شارپرێس:
بەرپرسی پێشوی سۆفتوێری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشكرایكرد، وڵاتهكهى بەکرداری جەنگی تەکنەلۆژیای بەرامبەر بەچین دۆڕاندوە، دهشڵێت:"لەماوەی 15 بۆ 20 ساڵی داهاتوو بەیەکجاریی توانای ڕکابەریکردنی چینیان لەدەستدەچێت".
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی ئەمریکی، نیکۆلاس چایلان کە ماوەی دوو هەفتەیە پۆستەکەی جێهێشتوە ڕایگەیاندوە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەخاوی گۆڕانکاریی تەکنەلۆژیی لەسوپای ئەمریکا دەستی لەپۆستەکەی کێشاوەتەوە، جەختیشیکردۆتەوە کە نەیتوانیوە بەرامبەر بەو کەمتەرخەمییە بەرگە بگرێت.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە باسی لەوەکردوە، شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوەڵامدانەوەی هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکانی چینو وڵاتانی تر، ئایندەی نەوەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە، لەبەرئەوەی لەماوەی 15 بۆ 20 ساڵی داهاتوو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەیەکجارەکی توانای ڕکابەرییکردنی چینی لەبواری تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرددا نامێنێت.
چایلان کە ماوەی سێ ساڵ لەپنتاگۆن کاریکردوە وتویەتی:"پەککین بەرەو ئەوە دەڕوات هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا بسەپێنێت، ئەویش بەهۆی پێشکەوتنی لەبواری زیرەکی دەستکردو فیرکردنی میکانیکیو توانا ئەلیکترۆنییەکانییەوە".
بەوتەی بەرپرسەکەی پێشووی پنتاگۆن، "بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا لەدروستکردنی فڕۆکەی نەوەی پێنجەمو تەرخانکردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی وەک F-35 گرنگترە".
لێدوانەکانی چایلان دوای ئەوەدێت، لەمساڵدا لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی کۆنگرێسی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی مەترسیی هەیە لەماوەی دەیەی داهاتودا چین بتوانێت لەبواری تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد پێش ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەوێتەوە.
و: ئاکۆ ئاڵی