مارلین مۆنرۆ كوژرا یان خۆى كوشت؟

هەمەڕەنگ

09/09/2021‌ 1457 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوسەرێکی بەریتانی بانگەشەی ئەوەیکردوە کە مارلین مۆنرۆی خانمە ئەکتەری کۆچکردوی ئەمریکی لەلایەن جۆن کینیدی سەرۆکی پێشوی ئەمریکاوە تیرۆرکراوە، لەبەرئەوەی لەلایەن ئەوەوە زانیاریی سەبارەت بەدەفرە فڕیوەکان پێدراوە.


نیک ڕیدفێرن نوسەری بەریتانی تایبەتمەند بەبابەتی دەفرە فڕیوەکان باسی لەوەکردوە، مارلین مۆنرۆ وەک مەترسیی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا هەژمارکراوە، بەوپێیەی زانیاریی نهێنیی تایبەت بەدەفرە فڕیوەکانی لابوە کە لەلایەن جۆن کینیدییەوە پێیدراوە.

مۆنرۆ لەساڵی 1962 لەماڵەکەی خۆی لەکالیفۆڕنیا گیانی لەدەستدا، دواتریش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەریخست کە بەهۆی ژەهراویبونەوە مردوە، بەڵام لەوکاتەوە بەردەوام باس لەگریمانەی تری مردنی ئەو ئەستێرەیە دەکرێت.

هەندێک لەگێڕانەوەکان دەڵێن: مۆنرۆ خۆی کوشتوە لەبەرئەوەی لەدوایین ساڵەکانی دوایی تەمەنیدا کێشەی دەرونی هەبوە، هەندێکی تریش دەڵێن توشی پیلانگێڕیی بۆتەوەو لەناوبراوە.

نوسەرە بەریتانییەکە لەکتێبەکەیدا کە فرۆشێکی زۆری هەبوە دەڵێت:"مارلین مۆنرۆ پەیوەندی لەگەڵ جۆن کینیدی‌و ڕۆبەرتی برایدا هەبوە، هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی لەناو ببرێت".

نێک لەکتێبەکەیدا دەڵێت:"ئەگەر بەقوڵی سەیری دۆسیەکە بکەین بەڕونیی دەبینین کە مۆنرۆ توشی کوشتن بۆتەوە، یان توشی حاڵەتێک لەخەمۆکی‌و دڵەڕاوکێ‌و شەکەتی کراوە تا گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی خۆی بکوژێت".

بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ویلایەتی کالیفۆڕنیاوە واتۆمارکراوە کە مۆنرۆ لەئەنجامی خواردنی بڕی زیادەی مادە هۆشبەرەکان گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئەوانەی گومانیان لەو سینارۆیەی هەیە باس لەبەڵگەیەکی سەر بەدەزگای هەواڵگری ئەمریکا دەکەن بەوەی کە کەسێک مارلین مۆنرۆی تیرۆرکردوە.

و: ئاکۆ ئاڵی