16ى ئۆكتۆبه‌ر چى ڕویدا؟
فه‌رمانده‌یه‌كى پێشوى پارتى: کۆبونەوەی ژێربەژێرکراو پارەش وەرگیرا

کوردستان

16/10/2021‌ 8255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فه‌رمانده‌یه‌كى پێشوى پارتى له‌كه‌ركوك زانیاریی گرنگ له‌باره‌ى ڕوداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌رپرسانى پارتى‌و یه‌كێتى سه‌ریان له‌خه‌ڵك شێواندو هێزەکانیش بەچەکی قورس‌و هەمەڕو بارەگایی میحوەرو هەمووی گەڕایەوە قەرەهه‌نجیرو قوشتەپەو سلێمانی‌و هەولێر، بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک‌و کۆبونەوەی ژێربەژێرکراو پارەش وەرگیرا".

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر فه‌رمانده‌ى پێشوى پۆلیسى قه‌زاو ناحیه‌كان كه‌ سه‌ر به‌پارتى دیموكراتى كوردستان بوو ڕوداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى گێڕاوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت:"16ى ئۆکتۆبەر ئەو ڕۆژەیە کە هەرگیز لەبیری کورد ناچێتەوە، ڕۆژێکە لەهەرە ڕۆژە سەخت‌و ناخۆشەکانی میللەتەکەمان ئەو ڕۆژە بەهەزاران ماڵ لەکەرکوک‌و ناوچە جێناکۆکەکان ئاوارەو سەرگەردان بون‌و چەندین ڕۆڵەی میللەتەکەمان بونە قوربانی".

عه‌مید سه‌رحه‌د باس له‌وه‌شده‌كات، "ئەو عەبادیەی کە پەلاماری کەرکوک‌و شوێنەکانی دیکەیدا، لەلایەن پەرلەمانی ئەوکاتى عێراقەوە بەزۆرینەی دەنگ بڕیاردراو دەسەڵاتدرایە عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات‌و دەسەڵاتی جوڵاندی هێزی پێدرا، ئەوەبوو هێزێکی زۆری هێنایە بەشیرو 72 کاژمێر موڵەتیدایە کورد کە داواکاری ئەوەبوو سوپای عێراق دەبێت بگه‌ڕێتەوە کەرکوک‌و ناوچەکانی دیکە، ئەگەرنا پەلاماری کەرکوک‌و شوێنەکانی كه‌ مەبەسێتی دەدا".

وه‌كو ده‌ڵێت:"بەداخەوە زۆر لەسەرکردەکانی کورد وەکو خۆیان دەیانوت، قەناعەتیان نەبوە پەلاماری کەرکوک بدرێ، هەندێ لێدوانی بەرپرسی میحورەکانیش کە دەیانوت دەیانبەینەوە پشت حەمرین، سەریان لەهاونیشتیمانیان شێواندبوو".

درێژه‌ به‌گێڕانه‌وه‌كه‌ى ده‌دات‌و نوسیویه‌تى:"ئەوەبوو لە16ى ئۆکتۆبەر خیانەتە گەورەکەکرا کەهەرگیز لەبیرناچێتەوە، لە16ى ئۆکتۆبەر تەنیسق‌و هەماهەنگی کراو دەوروتەسلیمی ڕەبیەو میحوەرەکان کرا".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:"لە16ى ئۆکتۆبەر لەدوزو حه‌ی سناعەو مه‌فره‌ق لەیلان شەڕى مان‌و نەمان کرا، زریپۆش بەسەر لاشەی پێشمەرگەدا داخڵی کەرکوک بوو، لەحه‌ی سناعە پێشمەرگەی یەکێتی‌و پارتی لەیەک باجەر شەهیدبون، 16ى ئۆکتۆبەر لەحه‌ی سناعە شەڕبوو لەڕێگای ڕەشادو مەکتەب خالیدو تەللوەردو مەلا عه‌بدوڵڵاو یایچی‌و خه‌رابەڕوتەو بای حەسەن‌و ئاڤانەو سەرگەڕان، هێزەکان بەچەکی قورس‌و هەمەڕو بارەگایی میحوەرو هەمووی گەڕایەوە قەرەهه‌نجیرو قوشتەپەو سلێمانی‌و هەولێر، بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک".

له‌باره‌ى لیوا تێكه‌ڵه‌كانیش عه‌مید سه‌رحه‌د باسى له‌وه‌كردوه‌، "له16ى ئۆکتۆبەر لیوا تێکەڵەکان جارێ شەڕ لەحه‌ی سناعە تەواونەببوو لەدولاوە شەڕبوو، هەرکەس‌و بەلایەکدا ڕۆیشت، لەو ڕۆژەدا کەس خۆی بەبەرپرس نەدەزانی ڕەوشێکی خراپ‌و بێسەرەوبەربوو".

وه‌كو ئه‌و وتویه‌تى:"لە16ى ئۆکتۆبەر کۆبونەوەی ژێربەژێرکرا پارە وەرگیرا، سەرەڕای ئەمانەو دەیان شتی دیکە کە تائێستا لەلایەن پەرلەمان‌و حکومەتەوە ئەوەی ڕایکردوەو ئەوەی شەڕی نەکردوەو ئەوەی فرۆشتی‌و ئەوەى شەڕی کردوە هیچ سزاو پاداشتێک جێبەجێنەکراوەو هەمویان وەک‌و یەکن، کەس نازانێ نەتیجەی لیژنەکە چی بەسەرهات، مەگەر خودای گەورە حەقی ئەو تاوانە وەرگرێ کە بەرامبەر بەکورد کرا وەک چۆن عەبادی لەهەڵبژاردن شکستیهێناو دۆڕا".

باسى عه‌بادى كردوه‌و ده‌ڵێت:"عەبادی لەدوای 16ى ئۆکتۆبەر بەوهەموو تاوانەوە نەوەستا فڕۆکەخانەو حدودو موچەی هەرێمی بڕی، داوا لەعەبادی دەکرا خۆی موچە دابەشبکات بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوانەی ئەو داوایەیان دەکردو وەک عەبادی زۆریان دۆڕان لە16ى ئۆکتۆبەر وەک ئەوەی موراجعێک چوبێت ئاوها پێشوازی لەسەرۆکی حکومەت‌و جێگرو وەفدەکەی کرد".

له‌كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا عه‌مید سه‌رحه‌د قادر ته‌ئكیدیكردۆته‌وه‌، "لە16ى ئۆکتوبەر ڕوداوگەلێکى زۆر ناخۆشی تێدابوو بۆ کورد، لەم مانگەشدا ڕوداوی خۆش‌و ناخۆشی زۆر تێدایە وەک مانگی ئازار وایە".

ش.هـ