ئەوکەسەی کامێرای هاتوچۆی شێواند دەستگیرکرا

کوردستان

24/08/2021‌ 1784 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى سلێمانى ده‌ستگیركردنى ئه‌وكه‌سه‌ى ئاشكراكرد كه‌ کامێرای چاودێری هاتوچۆی لەنزیک پردی کۆبانی شێواندبوو، ڕاشیگه‌یاندوه‌، "لەدایکبوى ساڵى 1997و پیشە شۆفێری تاکسیه‌و دانیشتوی شاری سلێمانیشه‌".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاسایشى سلێمانى ڕایگه‌یاندوه‌، هێزەکانیان لەسەر ڕێنمایی‌و فەرمانی دەزگای ئاسایشی هەرێم‌و بەبڕیاری دادوەر، دواى ئەوەی چەند کامێرایەکی چاودێری هاتوچۆی سلێمانى شێوێندرا، توانیی تۆمەتبارى ئەو تاوانە دەستگیربکات‌و ڕوبەڕوى یاسای بکاتەوە.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، "دواى ئەوەى زانیاریمان پێگەشت کە لەڕۆژى 4ى 8ى 2021 چەند کامێرایەکی جێگیرى چاودێری هاتوچۆى سەر بەبەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی پارێزگاى سلێمانى لەشەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود نزیک پردى کۆبانى بەبۆیاخ شێوێندراون، هێزەکانمان دەستبەجێ دەستیانکرد بەکۆکردنەوەی زانیارى".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "له‌ئه‌نجامى كۆكردنه‌وه‌ى زانیاریه‌كاندا توانرا لەڕۆژى 7ى 8ى 2021 تۆمەتبار (ڕ، ع،ع) لەدایکبوى ساڵى 1997 پیشە شۆفێری تاکسی، دانیشتوی شاری سلێمانی، دەستگیربکەن لەناوچەى پیشەسازى سلێمانى‌و تۆمەتباریش دانى بەتاوانەکەیدا ناوەو هۆکارى ئەوکارەشى بۆئەوە گەڕاندۆتەوە کە چەندینجار سەرپێچى تیژڕەوى کردوەو وێنەی گیراوە".