گشتی، تاکە چارەسەرە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان. گەر خۆشەویستی بەسەر هەموو جیهاندا زاڵ بێت، ئەوا ئەو کاتە کۆمارێکی چاکەخوازی « فاچله‌» دروست دەبێت، کە تێیدا بەهێزەکان پەلاماری لاوازەکان نادەن، زۆرینە پەلاماری کەمینەکان نادەن، دەوڵەمەندەکانیش ناچن هەژارەکان بچەوسێننەوە، گەورەکانیش بچووکەکان خراپ ناکەن، زیرەکەکانیش، کەسە سادەکان هەڵناخەڵەتێنن.

هەروەها زۆر دژی خۆپەرستی بووە، بۆیە لەوبارەیەوە دەڵێت:
(هەموو سەرچاوەی خراپەکارییەک دەگەڕێتەوە بۆ خۆپەرستی، هەر ئەم خۆپەرستییەیە کە  هەستی موڵکداری لەناو منداڵان دەچێتنێت، هەر ئەمەشە وا لە ئیمپراتۆرەکان دەکات کە پەلاماری وڵاتانی تر بدەن و داگیریان بکەن)

لەلایەکی ترەوە مودی زۆر دژی گەندەڵی و دەسەڵاتی ستەمکار وەستاوەتەوە، هەروەک خۆی دەڵێت :
«ئەگەر کەسێک بەرازێک بدزێت ئەوا خەڵکی بە توندترین شێوە سزای دەدەن، بەڵام ئەگەر کەسێک خۆی بکاتە دەسەڵاتداری وڵاتەکە و خەڵکەکەی بچەوسێنێتەوە، ئەوا لەچاوی خەڵکەکەوە، وەکو پاڵەوانێکی مەزن سەیر دەکرێت و  لەهەمانکاتیشدا وەکو نموونەیەکی باش بۆ نەوەکانی تری دادەنێن».

خوێندکارێکی تری کۆنفۆشیوز ناوی « مانگ کو» بوو، ئەو پێی وابوو، کە هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکانی سروشتی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی گەندەڵی سیاسی. بە بڕوای مانگ کو حکومەتێکی چاکەخواز، هێرش ناکاتە سەر درواسێکانی، بەڵکو جەنگ لە دژی « هەژاریی و جەهل» دەکات، چونکە هەژاریی و جەهل، هۆکاری سەرەکی هەموو تاوانێک و ئاژاوە و شەڕێکن. لەبەرئەوە پێویستە لەسەر دەوڵەت، کە خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانی دابین بکات.

هەرلەبەئەوە پێویستە حکومەت نەخشەی ئابووری بەهێز دابنێت، بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بهێنێتەدی « واتە خۆشگوزارەنی بۆ هاووڵاتییانی». هەروەها داوای ئەوەی دەکرد، کە دەوڵەت پێویستە باجی زۆر لە دەرەبەگەکان بستێنێت، هەروەها پێویستە دەوڵەت پشتگیریی پێشکەوتن و شارستانی بکات. لە هەمووی گرنگتر ئەم حەکیمەی چین، داوای دەکرد خوێندن بکرێتە شتێکی زۆرەملێ و هەموو دانیشتوانی وڵات فێری خوێندن و نووسین بکرێن.

لای مانگ کو باشترین کەس کە دەبێت خەڵكی بیکاتە حاکمی خۆی، ئەو کەسانەن کە رۆشنبیر و خوێندەوارن. هەروەها  شۆڕشکردنی گەلانی لە دژی دەسەڵاتی ستەمکار بە مافێکی سروشتی دادەنا. لەهەمان کاتیشدا زۆر دژی شەڕەنگێزیی و پەلاماری دەوڵەتانی تری لاواز بووە، چونکە ئەو پێی وابوو ئەم جەنگانە، تاوانی گەورەن  و هیچ جۆرە جەنگێکی دەوڵەتیش  عادیل نییە.  

یۆنان
ئاسیا جێدەهێڵین و بەرەو ئەوروپا دەڕۆین بۆ یۆنانی کۆن، کە بە یەکێک لە شارستانییە گرنگ و پڕ بایەخەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت. لێرەوە بەشێکی زۆری فیکر و زانست و فەلسەفەی ئەوروپا لەدایک بوو. هەتا ئەمڕۆش، ئەوروپا و جیهانیش سوپاسگوزاری ئەم شارستانییە مەزنەیە.

لێرەش کۆمەڵێک فەیلەسوفی مەزنی ئەم وڵاتە، قسەیان لەبارەی یەکسانی کۆمەڵایەتی و دژایەتییکردنی زوڵم و  هەژاریی و چەوسانەوە کردووە. لەپێش هەمووشیانەوە فیساگۆرس و ئەفلاتون.

فیساگۆرس
فیساگۆرس بە یەکێك لە  فەیلەسوفە ناسراوەکانی یۆنان و جیهان دادەنرێت. چ لە رووی زانستییەوە بەتایبەتی « ماتماتیک» چ لە رووی سیاسی و فکرییەوە، جێ پەنچەی خۆی دیارە. فیساگۆرس لە ساڵی ( 570 ی پێش زایین ) لە دوورگەی ساموس لە  یۆنان لەدایک بووە، لە ساڵی 510 پێش زایین لە باشووری ئیتالیا کۆچی دواییکردووە. فیساگۆرس پاش ئەوەی لە تەمەنی لاویدا لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی یۆنان کێشەی دەبێت، یۆنان بەجێدەهێڵێت و دەچێتە باشووری ئیتالیا لەوێندەر یەکەمین قوتابخانەی فیکری خۆی دادەمەزرێنێت. ئەو یەکەمین کەس بوو کە داوای هەلی گونجاو و یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاوان  کردووە. لە قوتابخانەکەیدا کە پاشتر بە کۆمەڵگەی فیساگۆرسی ناوزەدکرا، سیستمێکی تەواو سۆشیالیستییانەی دامەزارندبوو. دەبوایە کوڕان و کچان  پێکەوە کاریان بکردایەوە بەرهەمەکانیان بە یەکسانی بەسەر یەکدا دابەش بکردایە. دەبوایە پێکەوە تەنها کار بۆ شتی چاکە بکەن و فێری زانستەکانی «فەلسەفە، ماتماتیک» پاشان پێکەوە فێری موزیک و وەرزش بوونایە.

هەروەها لەسەر قوتابییەکانی پێویست بوو، کە نابێت ئازاری هیچ ئاژەڵێک بدەن کە ئازاری مرۆڤ نادات، نابێت هیچ رووەکێک بسووتێنن یان ئازاری بدەن. دەبوایە هەموویان جلوبەرگی ئاسایی و سادەیان لەبەردابوایە. دیارە فیساگۆرس خۆی، نموونەی کەسێکی خاکی بوو. زۆرجاریش کۆمەڵی فیساگۆرس بە یەکەمین کۆمەڵی «ژینگەپارێزی» ناودەبرێت.

لەلایەکی ترەوە فیساگۆرس کۆمەڵگەیەکی دروستکردبوو، کە دوور بوو لە جیاوازی چینایەتی و تەنانەت نەتەوەییش.

فیساگۆرس دەڵێت:( ئەو ئازارەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە ئاژەڵەکان دەیکات، پاشتر هەمان ئازار رووبەڕووی خۆی دەبێتەوە).

ئەفلاتون
ئەفلاتون یان وەکو ئەوروپییەکان پێی دەڵێن پلاتۆPlatonبە یەکێک لە باوکەکانی فەلسەفەی ئەوروپی و جیهان دادەنرێت. ئەفلاتون لە ساڵی 428 پ.ز. لە ئەسینا لەدایک بووە، ساڵی 348 لە ئەسینا کۆچی دواییکردووە. ئەفلاتون یەکەمین کەس بووە، کە خەیاڵی بۆ کۆمارێک یان دەوڵەتێکی دادپەروەر و یەکسان چووە. ئەمەش لە کتێبە ناودارەکەی « کۆمار» بە جوانی دەردەکەوێت. ئەفلاتون لەم کتێبەیدا باس لە دادپەروەریی و یەکسانی دەکات. راستە بەشێکی زۆری کتێبەی لەگەڵ سۆشیالیزم نایەتەوە بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندیی بە مافی کۆیلەکان و بێگانەکانەوە هەیە، بەڵام بەشێکی گرنگی ئەم کتێبە باس لە زۆر شت کراوە کە نزیکە لە بیری شۆشیالیزم.

ئەفلاتون لەبەشی شەشەمی کتێبەکەیدا دەڵێت:(پێویستە هەموو شتێک لە نێوان هاوڕێکاندا هاوبەش بێت، ئەمە ژن و منداڵیش دەگرێتەوە.)

لەلایەکی تریشەوە ئەفلاتون دژی دەوڵەمەندەکان بوو، چونکە ئەوان بەهای هەموو شتەکانیان بە چەمکی خۆیان دەپێوا.

لەکۆمارەکەی ئەفلاتوندا، دەبوایە هاووڵاتییان یان ئەندامانی ئەم کۆمارە، هیچ کامیان نابێت خاوەنی زەوی یان موڵكێک بن، کە لە پێداویستی خۆی زیاترە. لەلایەکی ترەوە هەموویان لە رووی جلوبەرگ و خواردن و خواردنەوە هاوبەشن و نابێت هیچ جیاوازییەکیان هەبێت، پێویستە هەموویان برای یەکتری بن، ئەمەش وایان لێدەکات کە هەموویان یەکتریان خۆشبوێت و نەهێڵێت دیکتاتۆرێک دروست بێت.

لەلایەکی تریشەوە ئەفلاتون پێش مارکس و لینین، یەکەمین کەس بووە کە داوای ئازادیی سێکسی بۆ ژنان کردووە و دژی خێزانی تایبەت بووە. ئەفلاتون پێی وابوو نابێت  ژنێک تەنها لەگەڵ پیاوێکدا بێت و ببێتە کۆیلەی تایبەت بەو، بەڵکو پێی وابووە کە ژنانیش بۆ هەموو پیاوانی تر هاوبەش بن. دیارە لێرەدا زیاتر بەرەو ئەوەدەچێت ، کە ژنان خۆیان خاوەنی جەستەی خۆیان بن.

لەلایەکی تریشەوە ئەفلاتون، دژی ئەوەبوو کە چینێک لەسەر حسابی چینەکانی تر خۆش بژیی و لەپێناو خۆشی خۆیدا، ژیانی چینەکانی تر ناخۆش بکات و بیانکاتە قوربانی خۆشی خۆی. لەلایەکی ترەوە ئەو پێناسەیەکی تری بۆ دەوڵەمەندی کرد، ئەو پێی وابوو کە دەوڵەمەند ئەو کەسە نییە کە خاوەنی ئاڵتوونی زۆرە، بەڵکو ئەو کەسەیە کە خاوەنی حیکمەت و فەزیلەتە.

بەگشتی دەتوانین بڵێین ئەفلاتون یەکەمین کەس بوو، کە بیری بۆ دروستکردنی کۆمارێک یان بەهەشتێک دەکردەوە لەسەر زەوی. بەهەشتێک کە مرۆڤەکان یەکتری نەچەوسێننەوە برای یەکتری بن.

بەڵام کێشەی ئەفلاتون و پێشتریش فیساگۆر ئەوەبووە، کە ئەمان هێشتا باوەڕیان بە مافی مرۆڤ بوون و یەکسانی لەگەڵ « بەربەر، کۆیلەکان « نەبووە. « بەربەر» بەو کەسانە دەوترا کە خەڵكی دەرەوەی ئەسینا بوون. کۆیلەکانیش ئەوانە بوون کە کرابوونە کۆیلە. دیارە لەو کاتەدا لە ئەسینای کۆن کۆمەڵگە بەسەر چەند چینێکدا دابەشکرابوون کە ئەوانیش: دەوڵەمەند، جەنگاوەرەکان، پیاوی ئازاد، کۆیلە، بەربەر، ژن و منداڵ. ئەو فیکرانەی ئەفلاتون، بەربەر و کۆیلەکانی نەدەگرتەوە، ئەمەش خەوشێکی گەورە بوو لە تێڕوانینی ئەم کەڵە فەیلەسوفە.

هەر لە یۆنانی کۆن دەمێنینەوە، دەچینە لای فەیلەسوفێكی ناسراوی تریان کە ئەویش ئەرستۆیە.

ئەرستۆ
ئەرستۆ لە ساڵی 384  پێش زایین لەدایک بووەو لە ساڵی 322 پێش زایین کۆچی دواییکردووە.  ئەرستۆش بە یەکێک لەباوکە مەزنەکانی فەلسەفەی یۆنانی و ئەوروپی و جیهانیش دادەنرێت.  

لەساڵی 393 پ.ز. ئەرستۆ  شانۆیەکی بەناوی « ئەکلزیازویسی/ Eclesiazusaeلەم شانۆگەریەدا ژنێک بەناوی « براکساگورا» دەڵێت:

دەمەوێت خەڵکی لە هەموو شتێکدا بەشی خۆیان هەبێت، هەروەها  موڵکداریی هاوبەش بێت، لەمڕۆ بەدواوە چیتر شتێک نامێنێت ناوی دەوڵەمەند یان هەژار بێت، چیتر کەسێک نابینین، کە هەموو بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان بۆ خۆی بەرێت و خاوەنی زەویوزارێکی زۆری کشتوکاڵی بێت و لە پەناشیدا خەڵکانی تر خاوەنی هیچ نەبن. من کار بۆ ئەوە دەکەم کە هەموو شتێک هاوبەش بێت، زەوی، ئاو و هەموو موڵكێکی تایبەتی دەبێت بەشێوەیەکی هاوبەش بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت.ژنانیش تەنها موڵکی یەک پیاو نابن، بەڵکو بۆ هەموویان هاوبەش و موڵكی هەموویانن».

هەرچەندە ئەرستۆ لە رووی فکرییەوە  ناچێتە قاڵبی فەیلەسوفانی سۆشیالیستییەوە، ئەو زیاتر کاری لەسەر ئازادیی و گەشەسەندنی زانست دەکرد،  بەڵام لە بەشێک لە کارەکانیدا، داوای یەکسانی کۆمەڵایەتیی و دژایەتی خەڵکی دەوڵەمەند و چەوساندنەوەی  مرۆڤەکانی کردووە.

بەدڵنیاییەوە فەیلەسوفانی یۆنان، رۆڵی بەرچاویان هەبوو بۆ گەشەسەندنی فیکری سۆشیالیزم، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە مێژووی چەپدا بە فەیلەسوفانی سۆشیالیزمی خەیاڵیی دەناسرێن.

فەیلەسوفانی سۆشیالیزمی خەیاڵی" یوتۆبی"
لەپێش مارکس کۆمەڵێک بیرمەند و فەیلەسوفی گەورەی ئەوروپا بیریان لە نەهێشتنی سیستمی سەرمایەداریی و دروستکردنی سیستمێکی سۆشیالیستی کردتۆتەوە. ئەمانە لە مێژووی فکری سۆشیالیزمدا بە فەیلەسووفانی خەیاڵیی یان یوتۆبی دەناسرێن.  هەروەها زۆر لەپێش مارکسیش دەستیان بە رەخنەگرتن لە سیستمی سەرمایەداریی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی کردووە. لێرەدا هەوڵ دەدەین کورتەیەک باسی ئەو بیرمەندانە بکەین.

تۆماس مۆر
تۆماس مۆر نووسەر و زانا و سیاسەتمەدای ئینگلیزی لە ساڵی 1478 لەدایک بووە و ساڵی 1535 کۆچی دواییکردووە. ئەم زانا ئینگلیزییە بە باوکی سۆشیالیزمی خەیاڵی «یوتۆبی، تۆباوی» دادەنرێت. ساڵی 1510 کتێبێک بەناونیشانی «یوتۆبیا» دەنووسێت. ئەم کتێبە باسی دوورگەیەک دەکات کە دەتوانین بڵێین وەکو « کۆمارە خەیاڵاوییەکەی ئەفلاتون وایە» . تۆماس مور سەرەتای کتێبەکەی بە رەخنەی توند لە سیستمی سیاسی  و ئابووریی ئینگلتەرا دەستپێدەکات، کە چۆن نایەکسانی و ناعەدالەتی و هەژاریی بڵاوبۆتەوە، هەروەها زۆر دژی دەوڵەمەند  و بازرگانەکان دەوەستێتەوە. دواتریش باسی دوورگەیەکی خەیاڵی دەکات، کە تێیدا هەموو ئەندامانی ئەو دوورگەیە بەشێوەیەکی ئاشتییانە ژیان بەسەر دەبەن و کەس زوڵم لە کەس ناکات و یەکسانیی و دادپەروەریی بەسەر دوورگەکەدا زاڵە، سیستمێکی ئاشتیی و ئازادیی هەیە و خەڵکی بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بەشدارن لە هەموو بڕیارێکی سیاسیی و ئابووریی و ئیداری دوورگەکە، کە ئەمەش دەتوانین بەسەرەتای دروستبوونی سیستمی سۆشیالیستی دابنێین.

هنری سان سیمۆن
فەیلەسوفی فەرەنسی سان سیمۆن لە ساڵی 1760 لەدایک بووە و لە ساڵی 1825 کۆچی دواییکردووە. ئەویش بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی فکری سۆشیالیزمی خەیاڵی دادەنرێت. سان سیمۆن دژی ناعەدالەتیی و هەژاریی و جەنگ بوو. لەهەمانکاتیشدا  باوەڕی تەواوی بە فیکر و هۆشیاریی هەبوو، ئەو داوای کۆمەڵگەیەکی دەکرد، کە هەموو مرۆڤەکان دوور لە چەوساندنەوەو زوڵم و ستەم بژین، کۆمەڵگەیەک کە کۆتایی بە هەژاریی و برسێتی و بێکاریی و فەوزا بهێنێت. لە هەمانکاتیشدا ئەو باوەڕی وابووە کە سیستمێکی سیاسی دروست بێت  کە لە سێ ئەنجومەن پێکبێت و ئەو ئیدارەی کۆمەڵگە و دەوڵەت بکات، ئەو ئەنجومەنانەش بریتی بوون لە:
-1ئەنجومەنی داهێنەران.
-2ئەنجومەنی لێکۆلەران.
-3ئەنجومەنی جێبەجێکاران.

پێیوابوو ئەمانە دەبنە دەسەڵاتی باڵا و دەبێت ئەمانە کۆمەڵگە بەڕێوەببەن، هەموو ئەمانیش بەشێوەیەکی ئازاد لەناو کۆمەڵگەدا هەڵدەبژێرێن.

شارل فۆریە
بیرمەند و فەیلەسووفێکی تری فەرەنسی  شارل فۆریە یە  لە ساڵی 1772 لەدایک بووە و لەساڵی 1837 کۆچی دواییکردووە. دەتوانین فۆریەش بە یەکێک لە باوکەکانی سۆشیالیزم دابنێین، ئەو باوەڕی تەواوی بە کۆمەڵگەیەکی یەکسان هەبوو، داواشی دەکرد کە کۆمەڵگەی بچووک یان کۆڵۆنیای بچووک دروستبکرێت، کە هەموو مرۆڤەکان پێکەوە کار بکەن و کار و بەرهەم بەشێوەیەکی یەکسان بە سەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا دابەش بکرێت، هەربۆیە زۆرجار مێژوونووسان فۆریە بە باوکی « کۆمەڵەی هەرەوەزی»دادەنێن کە زیاتر لە یەکێتی سۆڤێتدا باوی هەبوو ئەوان ناوی «کۆلخۆز»یان لێنابوو.

رۆبێرت ئۆین
رۆبێرت ئۆین بیرمەند و نووسەر و بازرگانێکی دیاری هەرێمی ویڵزی بەریتانیا بوو، لە ساڵی 1771 لەدایک بووە و لە ساڵی 1858 کۆچی دواییکردووە. ئەمیش بە یەکێک لە دامەزرێنەر و باوکەکانی سۆشیالیزم دادەنرێت. ئۆین پێی وابوو کە مرۆڤ نە چاکەخوازە، نە شەڕەنگێزە، بەڵکە مرۆڤ بەرهەمی ئەو کەشوهەوا و دەوروبەرەیە کە تێیدا دەژیی. باوەڕێکی تەواوی بە چاکسازیی و گۆڕانکاریی کۆمەڵگەکان هەبوو، لەهەمانکاتیشدا رەخنەی توندی لە سیستمی سەرمایەداریی هەبوو، بە سەرچاوەی  ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی و هەژاریی و برسێتی دادەنا.

ئۆین باوەڕی بە کۆمەڵگەیەکی یەکسان هەبوو کە هەموو مرۆڤەکان پێکەوە بەئاشتییانە بژین. ئەمیش وەکو ئەفلاتون باوەڕی بە کۆمارێکی خەیاڵی هەبوو. بەڵام ئەم توانی  بە پارەی خۆی لە ساڵی 1825  ئەمریکا لە ویلایەتی ئیندیانا، کۆڵۆنیاییەکی بچووک دروستبکات و ناوی لێنابوو « نیوهارمۆنی» کە نزیکەی 3 هەزار کەس تێیدا دەژیان، لەم کۆڵۆنیایەدا، مرۆڤەکان پێکەوە کاریان دەکرد و دەژیان بەشداریی چالاکی کۆمەڵایەتیی و ئابووریان دەکرد. ئۆین پێی وابوو، کە دەبێت هەموو هۆکارەکانی بەرهەمهێنان ببێتە موڵکی گشتی و ئەندامانی کۆمەڵگە بەشداربن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و سوودمەندیش بن لەو بەرهەمە و بەکاریبهێنن. ئەمەش بە بنەمای سەرەکی کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم دادەنرێت.  لەلایەکی ترەوە ئۆین باوەڕی تەواوی بە نەمان و فەوتاندنی سیستمی سەرمایەداری هەبوو، چونکە پێی وابوو کە ئەم سیستمە لەگەڵ کرۆکی  مرۆڤدا نایەتەوە و دژی مرۆڤایەتییە، هەربۆیە  داوای گۆڕینی ئەم سیستمەی دەکرد  بۆ سیستمی سۆشیالیستی.

پێش کۆتایی
دیارە لە هەموو شارستانییە کۆنەکاندا، بیری یەکسانی کۆمەڵایەتی و دژایەتییکردنی دەسەڵاتی ستەمکار  هەبووە، لەهەمانکاتیشدا  شۆڕش و خەبات لەپێناوی ئازادیدا کراوە. هەموو ئەمانەش بوونەتە پاشخانێکی زۆر پتەو، بۆئەوەی هزری کۆمۆنیستی لە سەدەی نۆزدە و بیستدا لەدایک بێت. هەروەها فەیلەسوفانی پێش مارکس بەتایبەتی ئەوانەی کە لە مێژووی سۆشیالیزمدا بە «فەیلەسوفانی سۆشیالیزمی خەیاڵیی، یوتۆبی» دەناسرێن،  رۆڵێکی ئێجگار گەورەیان هەبوو لە  پێشخستنی بیری چەپ و سۆشیالیستی، چونکە ئەوان بوون سەرەتا دەستیان بە رەخنەگرتن لە سیستمی سەرمایەداری گرت و داوای سیستمێکی نوێیان دەکرد، کە لەسەر بنەمای ئازادیی و  یەکسانیی و پێکەوەژیانی مرۆڤەکان بکاتەوە. لەهەمانکاتیشدا  داوای نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی دەکرد. خەبات و تێکۆشانی ئەمانیش، بووە هەوێنێکی باش بۆ لەدایکبوونی بیری کۆمۆنیستی مۆدێرن لەسەر دەستی کارل مارکس و فریدریک ئەنگڵس.

سەرچاوەکان:
1.      ThiloRamm. Der Fruehsozialismus.Verlag: Alfred Kroner. Stittgart.1956
2.      پۆل ستراترن ئەفلاتون. وەرگێرانی : کامەران حەسەن. چاپی یەکەم. دەزگای موکریان. ساڵی 2008.
3.      ئەفلاتون. کۆمار. وەرگێرانی: سۆران عومەر. ڕێبوار قارەمانی. مەهدی حەسەن چۆمانی. دەزگای وەرگێران. چاپی یەکەم. 2006.
4.      نذیر جزماني. الاشتراکیة و الشیوعیة من 500 قبل میلاد  ألی ما قبل مارکس. دار الکنوز الادبیة. بیروت . 2000.
5.      ئەردەڵان عەبدوڵڵا. چین زلهێزی نوێی جیهان. چاپی دووەم. ناوەندی رەهەند بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. سلێمانی. 2019
6.      د.علی الوردی. دراسة في طبیعة المجتمع العراقي. انتشارات الکتبة الحیدریة . 1996.
7.      الدکتور محمد اسماعیل الندوي. الهند القدیمة. حضارتها و دیاناتها.الطبعة الاولی. دار الشعب. 1970.