وەزارەتی خوێندنی باڵا رێنمایی نوێ دەداتە دەرچوانی ١٢ی ئامادەیی

کوردستان

28/09/2021‌ 666 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایى و مەرجەکانی وەرگرتنى خوێندکارانی لە زانکۆ حکومییەکان بۆ ئەمساڵى خوێندن بڵاوکردەوە.

 ئەمڕۆ سێشەممە،  بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی وەرگرتن "قبوڵ مەرکەزی"ی سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایى و مەرجەکانی وەرگرتنى خوێندکارانی لە زانکۆ حکومییەکان بۆ ئەمساڵى خوێندن بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، وەرگرتن لەبەشەکان بەشێوازی وەرگرتنی ناوەندی و بەئەژمارکردنی سیستمی (کریدیت) دەبێت بۆ سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆکان جگە لە کۆمەڵەی پزیشکی".

 لە رێنماییەکاندا هاتووە کە پێشکەشکار پێویستە خوێندکار نەبێت لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەکی حوکمی و ئەهلی و ئەوانەشی ساڵانی رابردوو ناویان هاتووەتەوە، بۆیان نییە داواکاری پێشکەشبکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بەشی زانستی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری لە کۆلێژ و بەشەکانی (پزیشکی، ئەندازیاری، زانست) دەتوانن تەنیا وانە پەیوەندیدارەکان هەژمار بکەن و وانەکانی دیکە ئارەزوومەندانە دەبێت، بە مەرجێک پێشکەشکاری داواکە لە سەرجەم وانەکاندا دەرچووبێت.

هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە کە ئەگەر خوێندکار ناوی لە هیچ کۆلێژێک نەگەڕایەوە، ناوەندی وەرگرتن هەڵدەستێت بە دابەشکردنی ئەو خوێندکارانە بەسەر ئەو کورسییانەی کە لە زانکۆکان بە بەتاڵی دەمێننەوە، بە رەچاوکردنی کەمترین کۆنمرەی وەرگیراو. 

کلیک لێرە بکە بۆ بینینى رێنماییەکان: