هاتنەوەی کاریکاتۆریانەی ١١ی سێبتمبەر!

مەلەفی تایبەت

10/09/2021‌ 1361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سامان کەریم
لە هەلومەرجێکی سیاسی و ئابوری و هێزهاوسەنگی تازەی جیهانی ئەمرۆدا ،  ١١ی سێبتمبەر هاتەوە، بەڵام هاتنەوەی ئەمڕۆژە نەک تەنها وەک یادەوەری بیست ساڵەی، واتە مەبەست لە هاتنەوەی تەنها بەروارە مێژووییەکەی نیە، کە ئەوەشیان بۆ خۆی بابەتێکە، بەڵکو لەوە گرینگتر پاش ٢٠ساڵ ئەمریکا لە ڕووداوێکی گەورەی مێژووی و لە تابلۆیەکی کاریکاتۆری هێجگار گەورەدا دەستی لە ژمارەی تەلەفۆنە کلاسیکیەکەی ترازا و گەڕایەوە بۆ ژمارە سفر، لە سفرەوە بۆ سفر. بەڵام سفری یەکەم سەرەتایەک بوو، بۆ لێدانی ژمارەکانی دیکە، سفری دووەم کۆتاییەکە بۆ سەرەتایەکی تر، سەرەتای ژمارەی نەگەتیڤ، بەڵام ئەمجارە بە تەلەفۆنی کلاسیک ژمارەی نەگەتیڤ لێنادرێت. سەرەتای جیهانێکی تازەی چەند جەمسەری کە تیایدا ئەمریکا تەنها هێزێک دەبێت لە هێزەکان، ئەم پرۆسەیە لە ڕوانگەی منەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستیپێکردوە ولە ٢٠٠٨ وسەردەمی قەیرانی قوڵی ئابووری سەرمایەداری زیاتر قوڵ بووەو، پاشان لە قەیرانی ئابوری و پەتای کرۆنادا زیاتر ڕۆچووە خوارەوە، شکست و دۆڕانی گەورەی ئەمریکا لە ئەفگانستان، وە بە لە بەرچاوگرتنی هاتنە پێشەوەی چین و ڕوسیا و دورکەوتنەوەی ئەلمانیا و فەرەنسا لێی، زیاتر پرۆسەی پاشەکشەی جیهانی ئەمریکای بردە پۆینتی وەچەرخانەوە.
ئەمریکا ئەفگانستانی وێرانکرد و پاشان داگیریکرد و هێزی ئیسلامی تاڵیبانی ڕووخاند، بۆ ئەوەی سەرەتایەک بێت بۆ تەکتیکی "جەنگ دژی تیرۆر" لە چوارچێوەی گەیشتن  بە ستراتیژی "سیستمی نۆیی جیهانی" بە ڕابەری تاقانەی ئەمریکا، ئەمڕۆ پاش ٢٠ ساڵ ئەمریکا مل دەشکێنێت و بە دۆڕاوی دەڕواتەوە و شکستێکی گەورە بۆ خۆی تۆمار دەکات. شکست نەک بەتەنها شکستی سەربازی، بەڵکو دەرکەوتنی هەموو درۆو دەلەسەکانی مافی مرۆڤ و دژی تیرۆر و ئەو ڕیکلامە ناوەرۆک پووچانەی بۆ گێلکردنی خەڵک بەکاریدەهێنان هەمووی ڕیسوا بوون، ڕیسوابوونێک تەنەنات لە نزیکتری هاوپەیمان و کەسایەتی لە خۆیانەوە ڕادەگەیەنرێت، لەلایەن وەزیری بەرگری بەریتانیاو چەندین پەرلەمانتاری خۆیان و سەدان نوسەرو ڕۆشنبیرانی دیموکراتی وڕۆژنامە و کەناڵەکانی سەر بەڕۆژئاوا.
ئەمەریکا هێزێکی ئیسلامی ڕووخاند، گوایە دژی تیرۆر و تیرۆریزمە-لە ڕاستیدا بۆ برەو پێدان و بڵاوبوونەوەی بوو- بۆ ئەمەش هاوپەیمانیەکی گەورەی جیهانی دروستکرد و هەموو زوڕنا ژەنەکانی دیموکراسیشی لە شەرق وغەربەوە خستە پشت خۆی. بە جیا لە ڕوانگە جیاوازەکان لە سەر ئەم مەسەلەیە، هاتنەوەی تاڵیبان وەک هێزێکی بورجوازی  بۆسەر کورسی دەسەڵات، هەموو ئەو باس و درۆ دەلەسانەی لە پەیوەند بە دژی تیرۆرەوە خستە زبڵدانەوە، وە هەموو ئەو تێڕوانینانەشی بەدرۆ خستەوە گوایا ئەمریکا لە ئەفگانستان سیاسەت و کاری باشتر دەکات لە تاڵیبان و پێویست ناکات لەبەرانبەری بوەستین، لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە ئەمریکا بە زۆر و لە ڕێگای زۆری سەربازیشەوە کراوەتە دەرەوە، بەڕۆشنی لە پڕۆسەی پاشکشەیاندا دیارە. ئەوە ڕۆشنە پشتی هەموو دانووسان و کارێکی دیبلۆماسی هێزە، خودی ناچاربوونی ئەمریکا بۆ دانووسان لە گەڵ تاڵیباندا، نیشانەی شکست و داخورانی هێزەکەی بوو، بەجیا لە هۆکارە ستراتیژییە جیهانیەکان. 
کردنە دەرەوەی ئەمریکا لەم وڵاتەدا، بەپێچەوانەی تێڕوانینی هەموو ڕۆشنبیران و بانگخوازانی دیموکراسی و ناسیونال چەپ و لیبراڵەکانەوە، گوایا خەڵکی ئەفگانستان زەرەرمەند دەبن،  هەلومەرجێکی تازە لە ئەفگانستان فەراهەم دەکات، هەلومەرجێک کە بزاوتی چینایەتی نێوان پڕۆلیتاریای ئەفگانی و بورجوازییەکەی  کە نوێنەرەکەی هێزێکی ئیسلامی وەک تاڵیبانە، زیاتر ڕۆشن و کراوەتر دەکات و دەیهێنێتە سەر شانۆی ڕووداوەکانی ڕۆژانە. لە کاتێکدا ئەم بزاوتە چینایەتیە لەسایەی جەنگ و داگیرکاری ئەمریکا وتیرۆریزمە دەوڵەتیەکەی  و جەنگی بورجوا ئیسلامیەکان بۆ گرتنەوەی دەسەڵات، شەڕی بەردەوامی  بورجوازییە تیرۆریستە جیاوازەکان، بەتەواوی تارمایی دانابوو بەسەر خەباتی چینایەتیدا. بە چوونە دەرەوەی ئەمریکا لاپەڕەیەکی تازە و دیمەنێکی تازە دەستپێدەکات، کە پرۆلیتاریا و  خەڵکی بەش مەینەتی ئەفگانستان، بە ناچار بیر لەوە دەکەنەوە باشتر بژین و بیرێک لە ژیانی خۆیان بکەنەوە، بە ناچار ناڕەزایەتیەکانیان لە پێناو باشتر کردنی ژیانیاندا، نمایش بکەن لە ئایندەدا . بەڵام ئەمەریکا نەک گەورەیی و زلهێزی، نەک نەمانی "هێزی نەرم – القوة الناعمة" وەک ڕۆشنبیرانی دیموکراسی  ڕەخنەی لێدەگرن، بەڵکو ئەمریکا وەک گەورەترین سیستمی سەرمایەداری لە جیهان و  شارەزاترین عەقڵی بورجوازی لە ماوەی ٧٥ساڵی ڕابووردودا، بەهەموو هاژو هوژەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دژی تیرۆرەوە ڕیسوا و کاریکاتۆر دەرچوو.
ئەم هەلومەرجە بە دڵنیاییەوە کۆی ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دووبارە ڕێکخستنەوەی خێراتر پێدەگەیەنێت. بەڵام ئەم دیمەنەی کە بینیمان  لە عیراق و سوریا دیسان دووبارە دەبێتەوە، لەوانەیە شێوە و شێوازی کاریکاتۆرییەکە بگۆرێت بەپێی هەلومەرجی جیاوازی ئەم دوو وڵاتە، وەک نمونەیەک، هێنانەوەی بەعسیەکان لە عێراق و جێخستنیان وەک باڵێکی بورجوازی لە دەسەڵاتدا لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا، ئەمە ئەگەر هەلومەرجەکە بەپێی خواستی ئەمریکا بچێتە پێشەوە. بەڵام مەسەلەیەک ئاشکرایە، ئەویش ئەوەیە هێزە بورجوازیەکانی سوریا و عیراق بە کوردو عەرەب و ئەوانی دیکەوە کە خۆیان بە لایەنگر و هاوپەیمان و دۆستی ئەمریکا دەزانن، ‌هێزگەڵیکن ناتوانن بەشێک نەبن لەم کاریکاتۆرە، ئەوکاتیش گرژبوونی دەماری کوردایەتی و عەرەبایەتی یەک پوولی قەڵب ناهێنێت. مل شکاندنی ئەمریکا و بەجێهێشتنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووداوێکی گەورە دەبێت، بەقازانجی خەڵکی ناوچەکە و لە پێشەوەیان پرۆلیتاریای ناوچەکە. لەم نێوەدا ژمارەیەک هێزی بورجوازی بەتایبەت کوردی زەرەرمەندی گەورە دەبن، بەڵام لە دوا ئەنجامدا خەڵک بەگشتی  سودمەند دەبێت.