دوو تاڵەبانیەکە چۆن دەسەڵاتەکانی کۆشکیان دابەشکردوە

کوردستان

27/07/2021‌ 5722 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمە ناو نیشانی راپۆرتێکە لە یەکێک لە میدیا جیهانیەکان لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و نێوان هەردوو هاوسەرۆکی ئەو حزبە.

ململانێ نێوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە لە ٨ی تەموزەوە بەدەر کەوتن و هەندێک بە کودەتا و هەندێک بە چاکسازیی ناویانبرد، سنوری میدیا لۆکاڵییەکانی تێپەڕاند و چووە سەر ڕوپەڕی گۆڤار و ڕۆژنامە ناوچەیی و جیهانیەکان، لەو چوارچێوەیەشدا گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست-ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا کۆمەڵێک شیکردنەوەی بۆ دۆخی ئێستای یەکێتی و ململانێکانی ناو ئەو حزبە ئاشکراکردووە.

گۆڤارە ئەمریکییەکە کە راپۆرتەکەی لە ژێر ناوی "گەمەی تەختە پادشاییەکان لە هەرێمی کوردستان" بڵاوکردوەتەوە، ناوەکە لە درامای گەمەی تەختە پادشاییەکانەوە وەرگیراوە، بەگوێرەی ئەو درامایە شەری ناوخۆیی خانەوادە پایەبەرزەکان لەسەر تەختی ئاسنینی حەوت شانشینەکە دروستدەبێت، راپۆرتەکە جوڵە سیاسیەکانی ئەم دواییەی نێو یەکێتی چواندوە بە ئەو گەمانەی کە لە تەختی پاشاییدا ڕودەدەن. بزانین ئەو گەمەیەی لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا لە ژێر ڕۆشنایی راپۆرتی گۆڤارەکەدا لەسەر تەختی کام پادشا بوو؟

بەگوێرەی راپۆرتی ناشناڵ ئینترێست، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەندە بە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتیەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەرکردەیەکی کاریزمیی لەنێو یەکێتی، ئێستا دۆخێکی پڕ لە ئاژاوە لەنێو ئەو حزبەدا هەیە و باڵانسی هێز لە نێوان ئەوهەردوو حزبی فەرمانرەوادا هاتۆتە ئاراوە و هاوکێشەکە لاسەنگە بە لای پارتیدا.

راپۆرتەکە نوسیویەتی نا سەقامگیریی دۆخی یەکێتی ڕاستەوخۆ ناسەقامگیریی بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنێت، ئەوەش دۆخێکە ئەمریکا و هێزە هەرێمییەکانی دیکە نایانەوێت ڕووبدات، هەر بۆیە ئەمریکا و ئێرانیش بۆ ئەو بابەتە هاتوونەتەسەر خەت.
راپۆرتەکە لەبارەی پێشینەی دوو ساڵی رابردوی هەردوو سەری هاوکێشەکەی نێو یەکێتی دەلێت لەماوەی ڕابردوودا لاهور شێخ جەنگی وەک سەرۆکی یەکێتی لە ئەمری واقعدا دەردەکەوت، بەتایبەت بە سیاسەتەکانی کە دژی پارتی بوون، بەڵام لەناکاو بافڵ تاڵەبانی لاهور شێخ جەنگی دورخستەوە، ئەوەش بەلای لاهور شێخ جەنگیەوە وەک "کودەتا" ناوبرا، بەڵام بافڵ تاڵەبانی توانی دەست بەسەر تەواوی میدیاکان و هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی لاهور شێخ جەنگیدا بگرێت.
یەکێک لە سەرکردەکانی یەکێتی کە بۆ گۆڤارەکە قسەیکردووە دەڵێت "لاهور شێخ جەنگی ئەندامانی باڵای یەکێتی لەڕێگەی هەردوو دامەزراوەی دەزگای زانیاریی و دەزگای دژە تیرۆرەوە دورخستووەتەوە و کەسانی نزیک لەخۆی تێدا جێگیر کردون هەر بۆیە یەکەم گۆڕانکاری لەوێوە دەستی پێکرد.

بەپێی شرۆڤەی راپۆرتەکەی ناشناڵ ئینترێست ،لاهور شێخ جەنگی لە پەیوەندییەکی باشدا بووە لەگەڵ ئەمریکا و کەمترین دەرکەوتنی هەبووە لەگەڵ ئێرانییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا جگە لەوەی دەنگۆی بەشداریکردنی دژە تیرۆر لە کوشتنی قاسم سولەیمانی دەخرێتەڕوو، هاوکات ئەوەش بووەتە جێگەی سەرنج کە لاهور شێخ جەنگی تاکە سەرکردەی کورد و یەکێتی بوو بەشداریی لە پرسەی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا نەکرد.
درێژەی راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، یەکێکی دیکە لەو سەرکردانەی یەکێتی کە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی لە کێشەدا بووە قوباد تاڵەبانی بووە، تەنانەت تاڵەبانی جارێکیان باسی لەوەکردووە "هەندێک کەس هاوشێوەی مافیا بەربەست لەبەردەم کارەکانمان دادەنێن کە ئەگەرێکی زۆر بەهێز هەیە مەبەستی ئامۆزا شێخ زادەکەی بێت.

هەر لەو ڕاپۆرتەی ناشناڵ ئینترێست قسەی یەکێک لە سەرمایەدارەکانی سلێمانی هاتووە کە باسی لەوەکردووە، ئەو دۆخەی لە سلێمانی لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا دروستبوبو، وایکردبوو سەردەمی سەدام حسێنمان بیربکەوێتەوە کە لای کوردە عیراقیەکان ئەمە سەختترین دەربڕینە بۆ گوزارشتکردن لە دۆخی ژیانیان.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ باسکردن لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پەکەکە کە مێژووەکەی بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، هاوکات بە هۆکارێک بۆ هاوسەنگی هێزی یەکێتی بەرامبەر پارتی و دانانی بەربەست بۆ فراوانخوازیی تورکیا لە هەرێم ناوبراوە لەوانەیە هەر ئەمەش هۆکار بێت بۆ ئەوەی لاهورشێخ جەنگی و شوێنکەوتوەکانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم جولە سیاسیەی بافڵ تالەبانی ئەنجامی دەدات پارتی و تورکیای لە پشتە.

سەرەڕای هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ناشناڵ ئینترێست پێیوایە بوونی لاهور شێخ جەنگی هەڕەشە بووە بۆسەر پارتی و ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، هەربۆیە لەو دۆخەی ڕوویدا ئەمریکا بێدەنگیی هەڵبژارد.

راپۆرتەکە لەسەر دەسەلاتەکانی هەردوو برا تاڵەبانییەکە نوسیویەتی بافڵ و قوباد تاڵەبانی هاوشێوەی برایانی کاسترۆ (فیدڵ و ڕائول) دەسەڵاتەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە، حکومەت بۆ قوباد و حزبیش بۆ بافڵ تاڵەبانی.

گۆڤارەکە لە کۆتایی شرۆڤەکەیدا باس لە هەڵوێستی لاهور شێخ جەنگی دەکات و دەلێت هەرچەندە لاهور شێخ جەنگی وادەردەکەوێت نەیەوێت ئاسان دەسەڵات ڕادەست بکات، بەڵام لەکۆتاییدا دژە تیرۆر و دەزگای زانیاریی وەک کارتە بەهێزەکەی لاهور شێخ جەنگی، ئێستا لەژێر فەرمانی ماڵی تاڵەبانیدان و لاهور شێخ جەنگی هیچ دەسەلاتێکی ئەمنی و سەربازی نەماوەو پێناچێت بتوانیت هیچ ڕکابەریەکی ئاراستەکەی ئامۆزاکانی بکات لە ئێستادا.