مانچستەر سیتی بۆندێكی مێژوویی پێشكەشی گریلیش دەكات

وەرزش

31/07/2021‌ 544 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، یانەی مانچستەر سیتی لە وەرزی گواستنەوەی یاریزانان بۆندێكی پێوانەیی پێشكەشی گریلیش كردووە.

رۆژنامەكە نوسیویەتی، جاك گریلیشی هێرشبەری ئینگلیزی و یاریزانی یانەی ئەستۆن ڤێلا لە وەرزی رابردوو ئاستێكی نمونەیی پێشكەشی یانەكەی كردووە و سەرنجی زۆرێك لە یانە بەهێزەكانی راكێشاوە، بەڵام مانچستەر سیتی لە هەموو یانەكان زیاتر گرنگی بەو یاریزانە دەدات.

رۆژنامەكە رونیكردوەتەوە، یانەی مانچستەر سیتی لە پێناو گواستنەوەی گریلیش بڕی 100 ملیۆن جونیەی ئیستەرلینی (117 ملیۆن دۆلار)ی پێشكەش بە یانەی ئەستۆن ڤێلا كردووە.

رۆژنامە بەریتانییەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ئەگەر ئەو كڕین و فرۆشتنە ئەنجام بدرێت، گریلیش دەبێت بە گرانترین یاریزانی خولی ئینگلیزی.

باس لەوەیش كراوە، یانەی ئەستۆن ڤێلا لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی گریلیش نوێ بكاتەوە بە هیچ جۆرێك نایەوێت دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.

رەنج رەسول