شارپرێس ـ تایبهت:
زاگرۆس هیوا وتەبێژی كۆماجڤاكێن (کەجەکە) لهدیدارێكى تایبهتى شارپرێس-دا زانیاریى گرنگو ههستیار لهبارهى چهند پرسێكى پهیوهست بهههرێمى كوردستانو ڕۆژههڵاتو ڕۆژئاواوه ئاشكرادهكات، وتهبێژى كهجهكه پەردە لەسەر فێڵە ستراتیژییەکانی دەوڵەتی قوڵی تورکیا لادەداتو ڕایدهگهیهنێت، "ئەنكەرە دوای خەرجکردنی زیاتر لەپێنج ترلیۆن دۆلار لەجەنگی دژ بەپەکەکەدا توشی داڕوخانی ئابوریی بوە".
هاوکێشەی سیاسیىو سەربازیی نێوان تەڤگەری ئازادیی کوردستانو دەوڵەتی تورکیا، دوای بانگەوازەکەی ئەمدواییەی دەوڵەت باخچەلی، پێدەنێتە ناو قۆناغێکی یەکجار تەمومژاوی، بۆ ئهوهش زاگرۆس هیوا لەپێگەی وەڵامدانەوەی هەستیارترین پرسیارەکانی قۆناغەکەدا ئاشکرایدەکات، ئەم پڕۆسە نوێیە بەتەواوی لەگەڵ هەوڵەکانی ڕابردوو جیاوازە؛ چونکە ئەمجارە باخچەلی وەک وتەبێژی فەرمیی "دەوڵەتی قوڵ"و بزوێنەری سەرەکیی جەنگ، بەبێ پەیامی نهێنیی پێشوەختە ڕاستەوخۆ بانگەوازی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجهلان کردوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە شێوازی سەربازیی تورکیا بۆ سڕینەوەی پەکەکە بەتەواوی گەیشتوەتە بنبەست.
وتەبێژی کەجەکە ئاشکرایدەکات، هۆکاری سەرەکیی ڕوبەڕوبونەوەی ئەنكەرە لەگەڵ واقیعدا، داڕوخانی بەهای لیرەو قەیرانی داراییە، بهگوێرهى داتاکانی دەزگایەکی لێکۆڵینەوەی بەریتانی، تورکیا لەماوەی 42 ساڵی ڕابردودا بڕی پێنج ترلیۆنو 200 ملیار دۆلاری گشتیی تەنها لەجەنگی دژ بەگەلی کوردو پەکەکەدا بەهەدەردان کردوە کە زیاتر لەدوو ترلیۆن دۆلاری تەنها لەم 10 ساڵەی دواییدا بوە، ئەردۆغانیش بۆ شاردنەوەی ئەم کارەساتە، کاتی خۆی لەوەڵامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بۆ گرانیی تەماتەو باینجان بەڕاشکاوی وتی، "ئایا ئێوە دەزانن گولـلەیەک بەچەندە؟!"، کە ئەمە گەورەترین دانپێدانان بوو کە تەواوی سامانی وڵات کراوەتە قوربانیی جەنگ.
زاگرۆس هیوا ئاماژه بهوهشدهكات، گفتوگۆ لەنێوان هەردولادا هەیە بەڵام نەگەیشتوەتە ئاستی دانوستاندن یان لێکتێگەیشتنی سیاسیى؛ چونکە دەوڵەتی تورکیا پڕۆسەکە بەناوی "تورکیای بێ تیرۆر" پێناسە دەکات کە مەبەست لێی تەنها خۆڕادەستکردن، بێچەککردنو پاکتاوکردنی تەواوەتی کوردە، بەڵام بزوتنەوەی ئاپۆیی پڕۆسەکە بەناوی "ئاشتیو کۆمەڵگەی دیموکراتی" دەبینێت.
جهختیشدهكاتهوه، "تێکۆشانی چەکداریی دیواری نکوڵیکردنی ڕوخاندو کوردایەتیی زیندوکردەوە، لەمەودوا کاتی تێکۆشانی دیموکراتییە لەپێناو ئازادیدا، بەڵام ئەگەر ئەنكەرە تەنها خەیاڵی بێچەککردنی کوردی هەبێت، ئەوا ئەمە پاکتاوکارییە نەک چارەسەریی تەڤگەری ئازادی بەهۆشیارییەکی یەکجار باڵاوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە مەترسیدارەدا دەکات".
دهقى دیدارهكه:
شارپرێس: ئێستا هەموو چاوەكان چونەتە سەرئەوەی، لەباكور چی دەگوزەرێت، ئایا پرۆسەی گفتوگۆكان تاچەند چونەتە پێشەوە؟
زاگرۆس: ئەم پرۆسەیە لەگەڵ پرۆسەکانی پێشتر جیاوازیی هەیە، لەپرۆسەکانی پێشتردا یان ڕێبەر ئاپۆ تاکلایەنە ئاگربەستی ڕادەگەیاندو داوای چارەسەرییو دیالۆگی دەکرد یان لایەنێکی ناو دەوڵەت بەشاراوەیی پەیامی بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەناردو داوای پرۆسەیەکی وەهای دەکرد، وەک نێوەندگیریی مام جەلال تاڵەبانی لەنێوان ڕێبەر ئاپۆو تورگوت ئۆزالدا لەساڵی 1993، بەڵام لەئێستادا، لایەنێکی بەهێزی دەوڵەتو بەشدار لەناو حکومەت، ئەویش لایەنێک کە هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی پەکەکەوە تائێستا، بەئاشکراو بەشاراوە، هێزی سەرەکی شەڕی هەمەلایەنەیە دژ بەگەلی کوردو پەکەکە کە ئەویش دەوڵەت باخچەلیە، بەشێوەیەکی فەرمی بانگەوازی بۆ ڕێبەر ئاپۆ کرد، بێئەوەی کە پێشتر هیچ پەیامێکی نهێنی ئاڵۆگۆڕ کرابێت.
ڕێبەر ئاپۆ لەساڵی 1988وە گەیشتوهتە ئەو قەناعەتەی کە شەڕو خەباتی چەکداریی ڕۆڵی خۆی گێڕاوە، کێشەیەک بەناو کێشەی کوردی بۆ کۆمەڵگهی تورکیا بەرجەستە کردوهتەوەو ئیدی پێویستە بەشێوەیەکی سیاسیی چارەسەربکرێت، هەر لەوساڵەوە تائێستا، ڕێبەر ئاپۆ داوای چارەسەری سیاسیی دەکات، بەڵام کێشەکە ئەوەبوو، لایەنی دەوڵەتی تورک نەگەیشتبوە ئەو قەناعەتەو پێیوابوو، دەتوانێت بەشێوەی سەربازیی پەکەکە پاکتاو بکات، بەڵام وادیارە ئەمجارە لایەنێکی دەوڵەتیش گەیشتوهتە ئەو قەناعەتەی کە بەشەڕو تیرۆر ناتوانن پەکەکەو گەلی کورد پاکتاوبکەن.
واتە، هێشتا وازیان لەئامانجی پاکتاوکردن نەهێناوە، بەڵکو ئەو شێوازەی کە بۆ پاکتاوکردن بەکاریاندەهێنا، ئیدی گەیشتوهتە بنبەست، ئەم قەناعەتە دوای 42 ساڵ دروستبوە، بەوتەی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا، تائێستا پێنج ترلیۆنو 200 ملیار دۆلاریان لەم شەڕەدا خەرجکردوە کە دوو ترلیۆنو 100 ملیار دۆلاری لەم 10 ساڵەی دواییدا خەرجکراوە، بۆ کەمکردنەوەی ئاستی کاردانەوەکان، ئەردۆغان بڕی هەموو پارەی خەرجکراو ئاشکراناکات، بهڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە، ئەو پارەیەی بۆ شەڕی دژ بەپەکەکەو گەلی کورد خەرجکراوە پێنج ترلیۆن دۆلارە.
دەزگایەکی لێکۆڵینەوەی بەریتانی هەموو ئەمانەی بەداتاوە ئاشکراکردوە، لەم 10 ساڵەی دواییدا لیرەی تۆرکی هاڕەی کردوە، لەساڵی 2015دا هاوڵاتییەک دەیتوانی بە5.2 لیرەی تورکی دۆلارێکی ئەمریکی بکڕێت، بەڵام ئێستا پێویستە 49 لیرە بدات بۆ ئەوەی دۆلارێک بکڕێت، لەساڵی 2019دا خەڵکی تورکیا زۆر ناڕەزایەتییان دەردەبڕیی بۆ بەرزبونەوەی بەهای شتومەکو خواردن، ئەردۆغان لەوهڵامدا وتی، "ئێوە هەر باسی بەهای تەماتەو باینجانو بیبەر دەکەن، ئایا دەزانن گولـلەیەک بەچەندە؟!"، ئەمە دانپێدانانێکی ڕاشکاوانەبوو بۆ ئەو ڕاستییەی کە هەموو ئابوریی تورکیا لەشەڕی دژی کورددا خەرجدەکرێت، نەک تەنها ئابوریی، بەڵکو تورکیا هەموو هێزی سیاسییو کۆمەڵایەتیو دیپلۆماسیو کولتورییو ههواڵگریى خۆی بۆ ئەم شەڕە تەرخانکردبوو، بەڵام نە توانییان پەکەکە پاکتاوبکەن، نە توانییان وا لەڕێبەر ئاپۆ بکەن کە لەپرەنسیپەکانی بۆ چارەسەری دیموکراتی پاشەکشهبکاتو نە توانیشیان بەو شێوەی کە دەیانەوێت پەیوەندیی نێوان گەلو پەکەکەو ڕێبەر ئاپۆ بپچڕێننو گەل لەتێکۆشان ساردبکەنەوە.
هەربۆیە ئەوانیش دوای 42 ساڵ گەیشتنە ئەو بڕوایهى کە ئەم کێشەیە بەشەڕ چارەسەرناکرێت، بەتایبەت لەکەشێکدا کە لەدوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە ئیدی گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتیو هەرێمیدا هاتوەو تورکیا ترسی مانو نەمانی لێنیشتوە، دەوڵەت باخچەلی، وەک وتەبێژی دەوڵەتی قوڵ، لەدۆخێکی وەهادا بانگەوازی کرد، بانگەوازییەکەی باخچەلی کەشێکی سیاسیی بۆ چارەسەری دروستکرد، هەربۆیە ڕێبەر ئاپۆ دەمودەست وتی، "خاوەن ئەو هێزە تیۆرییو پراکتیکییەم کە کێشەی کورد لەزەمینی شەڕو توندوتیژییەوە بگوازمەوە بۆ زەمینی سیاسییو یاسایی"، زاتەن، ڕێبەر ئاپۆ ئەوە 38 ساڵە بۆ ئەم پرۆسەیە ئامادەیە، ئەوەی ئامادەنەبوو دەوڵەتی تورکیا بوو، واتە لەهەوڵدان بۆ چارەسەریدا، ڕێبەر ئاپۆ 38 ساڵ لەپێش دەوڵەتی تورکیاوەیەو کۆبەرهەمێکی هزری بەرفراوانی لەمبارەیەوە هەیە.
ئێستا هەردولایەن خاوەن قەناعەتێکی هاوبەشن، هەردولا گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی کە ئەم کێشەیە بەشەڕ چارەسەرناکرێت، جیاوازییەکەی ئەوەیە کە تەڤگەرى ئاپۆیی وەک پرەنسیپێکی سیاسیو ئەخلاقی ئەم ڕێگهیەی لەمێژە هەڵبژاردوەو نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ قۆناغەکانی پێشوو، بەڵام دەوڵەتی تورکیا وەک تاکتیکێک ئەم ڕێگهیەی هەڵبژاردوە، تورکیا هەوڵدەدات کە ئەم قۆناغەی گۆڕانکارییو وەرچەرخان لەناو پەکەکەدا بەجۆرێک ئاراستە بکات کە پاکتاوکردنی پەکەکەو گەلی کوردی لێبکەوێتەوە، پەکەکەش هەوڵدەدات ئەم گۆڕانکارییو وەرچەرخانە بخاتە خزمەت چارەسەری کێشەی کوردەوە.
ئەگەر دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیكه بگاتە ئەو قەناعەتەی کە دەتوانێت بزوتنەوەی ئاپۆیی بەشێوازی سەربازیی پاکتاوبکات، لەکۆتاییهێنان بەپرۆسەکە دودڵی ناکات، دەمودەست شەڕ دەستپێدەکاتەوە، چەندینجار وایکردوەو دەتوانێت جارێکی دیكهش وەها بکات، ئێستا گفتوگۆ لەنێوان هەردولایەندا هەیە، بەڵام ئەم گفتوگۆیە نەگەیشتوهتە ئاستی دانوستاندن یان لێکتێگیشتنێکی سیاسیی، هێشتا لەسەر ناوی پرۆسەکە ڕێککەوتنێک نییە، هیچ شتێک مۆر نەکراوە، تورکیا تائێستا باسی چارەسەری پرسی کوردی نەکردوە، هێشتا بەفەرمی دانی بەهەبونی کێشەی کورددا نەناوە، قەت لەخۆیان ناپرسن "ئاخۆ هۆکاری دەرکەوتنی پەکەکە چ بوو، چۆن دەتوانین ئەو هۆکارانە نەهێڵین؟"، بۆ پێناسەکردنی ئەم پرۆسەیە دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، "تورکیای بێ تیرۆر"، بزوتنەوەی ئاپۆییش دەڵێت، "ئاشتیو کۆمەڵگەی دیموکراتی"، ئامانجی هەردولایەنەکە جیاوازە، هەردولا دەستیان لەئامانجی بنەڕەتی خۆیان بەرنەداوە، بەڵام شێوازو ڕێکاری گەیشتن بەئامانجەکەیان گۆڕیوە.
تێکۆشانەکە لەگۆڕەپانی سیاسییو یاساییدا بەردەوامدەبێت، ئەگەر شەڕ دەستپێنەکاتەوە، ڕاستە سیاسەتی نکۆڵیکردن لەکورد شکستیهێناو ئێستا بەقسەش بێت دان بەبونی کورددا دەنێن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هێشتا دەستی لەزهنییەتو سیاسەتی نکۆڵیکردن لەکورد بەرنەداوە، ئەگەر بەقسەش دانی بەبونی گەلی کورددا نابێت، لەکردەوەدا نکۆڵی لێدەکات، پەرەسەندنەکانی ڕۆژئاوای کوردستانو ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن، نمونەی هەرە سادەکەی داخستنی لاپەڕەی ئینستاگرامی ئەو منداڵەیە بەناوی ڕۆهان کە گۆرانی بۆ ئامەدسپۆر دەڵێت، هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە تورکیا هێشتا بەتەواوی بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەی کوردی نەداوە، هێشتا هەر دودڵە، هەر ئانو ساتێک دەتوانێت پاشەکشێ لەپرۆسەکە بکات.
تورکیا تائێستاش بەجۆرێک هەنگاو دەنێت کە ئەگەر بارودۆخەکە گۆڕا، سبەینێ بتوانێ پاشەکشهى لێبکات، هەموو هەنگاوەکانی نایاسایین، بۆ نمونە بەگوێرەی دەستورو یاساکانی تورکای TRT6 نایاساییە، بەڵام بەشێوەیەکی دیفاکتۆ هەیە، بۆ ئەوەی کە ئەگەر کەسێک تانەی لێدا کە تۆ نکۆڵی لەکورد دەکەیت، بڵێت ئەوەتا دەبینن تەلەفزیۆنی کوردیم هەیە، هەروەها بەشی کوردی لەزانکۆکان کردوهتەوە، بەڵام هەموی لەدەرەوەی یاسان، لەم پرۆسەی دواییەدا، تائێستا چ هەنگاوێکی ناوە، هەموو دیفاکتۆو نایاسایین، هەربۆیە هەر کاتێکی ویستی دەتوانێت پاشگەزبێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ڕێبەر ئاپۆو تەڤگەری ئاپۆییش دەستیان لەتێکۆشان بۆ ئازادی گەلی کورد هەڵنەگرتوە، ئەوەی هەیە گۆڕانکارییە لەچەمکو شێوازی تێکۆشاندا، ئەم گۆڕانکارییانەش ڕەهەندی فەلسەفی، مێژویی، سیاسییو سۆسیۆلۆژی هەیە، شەڕی چەکداریی ڕۆڵی خۆی گێڕا، کوردی زیندوکردەوەو لەگۆڕی بەتۆنکراوی چیای ئاگری دەریهێنا، بونی کوردی بەشێوەیەکی دیفاکتۆ سەلماند، دیواری نکۆڵیکردنی هەڵوەشاندەوە، ئەمە تێکۆشانێکی ئۆنتۆلۆژیک بوو لەپێناو بون، لەمەودوا ئیدی کاتی تێکۆشانی دیموکراتییە لەپێناو ئازادی.
کاتێک کە سەیری مێژوی بزوتنەوەی ئاپۆیی دەکەین، دەبینین کە تێکۆشانی چەکداریی کاتێک هاتوهتە ئاراوە کە هیچ جۆرە دەرفەتێک بۆ تێکۆشانی سیاسیی نەماوە، لەخۆیدا، ئەم بزوتنەوەیە هەر لەسەرەتاوە بەتێکۆشانی چەکداریی دەستی پێنەکردوە، بەڵکو پاش 11 ساڵ دەستی بەشەڕکردوەو هەر کاتێک کە بچوکترین دەرفەتی سیاسیی هاتبێتە ئاراوە، ئاگربەستی ڕاگەیاندوە، لەڕوی مەیدانیشەوە دوای 42 ساڵ شەڕ هیچ لایەنێک نەیتوانیوە بەسەر لایەنی دیکەدا زاڵ بێت، چەندەش ئەم شەڕە بەردەوامبێت ئەم ئەنجامە ناگۆڕدرێت، لەشەڕو توندوتیژیدا هەم کورد زەرەر دەکاتو هەمیش دەوڵەتی تورکیا.
ئەم گۆڕانکارییانەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتی بۆ دەکات، دەرەنجامی گوشارو سەپاندنەکانی دەوڵەتی تورکیا نییە، وەک ئەوەی هەندێک کەس بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو دەرەنجامی تێڕامانو قاڵبونەوەی ڕێبەر ئاپۆیە لەسەر ڕاستییە مێژوییو کۆمەڵایەتییەکانو گۆڕانکارییە سیاسییە هەنوکەییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕێبەر ئاپۆ پێشتریش لەساڵەکانی 1998و 2002دا هەمان ئەم هەنگاوانەی ناوە، ئەوکاتە وتی، "دەست لەپەکەکە هەڵدەگرم"، ئهوهبوو پەکەکەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام کاتێک کە بینی لایەنی بەرامبەر نزیکى چارەسەر نابێتەوە، جارێکی دیكه پەکەکەی دامەزراندەوە.
دەوڵەت تائێستا هیچ هەنگاوێکی سیاسییو یاساییو دیموکراتیو حقوقی جدی نەناوە، دەوڵەت هیچ کاتێک نەیشاردوهتەوە کە ئامانجی ئەوان خۆڕادەستکردنو بێچەککردنی پەکەکەو بەڕێوەبەرو ئەندامانی پەکەکەیە، ئامانجی ئەوان بێچەککردنی هەموو کوردە، دەڵێن وەرن خۆتان ڕادەستبکەن، چەکەکانتانیش ڕادەستبکەن، ئینجا ئەگەر ئێمەش زگمان پێتان سوتا، هەندێک هەنگاوی یاسایی دەنێینو زیندانیتان ناکەین، نیقاشەکان تەنها لەچەک بەرداندا قەتیس دەکرێنەوە، ئەمە نەک چارەسەری، بەڵکو پاکتاوکارییە، هەربۆیە بزوتنەوەی ئاپۆییش زۆر بەهەستیارییەوە مامەڵە دەکات، پرۆسەکە تائێستاش بەڕێوەدهڕوات لەبەرئەوەیە، بزوتنەوەی ئاپۆیی بەهەنگاوی تاکلایەنانە پاڵی پێوەدەنێتو ئیرادەی بەرەوپیشەوەبردنی پرۆسەکە لەخۆیەوە نیشاندەدات، تورکیا نەک هەر پاڵ بەپرۆسەکەوە نانێت، بەڵکو بەبیانوی جۆراوجۆر ئاستەنگیشی بۆ دروستدەکات، هەربۆیە پرۆسەکە زۆر بەهێواشی بەڕێوە دەڕوات، ئەگەر نەمانەوێت بڵێین کە ناڕوات.
شارپرێس: لەماوەی ئەم چەند مانگەی ڕابردودا دوای ئەوەی گەریلا هەنگاوی بەئاراستەی ئاشتیی ناوە، هیچ گۆرانكارییەكی بەرچاو لەبیروبۆچونی كۆمەڵگەی توركی دروستبوە، بەتایبەت توێژى ڕۆشنبیران؟
زاگرۆس: راستە، ڕێژەیەکی زۆر لەکۆمەڵگهی تورکی ئاشتییان دەوێت، ئەوانیش نایانەوێت خوێن بڕژێت، بەگوێرەی دوایین ڕاپرسییەکانیش لەسەدا 60ی کۆمەڵگهی تورکیا پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە دەکات، توێژى ڕۆشنبیری تورکیا لەمێژە دژایەتی خۆیان بۆ شەڕی دژ بەکورد ڕاگەیاندوە، لەسەرەتای ساڵی 2016دا ههزارو 128 کەسایەتی ڕۆشنبیرو ئاکادیمی دەستپێشخەرییەکیان ڕاگەیاند، بەناوی "ئەکادیمییەکان بۆ ئاشتیی"، دروشمەکەشیان بریتى بوو له"ئێمە نابین بەهاوبەشی ئەم تاوانە"، هەربۆیە دەوڵەتی ئەردۆغانو باخچەلی هەموو ئەم کەسایەتییانەیان لەکار دورخستەوەو بەشێک زۆریشیان کەوتنە زیندان، بەڵام ئەوان دەستیان لەهەڵوێستی ئاشتیخوازانەی خۆیان هەڵنەگرتوە، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بەڕاستی ئاشتیی دەوێت پێویستە قەرەبوی ئەو زوڵمو بێدادیە بکاتەوە کە لەم کەسایەتییە ئەکادیمییانە کردویەتی، هەروەها ئێستاش ڕۆشنبیرانی تورکیا هەڵمەتی "1001 واژۆ بۆ ئاشتی"یان ڕاگەیاندوە.
ڕاستییەکی دیكه کە پێویستە لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە، کۆمەڵگهی تورک زۆر لەژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیاو سیاسەتی دەوڵەتدایە، واتە دەوڵەت کۆمەڵگهی تورکی دروستکردوە، کۆمەڵگه دەوڵەتی دروستنەکردوە، لەماوەی ئەم 100 ساڵەی ڕابردودا دەوڵەت ژەهری نەتەوەپەرستی، ڕەگەزپەرستیو فاشیزمی بەدەرخواردی ئەم میللەتە داوە، کاریگەرییەکانی ئەم ژەهرە ئێستاش هەر بەردەوامن، لەمدواییانە کاتێک کە یانەی ئامەدسپۆر ڕوبەڕوی کۆجائەلی سپۆر بوەوە، لایەنگرانی کۆجائەلی سپۆر تەلیسی زەردیان دەشەکاندەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو گەریلایانەی کە لەڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ سوپای تورکدا شەهیدبونو تەرمەکەیان لەناو تەلیسی زەرددا هەڵدەگیرا، یان وێنەی یەشیل (Mahmut Yıldırım)و سەیارەی جۆری تۆرۆسی سپی (Beyaz Toros) یان هەڵدەگرت وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو 17 ههزارو 500 کەسە نیشتمانپەروەرە کوردەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە بێسەروشوێنکران، ئێستا تورکیا ڕوبەڕوی ئاڵنگارییەکی وەها بوەتەوە کە چۆن ئەم جەماوەرە بەفاشیستکراوە بۆ ئاشتیی ڕازیی بکات.
لەهەمانکاتیشدا هەڵوێستی ئەم جەماوەرە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بیانو بۆ هەنگاونەنان بەرەو ئاشتی بدۆزێتەوە، دەڵێت ناتوانم هەنگاوی بەرچاو بنێم، چونکە جەماوەرو هەندێک پارتی ڕەگەزپەرست، لەدژم دەوەستنەوە، وادیارە لەناو دەوڵەتدا ڕۆڵو ئەرکەکان دابەشکراون، وەک پۆلیسی باشو پۆلیسی خراپ، ئەگەر بەڕاستی ئاشتییان دەوێت، دەتوانن جەماوەری خۆیان قەناعەت پێبکەن.
شارپرێس: ئەو یاسایەی دەرچوو، تاچەندە ئومێدبەخشە وەك كردنەوەی پەنجەرەیەك بەڕوی ئاشتییو لێكتێگەیشتن؟
زاگرۆس: ئەم یاسایە لەو ڕوەوە واتادارە کە دوای 100 ساڵ لەپەرلەمانی تورکیادا لەسەر کێشەی کورد نیقاشو گفتوگۆکرا، وەک شتێکی سیمبولیک واتایەکی گرنگی هەیە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی کێشەی تێدایە، پێشتر لەپەرلەمانی تورکیادا هەرساڵەو جارێک یاسای پەشیمانی دەردەچوو، ئامانجی ئەم یاسایە ئەوەبوو کە گەریلاکان هانبدات ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا ببن، (یاسای چوارچێوە) فۆڕمی بۆیاخکراوی (یاسای پەشیمانی)یە، زەحمەتە ئەم یاسایە، ئەگەر هەموارکردنێکی جدی تێدانەکرێت، بکەوێتە واری پراکتیکیەوەو جێبەجێبکرێت، چونکە هەڵگری چەندین خاڵی ناکۆکەو پڕە لەپارادۆکس.
ئەم یاسایە دەڵێت، "تورکیا بێ تیرۆر"، کوردو تیرۆر دێنێتە لای یەک، باسی چارەسەری پرسی کورد ناکات، هەموو کەس ئازادە کە ئەم پێناسەیە بەگوێرەی تیڕوانینی خۆی شرۆڤە بکات، ئەگەر ئێمەی کوردیش لەڕوانگەی خۆمانەوە شرۆڤەی بکەین، دەتوانین بڵێن کە کاربەدەستانی دەوڵەت دانیان بەوەداناوە، دەوڵەتی تورکیا پێشتر تیرۆریست بوەو تیرۆری دەوڵەتی بەکارهێناوە، کۆمەڵکوژی دێرسیمو گەلی زیلانو ڕۆبۆسکی ئەنجامداوەو ئەرمەنی جینۆسایدکردوەو ئێستاش دەستی هەڵگرتوەو ئیدی وڵاتێکی بێ تیرۆرە، تورکیای بێ تیرۆرە.
هەروەها، بەگوێرەی ئەم یاسایە، پێویستە دوای ئەوەی کە هەموو ئەندامانی پەکەکە چەکیان داناو دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا چەکدانانی پشتڕاستکردەوە یاساکە جێبەجێبکرێت، ئەی ئەگەر کەسێک یان گروپێک لەناو پەکەکەدا چەکی دانەنا، چی دەبێت؟ لەدۆخێکی وەهادا ئایا ئەم یاسایە لەسەر کاغەز دەمێنێتەوەو هەر جێبەجێناکرێت؟ دوای ئەوەی کە پەکەکە بەتەواوی چەکی دانا، چ گەرەنتییەک هەیە کە تورکیا مافی کورد بدات؟ لەم یاسایەدا هیچ باسی کورد ناکرێت، هەر باسی تیرۆر دەکرێت، چ گەرەنتییەک هەیە کە لەبەڵێنەکانیان پاشگەزنەبێتەوە؟ مەگەر لەسەردەمی شەڕی جیهانی یەکەمیشدا مستەفا کەمال بەڵێنی بەکورد نەدابوو کە موختارییەت بەکورد بدات؟! مەگەر ئەوکاتە لەپەرلەمانی تورکیادا باسی "کوردستان مەبوسلاری" (نوێنەرانی کوردستانی) نەدەکرد؟ بەڵام کاتێک کە لەگەڵ ئینگلیز ڕێککەوت، تەنانەت نکۆڵی لەهەبونی کوردیش کردو بەسەدان هەزار کەسی لەئامەدو دێرسیمو گەلی زیلان کۆمەڵکوژ کرد.
ئایا چ گەرەنتییەکی یاساییو سیاسییو دەستوریی هەیە کە ئەگەر پەکەکە بەتەواوی چەکی دانا، جارێکی دیكه کۆمەڵکوژی بەسەر کورددا نەیەت؟ هەربۆیە پێویستە گەرەنتی یاساییو دەستورییو سیاسیی هەبێت، دەوڵەتیش بەشێوەیەکی هاوتەریبو پارالێڵ لەگەڵ هەنگاوەکانی پەکەکە هەنگاوی یاسایی بنێتو کۆمەڵگهی تورکی بۆ ئاشتی ئامادەبکات.
دوای 53 ساڵ لەخەباتو تێکۆشانو فیداکاریی زیاتر لە27 ههزار شەهید، دەوڵەتی تورکیا ناچاربوو بەشێوەیەکی زارەکی دان بەبونی کورددا بنێت، ئەمە هەنگاوی یەکەمەو هەتا هەنگاوی دوەم نەنرێت ئەم هەنگاوە هیچ گەرەنتییەکی نییە، هەنگاوی دوەمیش ئەوەیە کە بەنوسین، واتە بەیاساو بەدەستور، دان بەمافەکانی کورددا بنێن، هەنگاوی سێیەمیش ئەوەیە کە لەدڵەوە دان بەبونی کورددا بنێن، ئەمەش بهواتای شۆڕبونەوەی ئاشتیی بۆ ناو هەموو چینو توێژەکانی کۆمەڵگه دێت.
پێشتر دەیانوت، "کورد هەر نەبوەو نییە"، "ئەمانە تورکی شاخاوین"، "قەدەغەیە هیچ کەس تەنانەت بەکوردیش خەون ببینێت"، وایانکردبوو کە لەسەر قسەکردن بەکوردی دراوسێ دیوار بەدیوار سیخوڕییان بەسەر یەکترەوە دەکرد، بەڵام ئێستا دەڵێن "کورد هەیە"، "بەبێ کورد، تورکیا بونی نییە"، "کورد برامانن، کوردمان خۆشدەوێت"، "ئەو تورکەی کوردی خۆشنەوێت، تورک نییە"، ئەمە گۆڕانکارییەکی بنچینەییە لەکۆدی زارەکی دەوڵەتی تورکیادا، بەڵام بۆ ئەوەی سەقامگیربێت پێویستە بەشێوەی نوسراوەییش دان بەکورددابنێت، خۆشەویستی تەنها بەقسەی شیرینو خۆش نابێت، پێویستە ڕەنگدانەوەی لەناو یاساو ڕێساکانی ژیانی هاوبەشدا هەبێت، واتە لەناو یاساو دەستوردا جێگە بدەن بەکورد، مافی کورد دەستەبەربکەن.
تورکیا هەروا لەخۆیەوەو لەبەرچاوی ڕەشی کورد ئەمکارە ناکاتو ماف نادات بەکورد، بەڵکو ئەمە پێویستی بەتێکۆشانی خودی کورد هەیە، بۆ ئەم تێکۆشانەش چەندین ساڵی دیكه خەباتو تێکۆشان پێویستە، ڕەنجو ماندوبون پێویست دەکات، ئەگەر ئەمەش بەدیهات، ئەمجا پێویستە لەدڵەوە دان بەکورددا بنێت، واتە ئەم ئاشتییە شۆڕبێتەوە بۆ ناو هەموو چینو توێژەکانی کۆمەڵگهی تورکیا، واتە هەر تورکێک وا هەستبکات کە کورد دامەزرێنەری سەرەکی کۆماری دیموکراتی تورکیایە، هەروەکو چۆن زۆربەی کوردانی باکوری کوردستان دەتوانن بەزمانی تورکی قسەبکەن یان لانی کەم لەزمانی تورکی تێدەگەن، تورکەکانیش فێری زمانی کوردی ببن، مادام باسی برایەتی کوردو تورک دەکەن، ئەمەش پێویستییەکی برایەتییە، برا پێویستە لەزمانی براکەی تێبگات، پێویستە ئیدی کینو نەفرەتو هەستی تۆڵە نەمێنێت، ئەمەش قۆناغی سێیەمەو پێویستی بەچەندین ساڵ خەبات هەیە.
شارپرێس: هیچ وڵاتێکی ئەوروپی بەناڕاستەوخۆ چاودێریی دۆخی گفتوگۆکان دەکات؟ چ وڵاتێک هاوکارە بۆ ئەوەی گفتوگۆکان سەرکەوتوبێت؟
زاگرۆس: لەزۆر شوێنی دونیادا کێشەی هاوشێوە هەیە، واتە لەنێوان دەوڵەتیکو گەلێکی دیاریکراو، لەنێوان دەوڵەتێکو گروپێک یان چەند گروپێکی ئەتنیکی یان ئایینی شەڕو ئاڵۆزیی هاتونەتە ئاراوە، لەپێناو چارەسەری ئەم کێشانەشدا لایەنێک یان چەند لایەنێکی نێوەندگیر یان چاودێر هەوڵیانداوە ڕۆڵ بگێڕن، نمونەی ئەمانەمان لە(ئیرلەندا، ئیسپانیا، کۆڵۆمبیا)و هتد هەیە، لەزۆر شوێندا ئەم لایەنانە ڕۆڵی ئەرێنیو پۆزەتیفیان گێڕاوە.
لەپرۆسەی "ئاشتیو کۆمەڵگهی دیموکراتی"دا بەشێوەیەکی فەرمی لایەنێکی سێیەم، لایەنێکی نێوەندگیر یان چاودێر نییە، بەڵام هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی هەن کە پەیوەندییان لەگەڵ بزوتنەوەی ئاپۆیی هەیە، پێشتریش هەر پەیوەندییان هەبوە، ئەوەندەی بزانین ئەم لایەنانە لەهەمانکاتدا پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیاش هەیە، بەڵام ئەم لایەنانە هێشتا بەشێوەیەکی فەرمی، وەک نێوەندگیر یان چاودێر، نەکەوتونەتە ناو پرۆسەکەوە، چونکە نێوەندگیری ئەوان پێویستی بەڕەزامەندی هەردولایەنی کێشەکە هەیە.
شارپرێس: ڕێككەوتنی كوردان لەڕۆژئاوا لەگەڵ حكومەتی سوریا هیچ كاریگەریەكی ئەرێنی دەبێت لەسەر گفتوگۆ لەباكورو پرسی ئاشتیی؟
زاگرۆس: پێچەوانەکەی ڕاستە، ئەوە گفتۆگۆکانی باکورە کاریگەریی لەسەر ڕێککەوتنی کوردانی ڕۆژئاوا لەگەڵ حکومەتی سوریا داناوە، هەروەها پێویستە هیچ کاتێک خۆڕاگرییو پشتیوانی گەلی باشوری کوردستانو گەلی کورد لەهەر چوار لای جیهان لەبیر نەکەین.
شارپرێس: ئەم گفتوگۆیانە کە ئێستا لەباکوری کوردستان دەستیان پێکردوە، بەڕای ئێوە، تا چەند کاریگەریی دەبێت لەسەر بەشەکانی دیكهى کوردستان، بەتایبەتی ڕۆژهەڵات؟
زاگرۆس: باکوری کوردستان گەورەترین بەشی کوردستانە، هەم لەڕوی جوگرافیاو هەم لەڕوی ژمارەی دانیشتوانەوە، خاوەنی گرنگییەکی زۆری جیۆپۆلهتیکو جیۆستراتیژییە، هەرجۆرە پەرەسەندنێکی سیاسییو کۆمەڵایەتی کە لەباکوری کوردستاندا بێتە ئاراوە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەشەکانی دیكهى کوردستان هەیە، بەتایبەت ڕۆژئاواو باشوری کوردستان، چونکە ئەم سێ بەشەی کوردستان هەتا 100 ساڵ لەمەوبهر یەکبەش بون، لەبواری سیاسیدا، ئەم سێ بەشەی کوردستان هەمویان لەسنوری میساقی میللیدا بون، میساقی میللی هاوپەیمانی کوردو تورکە، بەڵام پاشان بەهۆی پەیمانی لۆزانەوە، باشوری کوردستان (ویلایەتی موسڵ) کەوتە ژێر کاریگەری بەریتانیاو ڕۆژئاوای کوردستانیش (ویلایەتی حەلەب) کەوتە ژێر کاریگەری فەرەنساوە، مستەفا کەمالیش نکۆڵی لەهاوپەیمانی کوردو تورک کرد.
کلیلی چارەسەرکردنی دیموکراتی کێشەی کورد لەباشورو ڕۆژئاوای کوردستان، چارەسەری کێشەی کوردە لەباکوری کوردستان، تا ئەوکاتەی کە سیاسەتی نکۆڵیو توانەوە لەسەر باکوری کوردستان پەیڕەوبکرێت، کێشەی کورد نە لەڕۆژئاوای کوردستان چارەسەردەکرێتو نە لەباشوری کوردستانیش.
باکورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدوای پەیمانی قەسری شیرین لهساڵى 1639 لەبواری سیاسیدا لەیەک دابڕاون، باکور کەوتوهتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیو ڕۆژهەڵاتیش کەوتوهتە ژێر دەسەڵاتی سەفەوی، بەڵام ململانێ جیۆپۆلهتیکی لەنێوان عوسمانیو سەفەویو قاجارەکان وایکردوە، پەرەسەندنەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەریی لەسەر یەکتر دانێن، لەسەردەمی شەڕی یهكهمى جیهانیدا، سوپای عوسمانی تا هەمەدان پێشڕەویکردوە بۆ ئەوەی بەر لەسوپای ڕوسیا بگرێت، ئێستاش کە سەردەمی شەڕی سێیەمی جیهانییە، جارێکی دیكه سوپای تورکیا هەڕەشەی دەستێوەردان لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکات بۆ ئەوەی ئەویش لەئەگەری دابەشبونی ئێراندا بەشێکی بەرکەوێتو ئەگەری هەرجۆرە دەستکەوتێک بۆ کوردیش لەناوبەرێت.
ئێرانو ڕۆژهەڵاتی کوردستان وڵاتی فەلسەفەو ڕۆشنبیرییو مەعریفەن، هەر تێکۆشانێک کە ڕەهەندی ڕۆشنبیریی، فەلسەفیو مەعریفی هەبێت، مسۆگەر کاریگەریی لەسەر ئێرانو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێت، لەساڵی 1999 بەدواوە، بزوتنەوەی ئاپۆییو فەلسەفەی ئاپۆیی، مۆرکی خۆی لەپەرسەندنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە، کاتێک کە ڕێبەر ئاپۆ بەگەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی ڕفێنراو ڕادەستی تورکیا کرایەوە، گەورەترین سەرهەڵدانی جەماوەریی لەهەموو کوردستانو جیهاندا لەڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوەو بەدەیان کەس بەدەستی هێزەکانی ڕژێمی ئێران شەهیدبون.
(ژن، ژیان، ئازادی) وەک فەلسەفەی تێکۆشان سەرەتا لەساڵی 2006 لەدورگەی ئیمراڵی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە فۆرمیلەکراو پێشکەش بەگەلی کورد کرا، ئەم فەلسەفەی تێکۆشانە هەموو بەشەکانی کوردستان گەڕا، بەڵام زۆرترین ڕەنگدانەوەو کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانو ئێران دانا، فەلسەفەی (ژن، ژیان، ئازادی) لەڕێگەی ئێرانو ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بوو بەفەلسەفەیەکی گەردونی بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازیی، قۆناغی(ئاشتیو کۆمەڵگهی دیموکراتی) خاوەن ڕەهەندی فەلسەفیو مەعریفی خۆیەتیو ئەو هێزەی تێدا هەیە کە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگهی ئێرانو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابنێت.
ئەو گفتوگۆیانەی کە ئێستا لەباکوری کوردستاندا بەڕێوەدەچن، لەدوو بواردا کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێن، یەکەمیان، لەئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا مەترسیو بیانوەکانی تورکیا بۆ دەستێوەردان لەڕۆژهەڵاتی کوردستانو ئێران کەمدەکەنەوەو هانی تورکیا دەدەن لەجیاتی ئەوەی ببێتە بەشێک لەکێشەکە، ببێت بەبەشێک لەچارەسەر، تورکیا تا چ ڕادەیەک ئەمە پەسند دەکات، خۆی دەزانێت.
دوەم کاریگەریش ئەوەیە، ئەو مۆدێلەی کە بۆ چارەسەری لەباکوری کوردستان خراوەتەڕوو، دەتوانێت ببێت بەنەخشەڕێیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، مەبەستم مۆدێلی کۆمەڵگهی دیموکراتیو ئهنتگراسیۆنی دیموکراتییە، چونکە زەمینەی مێژویی، کولتوری، کۆمەڵایەتیو سیاسیی لەئێراندا بۆ ئەمجۆرە چارەسەرییە لەبارترە، کوردو تورک ههزار ساڵە پێکەوە دەژین، بەڵام کوردو فارس نزیکەی سێ ههزار ساڵە پێکەوە دەژین، کوردو تورک پێکەوە ئیمپراتۆری عوسمانییان بونیادنا؛ کوردو فارس لەئیمپراتۆری ماد-پارسەوە بگرە تا ئیمپراتۆری عەباسیو تەنانەت دواتریش چەندین ئیمپراتۆرییان پێکەوە بونیادناوە، کوردی لێ دەركە، شتێک بەناوی شارستانییەتی فارسو شارستانییەتی ئێران نامێنێت، زمانی کوردیو فارسی زۆر لێکنزیکنو لەیەک گروپی زمانیدان (هیند-ئەوروپایی)، بەڵام ئەم دەسەڵاتەی کە ئێستا لەئێراندا سەرکارە، نکۆڵی لەم ڕاستییە مێژوییو کۆمەڵایەتییانە دەکات.
لەلای دەسەڵاتی ئێستای ئێراندا کورد/لوڕ لەباشترین حاڵەتدا تەنها پاسەوانی سنورن (مرزداران غیور) بۆ پاراستنی فارسەکان، ئەگەر هەندێک هەنگاوی سیمبۆلیکیش بنێن، زیهنییەتەکەیان نەگۆڕاوە، ڕژێمی ئێستا پەرە بەناسیۆنالیزمی فارسیو شیعەگەری دەدات، بەپشتبەستن بەم زیهنییەتە هەم هەڕەشە لەکۆمەڵگه دەکاتو هەم لەوڵاتانی هەرێمەکە، بەڵام کێشەکانی ئێران بەپیتاندنی یۆرانیۆمو ڕەتاندنی کۆمەڵگه چارەسەرنابن، هەربۆیە مۆدێلی کۆمەڵگەی دیموکراتیو ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی گونجاوترین ڕێگەچارەن بۆ کۆتایهێنان بەزەختو گوشارو ئیعدامی دەوڵەت لەسەر هەموو گەلانی ئێرانو هەروەها ڕێگریکردن لەدەستێوەردانی دەرەکی، ئێران تەنها کاتێک دەتوانێت لەم قەیرانەی ئێستا ڕزگاری ببێت کە بتوانێت لەچوارچێوەی کۆمارێکی دیموکراتیدا گەرەنتییەکی دەستورییو یاسایی بۆ مافو ئازادییەکانی هەموو گەلان بەتایبەت کورد/لوڕ، ئازەری/تورکمان، عەرەب، بەلوچ، گیلەکو هتد دەستەبەربکات، پێویستە هەموو گەلانو ئایینەکان بتوانن لەچوارچێوەی بەڕێوەبەری خۆجێیدا بەشداریی لەکۆمارێکی دیموکراتیدا بکەن، لەمێژوی نزیکی ئێراندا، "انجمن ایالتیو ولایتی" هەیە، جۆرێکە لەفیدراڵیزم، ئەمە دەتوانێت ببێت بهسەرەتایەک بۆ چارەسەری دیموکراتی کێشەکان، بەرلەهەموو شتێک پێویستە ئێران لەگەڵ مێژوی خۆیدا ئاشتبێتەوە، لەگەڵ کۆمەڵگهی خۆیدا ئاشتبێتەوە.
شارپرێس: ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیو کۆمەڵگهی دیموکراتی چۆن دەتوانن ببن بەمۆدێلێکی چارەسەریی؟ زۆرێک لەڕەخنەگران باس لەو مەترسییە دەکەن کە ئەنتەگراسیۆن دەبێتە هۆی توانەوەی شوناسی کورد لەناو دەوڵەتدا، ئایا ئەمە چەندە ڕاستە؟ ڕەهەندەکانی تیۆری "کۆمەڵگهی دیموکراتی"و "ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی" چیین؟ بیرۆکەی "کۆماری دیموکراتی" لەکوێى ئەم پرۆسەیەدایە؟
زاگرۆس: لێرەدا پێویستدەکات دەستەواژەکان بەجیا پێناسە بکەین، "کۆمەڵگەی دیموکراتی" ئەو کۆمەڵگهیەیە کە لەسەر بنەمای هەرەوەزیی (کۆمۆنە) خۆی ڕێکخستوە، تواناى ئەوەی هەیە كه لەبەرامبەر هێرشی پاکتاوکاریدا خۆی بپارێزێت، پشت بەئیرادەو ئیمکانیاتی خۆی دەبەستێت، کێشەكانى خۆی بەهێزی گەوهەری خۆی چارەسەر دەکات، لێرەدا باس لەمیکانیزمە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگه دەکەین کە بەبێ ئەوەی ناچاربێت پەنا بۆ دەوڵەت ببات، بەهێزی خۆی کێشەکانی خۆی چارەسەربکات، بۆ نمونە، لەگەڕێکدا کێشەی کۆکردنەوەی زبڵو خاشاک هەیەو حکومەت چارەسەری ناکات.
لێرەدا دانیشتوانی گەڕەک خۆیان قۆڵی لێی هەڵدەماڵنو چارەسەری دەکەن، یان لەگەڕێکدا کێشەی مادەی هۆشبەر هەیەو ڕەنگە دەوڵەتیش هانی گەنجان دەدات بۆ مادەی هۆشبەر، دانیشتوانی گەڕەک بۆ خۆیان سیستەمێکی خۆپاراستن لەم دیاردەیە دیاریدهکەنو بنبڕی دەکەن، چ کێشەیەک هەبێت، لەبێکارییەوە بگرە تا پەروەردە بەزمانی دایک، هەوڵدەدەن لەسەر ئەم بنەمایە چارەسەری بکەن، کۆمەڵگهیەکی بەمشێوەیە زۆر پێویستی بەدەوڵەت نامێنێت، بەڵام ناتوانێت بونی دەوڵەتیش پشتگوێبخات، هەربۆیە لەبوارەکانی وەک پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەت، بەشداربون لەناو دەوڵەتو بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەندێک پرەنسیپو بنەما دیاریدەکات، لێرەدایە کە ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی دێتە ئاراوە، پێش مەرجی ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتى کۆمەڵگهی دیموکراتییە، ئەگەر کۆمەڵگهیەک دیموکراتی نەبێت، واتە لەسەر بنەمای دیموکراسی خۆجێیو نەتەوەی دیموکراتی کێشەکانی خۆی چارەسەرنەکات، ناتوانێت لەگەڵ دەوڵهتدا ئەنتەگرەو یەکانگیربێت؛ بەپێچەوانەوە، دەتوێتەوەو لەناودەچێت.
ئەنتەگراسیۆن وشەیەکی ئینگلیزییە بەواتای تێکەڵکردن، ئاوێتەبون، لەواتا سیاسییەکەیدا دەتوانین وەک "یەکانگیربون" یان "یەکانگیریی" پێناسەی بکەین، لەزمانی عەربیدا وەک "اندماج"و "دمج" بەکاردێت، بەڵام هاو واتا ڕاستەکەی "التکامل"ە. لەزمانی فارسیدا وەک پهیوەندیی پێناسە دەکرێت.
ئێستا مشتۆمڕێکی زۆر لەسەر ئەنتەگراسیۆن هەیە؛ گوایە کورد دەستی لەئامانجو دەسکەوتەکانی بەرداوەو لەناو دەوڵەتێکی دیاریکراودا دەتوێتەوە، ئەنتەگراسیۆن بەمانای توانەوە یان دەستهەڵگرتن لەشوناسی نەتەوەییو ئایینیو ڕەگەزی نایەت، بەڵکو پرۆسەی یەکگرتنو هاوسەنگییەکی ئارەزومەندانەیە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا، هەروەها لەنێوان ئەم پێکهاتانەو دەوڵەتدا، بەبێ لەدەستدانی شوناسو توانەوە لەناو یەکتردا.
لەسیستمی دەوڵەت-نەتەوەی باودا، ئەنتەگراسیۆن زۆرجار بەواتای ئەوەدێت کە کەمینە نەتەوەیی یان کولتورییەکان ناچاربکرێن لەناو کولتوری زۆرینە یان دەسەڵاتی ناوەندیدا بتوێنەوە، وەک ئەو کوردانەی کە کۆچی ئەوروپا دەکەنو پاش نەوەیەک یان دوو نەوە ئیدی منداڵەکان ناتوانن بەزمانو کولتوری کوردی بژین، بەڵام ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی پێچەوانەی ئەمەیە، ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی دەبێت پارێزگاری لەفرەیی (Pluralism) بکات؛ واتە گروپە جیاوازەکان (کورد، عەرەب، تورکو پێکهاتە ئایینیو نەتەوەییەکان) بتوانن لەسەر بنەمای چەمکی نەتەوەی دیموکراتی پێکەوە بژینو یەکبگرن، بەڵام هەرلایەنەو زمان، کولتورو تایبەتمەندیی خۆی بپارێزێتو لەسەر بنەمای پاراستنی ئەم تایبەتمەندییانەش بەشداریی لەدەوڵەتدا بکات.
لێرەدا دوو ڕەهەندی ئەنتەگراسیۆن هەیە: یەکەمیان ئەنتەگراسیۆنی ناوخۆییە لەناو کۆمەڵگهدا، چونکە کۆمەڵگه هەموو لەیەک شوناسی نەتەوەییو یەک جۆرە باوەڕی پێکنایەت، خاوەن هەمەڕەنگیو فرەدەنگییەکی زۆرە، مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتی ىاشترین چارەسەرە بۆ ئەم دۆخە، نەتەوەی دیموکراتی مۆدێلێکی سیاسییە کە تیایدا شوناسە جۆراوجۆرەکان دەتوانن بەهاوبەشی لەسەر بنەمای یەکسانی، ئازادیو برایەتی پێکەوە بژین، دوەمیان ئەنتەگراسیۆن یان یەکانگیربونی ئەم کۆمەڵگهیەیە لەناو دەوڵەتدا، هەڵبەت لەسەر بنەمای دیموکراتی.
ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی شتێکی ستونی نییە کە تێیدا دەسەڵاتی ناوەندیی لەسەرەوە بڕیار لەسەر هەموو ڕههەندەکانی ژیان لەهەموو شوێنێکی وڵاتدا بدات، بەڵکو شتێکی ئاسۆییە کە کۆمەڵگه لەڕێگەی ئەنجومەنو کۆمۆنە خۆجێییەکانەوە، ناوچەو پێکهاتە جیاوازەکانیش لەڕێگەی تۆڕێکی کۆنفیدراڵی ئارەزومەندانەوە پەیوەندییو یەکگرتن لەنێوان خۆیاندا دروستدەکەن.
ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی نە دێتە واتای جوداخوازییو نە توانەوەش لەناو نەتەوەو ئایینێکی دیكه یان دەوڵەتێکی دیكهدا، بەڵکو ئەو سیستەمەیە کە کورد یان هەر نەتەوەیەکی دیكه بتوانێت تیایدا بەشێوەیەکی ئازادانە گوزارشت لەبونو شوناسی نەتەوەییو ئایینی خۆی بکات، دیموکراسی خۆجێیی جێبەجێبکاتو پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەت لە سەر بنەمای دیموکراسی خۆجێی ڕێکبخاتەوە.
داگیرکەران مێتنگەرەکان هەندێک لەگەلان دەکەن بەمێتینگەی (colony) خۆیان، بەگوێری ستراتیژی ڕزگاریی نەتەوەیی، گەلێک یان نەتەوەییەک دەڵێت کە من زۆڵمم لێکراوەو لەپێناو نەهێشتنی ئەم زوڵمەدا دەست بەتێکۆشانی ڕزگاریی نەتەوەیی دەکات بۆ ئەوەی کە دەسەڵات بگرێتە دەست، کاتێک کە ئەم تێکۆشانە دەگاتە سەرکەوتنو نەتەوە-دەوڵەتێک بونیاد دەنێنو دەسەڵات دەگرنە دەست ئەوانیش ڕێک هەمان ئەو زوڵمو ستەمەو نادادییە پەیڕەو دەکەن کە پێشتر لەدژی سەریانهەڵدابوو، بەمشێوەیەش ئەم دەوڵەت-نەتەوە نوێیە دەست بەبەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو کێشانە دەکات کە ڕژێم یان ڕژێمەکانی پێشتر دروستیانکردبوو، ئەمەش خولانەوەیە لەناو بازنەیەکی داخراوو بێ کۆتاییدا.
سەیری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، تائێستا لەناو ئەم بازنەیەدا دەخولێنەوە، سیاسەتی دیموکراتیو ئەنتگراسیۆنی دیموکراتی دەچێتە دەرەوەی ئەم بازنە داخراوەو هەوڵدەدات کێشەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لەشوناسە نەتەوەییو ئایینییەکان، ڕێزگرتن لەبیروباوەڕییو ڕێزگرتن لەئازادی ڕادەربڕین چارەسەربکات، فۆرمیلی ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی، واتە فۆرمیلی "نە توانەوەو نە جوداخوازیی" هەم سیاسەتی شوناسی دەوڵەت-نەتەوەکانو هەم کاردانەوەی شوناسە سەرکوتکراوەکان کە پشت بەهەمان ئاسۆو پارادیمی دەوڵەت-نەتەوە دەبەستن ڕەتدەکاتەوە، ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی ئەم بازنەیە تێپەڕدەکات، ئەنتەگراسیۆن مۆدێلێکی یەکێتیی ئازادانەو یەکسانی نێوان شوناسە جیاوازەکانە، لەئەنتەگراسیۆندا هەر شوناسێک جیاوازیی خۆی دەپارێزێت، بەڵام دەتوانێت لە گەڵ شوناسەکانی دیكه یەکێتیی دروستبکات.
لێرەدا ستراتیژی تێکۆشان، ستراتیژی سیاسەتی دیموکراتییە، سیاسەتی دیموکراتی نایەتە واتای ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتو چارەسەرکردنی یەکجارەکی هەموو کێشەو ناکۆکییەکان لەگەڵ دەوڵەت، هەروەها نایەتە واتای ئەوەی کە هیچ پەیوەندییەکیش لەگەڵ دەوڵەت نەبێت، واتە، بەبێ ئەوەی کە پەنا بۆ چەکو توندوتیژیی ببرێت، لەڕێگەی ڕێکخستنکردنی کۆمەڵگهو چالاکی جۆراوجۆری دیموکراتییانە هەوڵدەدرێت هەم کێشە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگهو هەمیش کێشە هەنوکەییەکان لەگەڵ دەوڵەت چارەسەربکات، ئەم ستراتیژە لەگەڵ ستراتیژی ڕزگاریی نەتەوەیی جیاوازیی هەیەو هەوڵدەدات کەموکورتیو بنبەستەکانی تێپەڕبکات.
لەمڕوەوە، ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی مۆدێلی هاوپەیمانییەکی حقوقیو سیاسییە لەنێوان دەوڵەتو کۆمەڵگهدا، ئامانجی ئەم مۆدێلە هێنانە ئاراوەی گۆڕانکارییو وەرچەرخانە هەم لەکۆمەڵگهداو هەم لەناو دەوڵەتدا، مەرجی ئەنتیگراسیۆن ئەمەیە، لەئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیدا پێویستە دەوڵەت بەیەک چاو سەیری هەموو شوناسەکان، گەلو ئایینەکان بکات، شوناسێک یان ئایینێک بەبنەما ناگرێتو نکۆڵی لەوانی دیكه ناکات، مافی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕامانو ئازادی ڕێکخستن گەرەنتی دەکات، مافی شوناسی تاکەکەسیو شوناسی دەستەجەمعی (کۆلەکتیف) گەرەنتی دەکات، ئەنتەگراسیۆن نایەتە واتای ڕادەستکردنی دەستکەوتەکان، بەڵکو پاراستنو پەرەدان بەدەسکەوتەکانه، لەئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیدا پێویستە دەوڵەت دان بەبونو شوناسی تۆدا بنێت، تۆش دان بەبونی دەوڵەتدا بنێیت.
کۆماری دیموکراتی ئەو مۆدێلە سیاسییو سیستەمە سیاسیەیە کە لەئەنجامی ئەم تێکۆشانو هاوپەیوەندییو یەکانگیرییەدا دێتە ئاراوە، لەم سیستەمەدا کۆمەڵگهی دیموکراتی، لەگەڵ ئەوەی کە تایبەتمەندییەکانی خۆی دەپارێزێت، لەهەمانکاتدا بەشداریدەکات لەدیموکراتیزەکردنی دەوڵەتداو دەوڵەت ناچاردەکات، بەشێوەیەکی بەردەوام بنەما دیموکراتییەکان ڕەچاوبکات، وەک میکانیزمێکی کۆنترۆڵ هەم لەناو دەوڵەتەوەو هەم لەدەرەوەی دەوڵەتەوە، بۆ ئەوەی کە دەوڵەت بنەما دیموکراتییەکان پێشێلنەکات.
شارپرێس: ئێستا گەریلا چۆن ژیانی ئاساییو سیاسیی خۆی بەڕێدەكات، ئێوە بەنیازن هیچ هەنگاوێكی زیاتر بۆ نیشاندانی نیەتپاكی ئەنجام بنێن؟
زاگرۆس: بەرلەهەموو شتێک گەریلا هەوڵدەدات لەتایبەتمەندییەکانی قۆناغی نوێ تێبگات، لەڕەهەندە مێژویی، فەلسەفی، سۆسیۆلۆژی، سیاسییو پراکتیکییەکانی قۆناغی "ئاشتییو کۆمەڵگەی دیموکراتی" تێبگات، ستراتیژێکی 50 ساڵەی ڕزگاری نەتەوەیی گۆڕانکاریی بەسەرداهاتوەو ستراتیژێکی نوێ هاتوهتە ئاراوە، تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییانەو خۆگونجاندن لەگەڵیان کارێکی هەروا ئاسان نییە، هەتا تێگەیشتنێکی تێروتەسەل نەبێت، ئەگەری ئەوە هەیە گەریلا هەر هەنگاوێک بنێت، ئەنجامی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە، پێویستە هەموو هەنگاوەکان لەڕێگهى تێگەیشتنەوەبن، ئەم تێگەیشتنەش لەرێگهى پەروەردەوە مەیسەر دەبێت، گەریلا لەقۆناغی خۆ پەروەردەکردنو خۆ ئامادەکردندایە بەگوێرەی پێداویستییەکانی قۆناغی نوێ، هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرچی دەچێت ئاڵۆزترو قەیراناویتر دەبێت، نەخشەی هەرێمەکە گۆڕانکاریی بەسەردادێت، هەم ئەگەری ئاشتیی هەیەو هەمیش ئەگەری قوڵبونەوەی ناکۆکیو شەڕ، گەریلا بۆ هەموو ئەگەرێک خۆی ئامادە دەکات.
شارپرێس: زۆر باسدەکرێت کە سەرکەوتنی پرۆسەکە بەستراوەتەوە بەئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، ئایا تا چەند ڕاستەو دۆخی ئێستا بەگشتیی چۆنە؟ باس لەوەدەکرێت کە ڤێلایەکیان بۆ دروستکردوە لەدورگەی ئیمراڵی، ئەمە تا چەندە ڕاستە؟
زاگرۆس: ئەم بزوتنەوەیە بەرلەوەی کە پەکەکە دابمەزرێت ناوی بزوتنەوەی ئاپۆیی بوو، ئێستاش کە پەکەکە بەشێوەیەکی فەرمی هەڵوەشێنراوەتەوە هەر ناوی بزوتنەوەی ئاپۆییە، ئەم بزوتنەوەیە، لەیەکەم بیرۆکەو یەکەم کردارەوە بگرە تا یەکەم وتەو یەکەم گولە، مۆرکی ڕێبەر ئۆجەلانی پێوەیە، ئەوەی کە زۆرترین ڕەنجو ماندوبونی کێشاوە، زۆرترین قوربانیداوە، زۆرترین بەرهەمی تیۆری، فەلسەفی، فکری، سیاسییو کرداریی پێشکەشکردوە، زۆرترین کەسی ڕێکخستوە، زۆرترین گۆڕانکاریی کردوە، زۆرترین خزمەتیکردوە، زۆرترین زیندانیو تەنهاییو گۆشەگیریی کێشاوە هەر ڕێبەر ئۆجەلانە، هەموو ئەندامانی ئەم بزوتنەوەیە لەدەوری هزرو ڕامانی ڕێبەر ئۆجەلاندا کۆبونەتەوە، کاریانکردوە، ڕەنجو ماندوبونیان بینیوە، شەڕیانکردوەو شەهیدو برینداریان داوە.
هەربۆیە ئەگەر ئاشتییەکیش هەبێت یان پێویستە ڕێبەر ئۆجەلانی تێدابێت یان ئەو ئاشتییە هەرگیز نایەتەدی، لەم پرۆسە نوێیەشدا، ڕێبەر ئۆجەلان زۆرترین بەرپرسیارێتی مێژوییو سیاسییو ئەخلاقی گرتوهتە ئەستۆ، پەکەکە وەڵامێکی ئەرێنی بانگەوازییەکەی داوەتەوەو خۆی هەڵوەشاندوەتەوە، بەڵام لەدوایین کۆنگرەشیدا وتی، تەنها ڕێبەر ئۆجەلان دەتوانێت بڕیارەکانی کۆنگرە جێبەجێبکاتو گەریلا بۆ قۆناغی نوێ ئامادەبکات.
بزوتنەوەی ئاپۆیی بۆ سەلماندنى نیازپاکی خۆی بۆ ئاشتیی، زۆر هەنگاوی پڕلەواتای ناوە و ڕەنگە لەمەوبەدواش هەنگاوی وابنێت، بەڵام هەتا ئەوکاتەی ڕێبەر ئاپۆ لەزیندان ئازاد نەبێتو خۆی ئازادانەو بەشێوەیەکی یاسایی سەرپەرشتی پرۆسەکە نەکات، ئاشتی نایەتەدیو کەس چەکی خۆی دانانێت، زیاتر لە 80%ی گەریلا لەدوای ساڵی 1999 بەشداریی پەکەکە بون، ئامانج لەبەشداربونی هەمویان تێکۆشانە لەپێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، تا ڕێبەر ئاپۆ لەزیندان ئازاد نەبێت، هەلومەرجی کاری ئازادانەی بۆ نەڕەخسێنرێت، گەریلا لەچیا نایەتە خوارەوە.
هەم بەگوێرەی یاسای تورکیاو هەمیش بەگوێرەی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپاو بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، پێویستە ڕێبەر ئۆجەلان لەدوای بەسەربردنی 25 ساڵ لەزینداندا دوبارە دادگایی بکرێتەوەو ئازادبکرێت، لەیاسای یەکێتیی ئەوروپادا ئەمە وەک "مافی هیوا" پێناسە دەکرێت، واتە، هەرکەسێک کە بەحوکمی زیندانی هەتا هەتایی سزادرابێت پێویستە هیوای ئازادبونی لەزیندان هەبێت، بەڵام کە باس هاتەسەر ڕێبەر ئاپۆو گەلی کورد، نە ئەوروپا لەیاساکانی خۆی بەخاوەن دەردەکەوێتو نە تورکیاش، وادیارە، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ هەموو مرۆڤەکان نییە، دادگای مافی هەندێک مرۆڤە، دەوڵەت باخچەلی بەرلەدوساڵ باسی مافی هیوای کرد، بەڵام یان خاوەن لەقسەکەی خۆی دەرنەکەوت، یان هێزی تێری ئەوەی نەکرد کە قسەی خۆی بباتەسەر، ئێستا ڕێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان تورکیاو دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاو کۆنسەی ئەوروپادا هەیە، ئەوان بۆ ئەوەی زەخت لەسەر تورکیا دروستنەکرێت دۆخی ڕێبەر ئاپۆ ناخەنە ڕۆژەڤەوە، تورکیاش لەناو دورگەی ئیمراڵیدا ماڵێکی دروستکردوە بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لەم ماڵەدا بمێنێتەوە.
تورکیا بەم هەنگاوە دەیەوێت واى نیشانبدات کە ڕێبەر ئاپۆ لەزیندان هاتوهته دهرهوهو مافی هیوا بەجۆرێک لەجۆرەکان جێبەجێکراوە، دەیەوێت بەدادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڵێت، ئەوەتا لەزیندان ئازادم کرد، هەلومەرجی ژیانیم خۆشترکرد، بەمشێوەیە دەیەوێت کڵاوشەرعییەک بنێتەسەر دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا؛ وادیارە ئەوروپاش لەمێژە بۆ لەسەرنانی ئەم کڵاوشەرعییە ئامادەیە، بەڵام خانویەکی نوێش دروستکرابێت، حەزدەکەی با خۆشترین ڤێلابێت، زیندان هەر زیندانە، دورگەکە بۆ خۆی زیندانە، گۆشەگیریی هەر بەردەوامە، ڕێبەر ئاپۆ ناتوانێت ئازادانە پەیوەندیی لەگەڵ ڕای گشتیی دروستبکات، هەربۆیە ڕێبەر ئاپۆش ئەمە دوساڵە ڕەتیدەکاتەوە کە بچێتە ناو ئەم ماڵە، چونکە ئەم ماڵە هیچ پێگەیەکی یاسایی نییە، نە لەیاسای تورکیاداو نە لەیاسای ئەوروپادا، شتێکی دیفاکتۆیە، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، "پێویستە هەموو جێگۆڕکێیەک بەگوێرەی یاسا بێتو من ئەگەر دەچمە ئەم ماڵەوە، پێویستە لەهەموو مافە یاساییەکانم سود وەربگرم".
ئێستا کە ئەم یاسای چوارچێوەیە دەرکەوتوە، ئەگەر بیانەوێت پراکتیزەی بکەن، پێویستە لەدۆخی یاسایی ڕێبەر ئاپۆدا هەندێک گۆڕانکاریی فەرمی بکەنو بڕیاری فەرمی وەربگرن، نەک نافەرمیو نایاساییو بەقاچاخی، ڕەنگە ئەوکاتەش ڕێبەر ئاپۆ بەبڕیاری بایکۆتکردنی ئەم ماڵەدا بچێتەوە، هەروەها پێویستە ڕۆژنامەنوسەکان، سیاسەتمەداران، کەسایەتییە ئەکادیمیو ڕۆشنبیرەکان، نوسەران، بەڕێوەبەرانو کادیرانی بزوتنەوەی ئاپۆچی بتوانن سەردانی ڕێبەر ئۆجەلان بکەنو گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن، عەبدولحەمید گولەر وەزیری دادی تورکیا باسی زۆربەی ئەم شتانەی کرد، بەڵام تائێستا ئەویش قسەی خۆی نەبردوهتەسەر.
شارپرێس: پێدەچێت پرۆسەی ئاشتیی درێژە بكیشێت، خەڵك بەتایبەتی لەباشور بەهەردوو باری ئەرێنیو نەرێنی قسە لەسەر پرۆسەكە دەكەن، ئێوە چۆن دەتوانن سود لەو نوسینو توێژینانەوە وەربگرن كە لەوبارەوە دەخرێنەڕوو؟
زاگرۆس: ئەو پرۆسەیە کە لەباکوری کوردستان بەڕێوەدەچێت، کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان هەیەو تەنانەت لەسەر تاک بهتاکی کورد کاریگەریی دادەنێت، بێگومان گەلەکەمان لەهەر چواربەشی کوردستان مافی خۆیانە کە سەبارەت بەو پرۆسەیە تێڕوانینو ڕەخنەی خۆیان ههبێت، چونکە لەئەنجامدا ئەم پرۆسەیە لەپێناو گەلدایەو پێویستە گەل چ بەچالاکی دەبێت، چ بەپشتیوانیو چ بەڕەخنە، تیایدا بەشداریی بکات، هەربۆیە هەموو ئەو بۆچونو تێڕوانینو ڕەخنانەی کە لەڕوی هەستی نیشتمانپەروەرییو ئازادیخوازییەوەو هەروەها لەڕوی خۆشەویستیو دڵسۆزیی بۆ تەڤگەری ئاپۆیی دێنەسەر زمان جێگهی ڕێزو پێزانین، ئەم تێڕوانینو ڕەخنانە دەتوانن زۆر بۆشایی پڕبکەنەوەو هەروەها ببنە سەرچاوەی هێز بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە، لەئەنجامدا، خەڵک دەیەوێت لەم پرۆسەیە بەباشترین شێوە تێبگات بۆ ئەوەی بزانێت لەکاتی پێویستدا هەم بەشداریی تێدابکاتو هەمیش بیپارێزێتو هەم بزانێت لەسەر چ بنەمایەک رەخنەی لێبگرێت.
لێرەدا پێویستە ڕەخنەی بونیادنەر لەدیاردەی ناشیرینی وەک ناوزڕاندنو دوژمنایەتیو سوکایەتی جیابکەینەوە، ئەوانەی کە لەژێر ناوی ڕەخنەدا دوژمنایەتی دەکەن دیارنو هەر لەسەرەتای دروستبونی تەڤگەری ئاپۆییەوە ئەمکارە دەکەن، ئەمانە لەلایەن دوژمنانی گەلی کوردەوە ئاراستەو پارەدار دەکرێن، ئەگەر بزوتنەوەی ئاپۆیی شەڕبکات، دەڵێن شەڕ زیان بەکورد دەگەیهنێت، ماڵوێرانی لێدەکەوێتەوە، منداڵی خەڵکی دەدەن بەکوشتو پێویستە ڕێگهی سیاسییو مەدەنی بگیرێتەبەر، کاتێک کە ئەم بزوتنەوەیە دەست بەسیاسەتی دیموکراتیو ئاشتەوایی دەبات، دەڵێن ئاشبەتاڵی کرد، کوردی فرۆشتوەو خەیانەتی لەدۆزی گەلی کورد کردوەو دەستی لەشەڕ بەرداوە، بەڵام ئەمانە خۆیان نە توانای سیاسەتیان هەیەو نەبوێرییو ئازایەتی شەڕ، نانی ئەوان لەسەر ناوزڕاندنی پەکەکەیە؛ ئەگەر پەکەکە نەمێنێت ئەمانەش نانبڕ دەبن، بزوتنەوەی ئاپۆیی هەرچییەک بکات، ئەمانە لەدژی دەوەستنەوە،چۆنکە ئەمانە بونی بزوتنەوەی ئاپۆیی قبوڵناکەن.
ئەمجۆرە گێرەشێوینیانە لەدولایەنەوە زیان بەگەلی کورد دەگەیەنن، یەکەم ئەوەیە کە کولتوری ڕەخنەو ڕەخنە لەخۆگرتن دەشێوێنن، چەواشەکاری تێدادەکەنو بەمجۆرە دەکەونە خزمەتى بەرژەوەندیی دوژمنانی گەلی کوردەوە، دوەمیش ئەوەیە کە ڕێگریی دەکەن لەپەرەسەندنی ڕەخنەی بونیادنەرانە لەناو کۆمەڵگهدا، واتە، ئەگەر کەسێکیش وێڕای خۆشەویستی بۆ تەڤگەری ئازادی ڕەخنەیەکى بونیادنەریشی هەبێت، ڕەخنەکانی خۆی بۆ جارێکی دیكه هەڵدەگرێتو دەکەوێتە ناو هەوڵدانی پاراستنی بزوتنەوەی ئاپۆیی لەبەرامبەر هێرشەکاندا.
پێویست دەکات هەموو کوردێک، بەڕەخنەو تێڕوانینو پێشنیازی خۆیەوە، خۆی بەبەشێکی ئەم پرۆسەیە بزانێت؛ بەتایبەت ئەوانەی کە دەستییان قەڵەم دەگرێت، لەباشوری کوردستان، هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە زۆر تێڕوانینو ڕەخنە، چ بەشێوازی نوسینو چ بەشێوازی دیمانەو ڕیپۆرتاژ، هەبونو ئێستاش هەن کە دەتوانم بڵێم زۆربەیان کاریگەریی ئەرێنیان هەبوە لەقوڵکردنەوەی تێگەیشتنی فرە ڕەهەند لەپرۆسەکە، لێرەدا سەرنجێکم لەسەر زمانی ئەم نوسینانە هەیە.
نوسەرانو ڕۆژنامەنوسانو سیاسەتمەدارانی گرێدراوی دەوڵەتی تورکیا کاتێک کە لەسەر پرۆسەکە قسە دەکەن یان دەنوسن، بەردەوام دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" بەکاردەهێنن، کەسیان نابینیت کە دەستەواژەی لایەنی کوردی بۆ پرۆسەکە، واتە "ئاشتییو کۆمەڵگەی دیموکراتی" بەکاربهێنن، ئەمە وەک ئەرکی نەتەوەییو نیشتمانپەوەریی خۆیان دەبینن، واتە لایەنی تورکی دەیەوێت بەمشێوەیە تێگەیشتنی کۆمەڵگهی تورکیا ئاراستە بکاتو نایەوێت بچوکترین درزێک بکەوێتە ناو ئەو پێناسانەی کە بەکاریدەهێنێت.
بەداخەوە، مرۆڤ کاتێک کە سەیری نوسینەکانو هەڵسەنگاندنەکانی ناو چاپەمەنی کورد دەکات، دەبینێت کە ئەوانیش لەجیاتی ئەوەی کە دەستەواژەی "ئاشتیو کۆمەڵگەی دیموکراتی" بەکاربهێنن، دەڕۆن دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" بەکاردەهێنن، ڕەنگە بەمکارە بیانەوێت "سەربەخۆیی" یان "بێلایەنی" لەکاری ڕۆژنامەنوسیدا یان لەکایەی ڕۆشنبیریدا بپارێزن، ئەمە تاڕادەیەک قابیلی تێگەیشتنە، بەڵام مادام بێلایەنیو سەربەخۆیی هەیە پێویستە لانیکەم چەندجاریش دەستەواژەی "ئاشتیو کۆمەڵگەی دیمۆکراتی" بەکاربهێنن، تەنها بەبەکارهێنانی ئەو دەستەواژە فەرمییانەی کە دەوڵەتی تورکیا بەکاریدەهێنێت مرۆڤ نابێتە بێلایەنو سەربەخۆ؛ بەڵکو بەبێئەوەی کە ئاگای لەخۆی بێت، دەبێت بەلایەنگرو دەبێتە ئامرازێک بۆ ئاراستەکردنی هۆشو تێگەیشنی کۆمەڵگهی کوردی لەبەرژەوەندیی لایەنی تورکیدا، هەروەها پێویستە لەبیرنەکەین کە ئەم قۆناغە قۆناغی تێکۆشانەو هەر کوردێک پێویستە لەهەموو هەڵوێستو دەربڕینێکی خۆیدا بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ڕەچاوبکاتو پشتیوانیی لەگوتارو دەستەواژەکانی لایەنی کوردی پرۆسەکە بکات.
تایبەتمەندییەکی ڕێبەر ئاپۆو بزوتنەوەی ئاپۆیی ئەوەیە کە بەردەوام سەختترین بڕیارەکان وەردەگرن، بڕیارێک کە لەسەرەتادا زۆرکەس بڕوای بەسەرکەوتنی نییە، لەسەرەتای ساڵانی 1970دا، ئەوکاتەی کە ڕێبەر ئاپۆ تازە باسی کوردو کوردستانی دەکرد، خەڵکی بەئەزمون پێیاندەوت، " ئێوە شێت بون، دەکرێت گۆچانی دەست جارێکی دی بژیێتەوە، بەڵام مەحاڵە کورد ئیدی زیندوبێتەوە"، چونکە لەباکوردا شتێک بەناوی کورد نەمابوو، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ، بەپشتبەستن بەئیرادەو بوێرییو هێزی تیۆرییو پراکتیکی خۆی، مەترسیدارترین هەنگاوی نا کە ئەویش دامەزراندنی پەکەکە بوو.
کاتێکیش کە لە 15ی ئابی 1984دا دەستی بەخەباتی چەکداریی کرد، هەم لەناو پەکەکەو لەدەرەوەی پەکەکەش دەیانوت "ئێوە شێت بون، شەڕکردن لەدژی سوپای دوەمی ناتۆ مەحاڵە، بە 30 گەریلاوە شەڕ لەگەڵ سوپای دوەمی ناتۆ ناکرێت"، بەڵام هەمومان بینیمان کە ئەم شەڕە بۆ 42 ساڵ بەردەوامی کردو کوردی لە لەناوچون ڕزگارکردو کردی بەفاکتەرێکی بەهێزی سیاسەتی هەرێمیو نێودەوڵەتی، ئێستاش کە ڕێبەر ئاپۆ ئەم هەنگاوەی بۆ ئاشتی ناوە، زۆرکەسو لایەن دەڵێن، "ئێوە شێت بون، تێناگەن؛ کەسێکی زیندانیکراو ناتوانێت ببێتە دانۆستانکار؛ ئۆجەلان لەژێر زەختی دەزگای سیخوڕی میت ئەم هەنگاوی ناوە؛ بڕیاری خۆی لەدەستی خۆیدا نییەو هتد".
هەمو ئەم هەڵسەنگاندنانە بەگوێرەی عەقڵی باوی سەردەمی خۆیان ڕاستن، لەئەنجامدا، عەقڵی باو لەئەنجامی سیاسەتی سەرکوتکارییو داگیرکاریدا گرساوە، بەڵام هێزی عەقڵی باو تێری ئەوەناکات کە لەهەنگاوەکانی پەکەکەو ڕێبەر ئاپۆ تێبگات، چونکە ڕێبەر ئاپۆ بەعەقڵێکی نوێو زیهنییەتێکی نوێ تێکۆشان دەکات، ئەم عەقڵە نوێیە لەبەرگرینامەکانی ڕێبەر ئاپۆو هەروەها لە"مانیفێستۆی کۆمەڵگهی کۆمیناڵ و دیموکراتی" بەتێروتەسەلی باسکراوە، وەک چۆن هێگڵ عەقڵێکی نوێى بۆ ئەڵمانییەکانو ئەوروپییەکان دروستکردوە، ڕێبەر ئاپۆ-ش عەقڵێکی نوێى بۆ گەلی کوردو هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکردوە کە بەگوێرەی پێوانەکانی عەقڵی باو تێگەیشتن لێی مەحاڵە، لێرەدا گرنگ خوێندنەوەی قوڵی مێژوو و دۆخی هەنوکەیی، سەربەخۆیی لەبڕیاردانو ئیرادەو بوێرییو فیداکارییە لەتێکۆشاندا.
هەر کەسێک یان لایەنێک بیەوێت دۆستایەتی یان دژایەتی ئاپۆو بزوتنەوەی ئاپۆیی بکات، پێویستە سەرەتا ئەم بزوتنەوەیە باش بناسێت، ئاپۆو بزوتنەوەکەی وەک خۆی بناسێت؛ نەک بەو شێوازەی کە ئەوکەسە حەزی لێیە، یان خەیاڵی بۆ دەکات، ئەگەر کەسێک ئەم بزوتنەوەیە وەک خۆی نەناسێتو بڕیاربدات دۆستایەتی یان دوژمنایەتی بکات، نە لەدۆستایەتییەکەیدا سەرکەوتودەبێتو نەک لەدوژمنایەتییەکەیدا، ڕەنگە کەسانێک پێیان خۆشە بزوتنەوەی ئاپۆیی وەک بزوتنەوەیەکی پان کوردیسم یان نەتەوەپەرست ڕادیکاڵ ببیننو هەر لەسەر ئەم بنەمایە پشتیوانی لێبکەنو هەوڵبدەن ئەم بزوتنەوەیه بەزۆر پەلکێشی ئەم ڕێبازە بکەن، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە هەر لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای برایەتی گەلان دامەزرێنراوەو یەکەم پێشەنگەکانو شەهیدەکانی ئەم بزوتنەوەیە لەنەتەوەکانی دیکەن، تورکن، لازن، یان کەسانێک دەیانەوێت ئەم بزوتنەوەیە وەک بزوتنەوەیەکی دژ بەئیسلام، دژ بەکورد وێنا بکەن، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێیم ڕێبەر ئاپۆو بزوتنەوەی ئاپۆیی، زۆرترین تێگەیشتنو خوێندنەوەی قوڵی بۆ حەزرەتی محەمەد، بۆ مێژوی ئیسلام، بۆ سۆسیۆلۆژیای ئیسلام، بۆ پەیامی ئیسلامو گەوهەری ڕاستەقینەی ئیسلام هەیە، نامەوێت بەراورد لەنێوان ڕەنجو قوربانیدانی لایەنە کوردییەکاندا بکەم، چونکە هەموو قوربانیدانێک خاوەن باڵاترین نرخو بەهایە؛ بەڵام کەس ناتوانێت نکۆڵی لەو دەستکەوتانە بکات کە بزوتنەوەی ئاپۆیی بۆ کورد مسۆگەریکردوە.
شارپرێس: ڕۆڵی هەرێم لەپرۆسەی ئاشتیی، ئایا هەرێم، بەپارتیو یەکێتییەوە، دەتوانن ببنە نێوەندگیرێکی کارا لەنێوان دەوڵەتی تورکیاو پەکەکە، یان تەنها وەك بینەری ڕوداوەكانن؟
زاگرۆس: نەک تەنها یەکێتیی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموکراتى كوردستان، بەڵکو هەموو هێزو لایەنە کوردییەکان دەتوانن ببنە بەشێک لەم پرۆسەیەو یارمەتیدەربن بۆ سەرکەوتنی، هێزە کوردییەکان لەجیاتی ئەوەی نێوەندگیریی بکەن، هەریەکەو دەتوانن ببن بەئهکتەرێکی کاراو وەک لایەنی کوردی ئەم پرۆسەیە ڕۆڵ بگێڕن، ئەمە لەدوو ڕەهەندەوە قابیلی گفتوگۆیە، ئێستا ڕێبەر ئاپۆ وەک دانوستانکاری سەرەکی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لەناو دیالۆگدایە، مادام دیالۆگێکی ڕاستەوخۆی بەمشێوەیە هەیە، ڕەنگە هەلومەرجی بابەتی بۆ نێوەندگیریی نەڕەخسێت.
لەپرۆسەکانی پێشوتردا هەلومەرجی بابەتی بۆ نێوەندگیریی هەبوو، واتە گفتوگۆکان لەنێوان قەندیلو دەوڵەتی تورکیادا بونو هەردوو هێزی سەرەکی باشوری کوردستانو هەندێک کەسایەتی سیاسیی باشور ڕۆڵی نێوەندگیرییو پردیان دەگێڕا، هەرچەندە ئەم پرۆسانە شکستیانهێنا، بەڵام دەرەنجامەکەیان ئەوەبوو کە ڕێبەر ئاپۆ وەک بەردەنگو دانوستانکاری سەرەکی لایەنی کوردی دەستنیشانکراو ئەمە چەسپێنرا.
دوای ئەمەو بەتایبەت لەم پرۆسەیەی دواییدا، ئیدی گفتوگۆکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەستییان پێکرد، ئەم دۆخە پێگەی هێزە کوردییەکانی باشوری کوردستان بەهێزتر دەکات، چونکە ئیدی دەتوانن نە وەک نێوەندگیر، بەڵکو وەک بەشێکی کاریگەر لەلایەنی دانوستانکاری کوردیی، ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ بەشداریی لەپرۆسەکەدا بکەن، ئەم هێزانە دەتوانن هێزو قورساییو ئەزمونی سیاسییو دیپلۆماسی خۆیان بەکاربهێنن لەپێناو گوشارخستنەسەرو هاندانی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەنگاونان بەرەو ئاشتیی، بەداخەوە، ئێستا شتێک بوەتە باو لەلای هەندێک لایەنی سیاسیی کوردیی، ئەوەیش ئەوەیە کاتێک دەیانەوێت لەپرۆسەکەدا بەشداربن لەجیاتی ئەوەی کە بانگەوازی لەتورکیا بکەن بۆ هەنگاونان، هەر بانگەوازی لەپەکەکە دەکەن، هەموو بارەکە دەخەنەسەر شانی پەکەکە، لەم سەردەمەدا ئاسانترینو بێمزەڕەتترین کار، بانگەوازیکردنە لەپەکەکە کە هەنگاوبنێت، ئاشتیی بوێری دەوێت، پێویستە هەمولایەنانە بوێریی ئەوەیان هەبێت بانگەوازیی لەتورکیا بکەنو گوشاربخەنەسەر تورکیا بۆ هەنگاونان بەرەو ئاشتیی.
ئەگەر ئەمکارە نەکەنو تەنها بانگەوازی لەپەکەکە بکەن، ئەوکات تورکیا هێزە کوردیەکان وەک کارتێکی فشار لەدژی پەکەکە بەکاردەهێنێت، تەنانەت بەناوی کوردەوە، هەربۆیە بانگەوازیمان بۆ هەمولایەنە کوردییەکانی باشورو هەر چوارپارچەی کوردستان ئەوەیە کە هەموو هێزو ئەزمونی سیاسییو دیپلۆماسی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی کە تورکیا ناچاربکەن لەپێناو چارەسەری کێشەی کورددا هەنگاو بهاوێژێتو بەمشێوەیەش ببن بەفاکتەرێکی کاریگەری کوردی لەدانوستانەکانی داهاتودا، ئەگەر دانۆستانێک بکرێت!، لایەنی کوردی دەتوانن بانگ لەدەوڵەتی تورکیا بکەنو پێی بڵێن مادام پەکەکە خۆی هەڵوەشاندوهتەوەو کۆتایی بەستراتیژی خەباتی چەکداری هێناوە ئیدی هیچ بیانویەک بۆ هەبونی بەسەدان بنکەو بارەگای سەربازی تۆ لەناوخاکی باشوری کوردستان نەماوە.
هەرلایەنێکی کوردی یان کەسایەتی کورد ئەگەر بەڕاستیو بەجدى دەیەوێت بەشداریی لەپرۆسەی ئاشتی لەباکوری کوردستاندا بکات، واباشترە کە بەر لەهەموشتێک ئەرکێکی مرۆییو ئەخلاقی بەجێبهێنێت، ئەم ئەرکەش بانگەوازیی، داواکارییو کارکردنە بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجەلان لەزیندان، لەئەنجامدا، ڕێبەرێکی کورد هەیە کە 28 ساڵە لەزیندانەو لەژێر گۆشەگیریدایە، خەبات بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجەلان بەرلەوەی کە کارێکی سیاسیی، نەتەوەییو نیشتمانپەروەریی بێت، کارێکی مرۆڤدۆستیو ئەخلاقییە، ئێستا لەهەرچوارلای دونیاوە ئازادیخوازانو ئاشتیخوازان داوای ئازادی ڕێبەر ئۆجەلان دەکەن، مانگی ڕابردوو چەند پارتێکی سیاسیی، ڕێکخراوی کۆمەڵگهی مەدەنیو کەسایەتی باشوری کوردستانیش بەپێشەنگایەتی کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلان، نامەیەکیان واژۆکرد بۆ کۆنسەی ئەوروپا.
ئەم خەباتە زۆر بەنرخەو جێگای دەستخوشییە، ئەگەر هەموو حزبو لایەنە سیاسییەکان ئەم داواکارییەیان واژۆ کردبایە، بێگومان کاریگەرییەکی زۆرتری دادەنا، بەڵام بەداخەوە، هەندێک لایەن واژۆیان نەکردو بێدەنگییان لێکرد، ڕۆژێک دێتو ڕێبەر ئۆجەلان ئازاد دەبێت، دڵنیام ئەوکەسانەی کە ئامادەنیینو ناوێرن نامەیەک بۆ ئازادی ئۆجەلان واژۆبکەن، لەو ڕۆژەدا خۆیان دەکەنە پاڵەوانو سەرە بەکەسی دیكه نادەن کە وێنەیەک لەگەڵ ئۆجەلان بگرێت، داواکارییو بانگەوازی بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجەلان، سەلمێنەری بەشداربونی کارایە لەپرۆسەی ئاشتیدا، بۆ هەر کوردێک پێوانی بەشداربون لەپرۆسەی ئاشتیدا، خەباتکردنە لەپێناو ئازادی ڕێبەر ئۆجەلان.
ئێستا تۆ دەتوانیت لەهەموو دونیا هەڵمەتی ئازادی بۆ ئۆجەلان ڕابگەیەنیت، لێدوان بدەیت، ڕێپێوان بکەیت، چالاکی بکەیتو وێنەی هەڵواسیت، تەنانەت لەئهنکهراو ئامەدو ئهستهمبوڵ دەتوانیت ئەمکارە بکەیت، بەڵام بەداخەوە لەهەندێک پارێزگای هەرێمی کوردستان هێشتا وێنەی ڕێبەر ئۆجەلانو چالاکی بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجەلان قەدەغەو بڤەیە، مەبەستم پارێزگاکانی دهۆکو هەولێرە، ئەمجۆرە هەڵوێستانە خزمەت بەچارەسەری پرسی کورد لەباکور ناکەنو بەجۆرێک لەجۆرەکان تەواوکەری ئەو سیاسەتی گۆشەگیرییەن کە لەدژی ڕێبەر ئۆجەلان پەیڕەو دەکرێت.
شارپرێس: ئەگەر پەکەکە بهگوێرهى ڕێککەوتنێکی سیاسیی قەندیل چۆڵبکات، ئایا ئەمە بەواتای کۆتاییهاتنی "خەبات" دێت، یان نهخێر بهپێچهوانهوه، خهبات لهچهكهوه بۆ شێوازی دیكه دهگوازرێتهوه؟
زاگرۆس: بەڕاستی ئەگەر تورکیا زیهنییەتی چارەسەری هەیە، پێویستە قەندیل وەک مەترسییەکی ئەمنی بۆ سەر خۆی نەبینێت، چونکە قەندیل بڕیاریداوە ئیدی لەدژی تورکیا شەڕی چەکداریی نەکات، قەندیل کاتێک کە بڕیارێکیدا پێکیدەهێنێت، ئەمە بۆ هەموو کەسێک سەلمێنراوەو دەوڵەتی تورکیاش باشتر لەهەموو کەسێک ئەم ڕاستییە دەزانێت، تورکیا بۆ هێندە داوادەکات کە قەندیل چۆڵبکرێت لەهێزێکی کوردی؟ مەگەر تورکو کورد برا نەبون؟ لەیاسادا جێگەیەک بۆ ئەم برایەتیه ناکەیتەوە، لەدەستوردا هێشتا هەر نکۆڵی لێدەکەی، دەتەوێت لەقەندیلیش نەمێنێت، ئەی ئەم برایەت بۆ کوێ بڕوات؟ مەرجیش نییە هەموو ڕێککەوتنێکی سیاسیی چۆڵکردنی قەندیلی لیبکەوێتەوە، قەندیل ئەگەر تائێستا سیمبولى خۆڕاگریی چەکداریی بوە، لەمەودوا دەتوانێت ببێت بەسیمبولی تێکۆشانی دیموکراسیو سیاسەتی دیموکراسی.
شارپرێس: لەئەگەری چۆڵکردنی قەندیل، کێ دەبێتە جێگرەوەی پەکەکە؟ ئایا هێزی پێشمەرگە دەچێتە ئەو ناوچانە، یان سوپای عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ تورکیا کۆنترۆڵی دەکات؟
زاگرۆس: ئێستا ئەگەرێکی وەها نییەو کەسیش باسی ئەم ئەگەرە ناکات، چونکە پرۆسەکە نەگەیشتوهتە قۆناغێکی وەها، بەڵام نامەوێت پرسیارەکەی ئێوەش بێوەڵام بهێڵمەوە، هەربۆیە دەتوانم بڵێم کە ئەگەر ئێستا قەندیل چۆڵبکرێت، هەمان ئەو هۆلۆکۆستو ئەنفالەی کە بەسەر دار بەڕوەکانی بەرواری باڵادا هاتوە، بەسەر قەندیلیشدا دێتو کەسیشی لەسەر نایەتە دەنگ، ئەوەی لەبەرواری باڵادا ڕودەدات لەبەرچاوی حکومەتی عێراقو دەسەڵاتی باشوری کوردستان ڕودەدات، خۆ ئیدی ئەو هەرێمە گەریلای لێ نەماوە، چونکە زۆربەیان بەچەکی کیمیایی شەهیدبون، سەرۆک کۆماری عێراق خۆی خەڵکی ئەو هەرێمەیە، پاسەوانی سنوری عێراق لەو هەرێمە جێگیرن، هێزەکانی پارتى دیموكراتى كوردستان لەو هەرێمەن، بەڵام کەس نەهاتوهتە دەنگ، ئەگەر شتێکی وەها لەقەندیلیشدا ڕوبدات، هەر نایەنە دەنگ، تەنانەت پاکانەیشی بۆ دەکەن، هەربۆیە پێویستە تەگبیری جیاوازتر بۆ قەندیل وەربگیرێت.
ئێستا هەندێک کەس دەڵێن بۆ پەکەکە دەستێوەردان ناکات بۆ ئەنفالی دارەکانی بادینان؟ بۆ شتێک ناڵێت؟ بۆ دەنگی نییە؟ بۆ وڵامدانەوەی پرسیاری ئەم بەڕێزانە پێویستە ئەوەمان لەبیربێت کە ئەم هۆلۆکۆستە ژینگەییە ئێستا دەستی پێنەکردوە، زیاتر لەحهوت ساڵە کە دەستیپێکردوەو پەکەکەش ئەمە حهوت ساڵە بانگەوازی دەکات بۆ هەموو لایەنە کوردی، هەرێمیو نێودەوڵەتییەکان، پەکەکە تەنها بەبانگەوازیشەوە بەسەندی نەکردوە، لە2019وه تائێستا بەسەدان گەریلای پەکەکە، بژاردەترین ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە، لەکچو لەکوڕ، لەپێناو پاراستنی ئەم ژینگەیەدا گیانی خۆیانیان فیداکردوە، بەسەدان گەریلا لەشەڕی پاراستنی ئەم ژینگەیەدا کەوتنەبەر چەکی کیمیایی سوپای داگیرکەری تورکیاو شەهیدبون، ئێستا لەو گردو بنارو دۆڵانەدا کە داربەڕوەکانی لێ دەبڕدرێنەوە، لەناو ئەشکەوتەکانی ئەو هەرێمانەدا، هێشتا تەرمی پیرۆزی گەریلای شەهید هەیە کە لەئەنجامی بەرکەوتنی چەکی کیمیایی سوپای داگیرکەری تورکیا شەهیدبون، ڕەنگە تورکیا بۆ لەناوبردنی ئاسەوارەکانی چەکی کیمیاییە کە ئەو دارانە دەبڕێتەوە، چونکە بەفرو با و باران، ڕەنگە بتوانێت ئاسەواری چەکی کیمیایی لەسەر خاکو بەرد بشۆرێتەوە، بەڵام لەناوبردنی ئەم ئاسەوارانە لەناو قەدى دارەکاندا زەحمەتە، ئەوکاتەی گەریلا لەلایەکەوە کەوتبوه بەر هێرشی چەکی کیمیاییو لەلایەکی دیکەشەوە لەبادیناندا گەمارۆ دەخرایەسەر گەریلاو ڕێگریی لەوە دەکرا کە ماسکی دژی گازی کیمیاییان بۆ دابین بکرێت، تەنانەت دەستیان بەسەر ئەو ماسکانەدا دەگرتو وەک ئەوەی قارەمانێتییەکى مێژویی تۆمارکرابێت لەشاشەی تیڤیەکانەوە بڵاودەکرانەوە.
ئەگەر ئەو ماسکانەی دژە گازی کیمیایی گەیشتبانە دەستی گەریلا، شەهید نەدەبونو ئێستاش دەوڵەتی تورکیا خەریکی بڕینو تاڵانکردنی دارەکان نەدەبوو، هۆلۆکۆستی ژینگەی کوردستان لەوکاتەوە دەستیپێکردوە کە بەبەرچاوى هەموو دونیاوە، لەبەرچاوی ڕای گشتیی کوردستانو دەسەڵاتی باشوری کوردستانەوە چەکی کیمیایی لەدژی گەریلا بەکاردەهێناو کەس دەنگی هەڵنەدەبڕیی.
وادیارە هەندێک لەگوندنشینەکانی دەڤەری ئامێدیو بەرواری باڵا هێشتا هەر لەگوندی خۆیان ماونو ڤیدیۆی بڕینو تاڵانکردنی دارەکان تۆماردەکەن، بەڵام لەخواکوڕک کەسی لێی نییە کە ئەو هۆلۆکۆستە ژینگەییە تۆماربکات، ئەو گەریلایانەی کە لەخواکوڕک بون بەچەکی کیمیایی شەهیدبونو گوندییەکانیش ناتوانن بچنە دەڤەرەکە، لەسەردەمی هۆلۆکۆستدا، ئەوکاتەی کە هیتلەر جۆلەکەکانی قەتڵۆعام دەکرد، هەمویانی سواری شەمەندەفەر دەکردو بەرەو شوێنی قەتڵۆعامیان دەبردن، دیمەنی داربەڕوو و مازوەکانی کوردستان لەسەر کامیۆنو لۆرییەکانی Cengiz Holding هەمان دیمەنی هۆلۆکۆست بەبیردەهێنێتەوە، لێرەدا پێویستە سوپاسو دەستخۆشی لەهەموو ڕۆژنامەنوسان، گەلی ئازادیخوازو کەسایەتییە سیاسیو کۆمەڵایەتییەکانو چالاکڤانانی باشوری کوردستان بکەین کە وێڕای بێدەنگیو پاکانەکانی دەسەڵات، بەپشتبەستن بەهێزی مادییو مەعنەوی خۆیان هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لەدژی هۆلۆکۆستی ژینگەیی لەبادینان ڕێکخستو ڕای گشتییان هۆشیارکردوە، ئەم هەڵمەتە هێزی کۆمەڵگەی دیموکراتی کوردستان نیشاندەدات.
زۆر لێدوانی فەرمیو نافەرمی سەبارەت بەبڕینەوەی داربەڕوەکانی بادینان هەن، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە تائێستا گەیشتوەتە دەست بزوتنەوەی ئاپۆیی بابەتی بڕینەوەی داربەڕوەکان بەمشێوەیەیە، ئەو داربەڕوانە هەمویان لەباشوری کوردستان دەبڕدرێنەوە، پاش بڕینەوەیان هەمویان بەلۆرییو کامیۆنو ترێلی مەزن دەبردرێن بۆ ناوچەی چەلێ (چوکورجە) لەو دیوی سنورەوە، هەڵبەت ئەمانە لەڕێگەی سنوری فەرمییەوە ناگوازرێنەوە.
سوپای تورکیا لەسەر سنورەوە تا چیاکانی سەر شێلادزێو دێرەلوکو ئامێدی بەدەیان ڕێگەی گەورەی دروستکردوە، ئەمانە ڕێگهی فەرمی نێوان دەوڵەتان نیین، ڕێگهن نافەرمیینو ژمارهکەیان لەڕێگهو دەروازەی فەرمی زیاترە، ئەم ڕێگانە تانکو تۆپو ترێلو هەموو جۆرە سەیارەیەکی گەورە تیایاندا هاتوچۆ دەکات، لەهەریەک لەخاڵەکانی سەر سنور بەناوەکانی ئەتروش، بلیجان، مارۆکا، لاتێ کەوا، دەشتان، هەرکی، بێ سۆسنو هەرێمی مام ڕەشۆو هتد جادەی گەورە لێدراوە.
کۆمپانیایەکی تورکی بەناوی جەنگیز هۆڵدینگ گریبەستی بڕینەوەو گواستنەوەی داربەڕوەکانی وەرگرتوە، دارەکان دەبڕنەوەو لەڕێگە نافەرمییەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەی چەلێو هەمویان لەوێ کۆگا دەکرێن، ئەم کۆمپانیایە گرێبەستی لەگەڵ سوپای تورکیادا هەیە. بەگوێرەی گرێبەستەکە زۆرینەی ئەم داربەڕوانە دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی تورکیا، بەشێکی زۆر بچوکیشی کە 2%ی هەموو دارە بڕدراوەکانە، لەدەروازەی سنوری سەرزێڕێ لەنزیک کانی ماسیو چیای مەتین جارێکی دیكه هەناردەی باشوری کوردستان دەکرێنەوە، بەڵام ئەمانە بۆ خەڵکی باشورو خەڵکی عێراق نین، ئەم دارانە دەگوازرێنەوە بۆ گەرمکردنەوەی سەربازگەکانی سوپای تورکیا لەناو خاکی باشوری کوردستان کە 150 سەربازگەن، واتە ئەو کامیۆنانەی کە دەبینرێن تەنها مشتێکن لەخەروار، کارەساتەکە زۆر زۆر لەوە گەورەترە کە ڕای گشتیی پێدەزانێت.
ئەگەر گەریلا لەقەندیل نەمێنێت، هەمان چارەنوسی دارەکانی بادینان چاوەڕوانی دارەکانی قەندیلیش دەکات، لەمکاتەدا، شتێک بەناوی چۆڵکردنی قەندیل لەڕۆژەڤی گەریلادا نییە، هەرکاتیکیش کە باس لەسەر ئەم بابەتەکرا پێویستدەکات گەلی باشوری کوردستانو بەتایبەت گەلی بناری قەندیل لەگفتوگۆو بڕیارەکاندا بەشداربێت، ئەوە زیاتر لە 44 ساڵە کە گەریلا لەباشوری کوردستانە، لەم ماوەیەدا ههزارو 200 گەنجی باشوری کوردستان لەڕیزەکانی گەریلادا شەهیدبون، گەلی باشوری کوردستانو بەتایبەت گەلەکەمان لەقەندیلو هەرێمەکانی دیكهى پاراستنی میدیا بەهەموشێوەیەک هاوکاری گەریلا بون.
هەمیشە درگایان لەسەر پشت بوە بۆ میوانداریکردن لەگەریلا، لەهەر شوێنێکی دونیا کە شەڕ ڕودەدات، خەڵکی مەدەنی ئەو هەرێمە چۆڵدەکەن، لە2007وە تائێستا هێندەی شەڕی ئێران-ئەمریکا ساروخو بۆمب بەسەر قەندیلدا باریوە، بەدەیان کەس لەخەڵکی قەندیل، لەژنو لەمنداڵ، لەپیرو لەگەنج، لەدایە عایشەوە بگرە تا کۆرپەیەک بەناوی سۆلین، لەم بۆردمانانەدا شەهید بون، ساڵ نەبوە داروبەردی قەندیل نەدرێتە بەر ئاگری بۆردومانو نەسوتێت، بەڵام گەل قەندیلیان چۆڵنەکردوە، ئەمە نمونەی خۆڕاگریی گەلەکەمانە لەباشوری کوردستان.
گەلی باشوری کوردستان لەبەر هاوکاریکردنی گەریلاو خۆشەویستی بۆ بزوتنەوەی ئاپۆیی قوربانییەکی زۆریانداوە، خەڵکانیکی زۆر تیرۆرکران تەنها لەبەرئەوەی هاوکاری گەریلایان کردوە یان بیروباوەڕی بزوتنەوەی ئاپۆییان لا پەسەندبوە، شەهید ڕەئوف ئاکرەیی، شەهید سادق عومەر سندی، شەهید محەمەد حەلاق، شەهید بەکر عهبدولکەریم، شەهید موزەفەرو کۆڕەکانیو بەدەیان کەسی دیكه تیرۆرکران، ژمارەیەکی زۆر لەکەسانی دیموکراتو نیشتمانپەروەر، چالاکوانو ڕۆژنامەنوس یان تیرۆرکران یان ئێستاش هەر لەزینداندان، تەنها تاوانی ئەوان ئەوەبوو کە خۆشەویستییان بۆ بزوتنەوەی ئاپۆیی هەیە.
ئایا چ گەرەنتییەک هەیە کە ئەگەر گەریلا لەقەندیلو لەدەڤەرەکانی دیكهى پاراستنی میدیا نەمێنێت، دەزگا ئیستخباراتییەکان نەکەونە گیانی ئەوکەسانەی کە لەنزیکەوە پەیوەندییان لەگەڵ گەریلا هەبوەو هەیە؟ ئایا چ گەرەنتییەک هەیە کە ئەگەر گەریلا لەقەندیل نەمێنێت، دەزگا ئیستخباراتییەکان داعش نەهێننو لەقەندیل جێگیری نەکەن؟ بزوتنەوەی ئاپۆیی وەک وەفادارییەک بۆ ئەم هەموو ڕەنجو خۆڕاگرییو قوربانیدانە پاراستنی گەلی باشوری کوردستانو گەلی قەندیل لەبەرامبەر مەترسیو هەڕەشەکان بەئەرکی خۆی دەزانێت.
ئەمانە هەموو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە نابێتو ناکرێت چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەباکوردا تەنها لەبابەتی چۆڵکردنی قەندیلدا قەتیس بکرێتەوە، ئەگەر چارەسەرییەک لەباکور بێتە ئاراوە، پێویستە گەلی قەندیلو گەلی باشور بتوانن خۆیان لەبەرامبەر مەترسییەکان بپارێزن، ئێمە وەکو کورد لەڕۆژهەڵاتن ناویندا دەژین، لەسەردەمێکدا دەژین کە کەس بەتەمای خۆی نییە، بەیانی لەخەو هەڵدەستیت دەبینیت فڵان سەرۆک دەوڵەت، فڵان زەعیمو فڵان ڕێبەرو فڵان فەرماندار نەماوە، کوژراوە، ڕفێندراوە، فڵان دەوڵەت ڕوخاوە، فڵان ڕێبەر کوژراوە.
لەئاسمانی نیشتمانەکەماندا ترافیکێکی چڕوپڕی ساروخو درۆن هەیە، هەموو کاتێک مەترسی ئەوە هەیە کە داعش بەشێوەیەکی مەترسیدارتر سەرهەڵبداتەوە، هێزە هەرێمییەکان هێرشبکەنەسەر دەسکەوتەکانی کورد، لەدۆخێکی وەهادا چ گەرەنتییەک هەیە کە کورد توشی کۆمەڵکوژییو جینۆساید نەبێتەوە، چ گەرەنتییەک هەیە کە شنگالو کۆبانێ جارێکی دیكه دوبارە نەبنەوە؟ نەک تەنها گەرەنتی نییە، بەڵکو مەترسیش هەیە، ڕەنگە لەجاران زیاتر.
شارپرێس: ئەگەر پەکەکە لەقەندیل نەمێنێت، ئایا تورکیا بنکە سەربازییەکانی لەباشور دەکشێنێتەوە، یان بەپاساوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، قوڵایی خاکی هەرێم بەهەمیشەیی داگیردەکات؟
زاگرۆس: بونی سەربازی تورکیا لەباشوری کوردستان گرێدراوی پەکەکە نییە، بونی پەکەکە تەنها بیانوه بەدەست تورکیاوە، داگیرکاریی تورکیا لەباشوری کوردستان گرێدراوی پلانی عوسمانی نوێ ئەردۆغانو باخچەلییە، ئەوە دوساڵە کە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندوهتەوەو بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بەستراتیژیی خەباتی چەکداریی هێناوەو لەبەرچاوی هەموو جیهانەوە چەکی خۆی سوتاندوە، ئیدی هیچ بیانویەک بۆ بونی تورکیا لەباشوری کوردستان نەماوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تورکیا هێشتا هەر بنکەو بارەگای خۆی پتەوترو بەرفراوانتر دەکات، ئەوەتا دارەکانیش دەبڕێتەوە، ئەوانەی کە کاتی لەشکرکێشی تورکیا دەیانوت هۆکاری ئەم لەشکرکێشییە پەکەکەیەو پاساویان بۆ دەهێنایەوەو تەنانەت وەک نوێنەری تورکیا لایەنە سیاسییەکانی بەغداشیان ڕازیدەکرد کە تورکیا زیاتر پەلکێشی باشوری کوردستان بکەن، ئەمجا با بڕۆن داوا لەتورکیا بکەن کە بکشێتەوە، با بەتورکیا بڵێین کە دارەکانمان مەبڕنەوەو تاڵانی مەکەن.
تورکیا وڵاتێکە خەونی ئیمپراتۆری هەیە، دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر ڕوبەرێکی مەزن لەجوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەفریقا زاڵبکات، هەربۆیە ئەگەری پاشەکشێ تورکیا لەباشوری کوردستان نییە، بەڵکو مەترسی بەرفراوانترکردنی هەیە، ئێستا لەئەگەری قوڵبونەوەی شەڕی ئێران-ئەمریکا پلانی لەسەر داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش داناوە.
شارپرێس: پەیوەندیی بەغداو ئەنكەرە، ڕێککەوتنی ئەمنیی ئەمدواییەی نێوان عێراقو تورکیا تاچەند بهمەترسیی دهبینن بۆسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەگەر قەندیل وەک "ناوچەیەکی دابڕاو" لەژێر دەسەڵاتی بەغداو تورکیادا بێت؟
زاگرۆس: ئەنکەرە لەپەیوەندیی خۆی لەگەڵ دەوڵەتە هەرێمییەکاندا، هەمیشە ڕەچاوەی یەک بابەت دەکات، ئەوەیش ئەوەیە کە یان ڕێگە نەدات کورد دەستکەوتێک قازانج بکات یان ئەگەر دەستکەوتێکیشی هەبێت لەناوی ببات، ئەمە ڕێژەی نەگۆڕی سیاسەتی دەرەوەی تورکیایە، کاربەدەستانی بەغدا کە کوردیشیان تێدایە، چەندە ملکەچی ئەم زەختو گوشارانەی تورکیا دەبن، خۆیان دەزانن، ڕاستە، ئێستا لەتورکیا پرۆسەیەک هەیە، بەڵام تورکیا هێشتاش هەر بەردەوامە لەدروستکردنی کۆدەنگیو ڕێککەوتن لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە.
پرۆسەی "ئاشتیو کۆمەڵگهی دیموکراتی" لەهەر چوارپارچەی کوردستان دەرفەتی چارەسەری کێشەی کوردی هێناوەتە ئاراوە، تورکیا نە خۆی هەنگاو بۆ چارەسەری دەنێتو نە ڕێگەش دەدات کە وڵاتانی دیهش هەنگاوی چارەسەربنێن، هەربۆیە بەڕێگهو رێبازی جۆراوجۆر هەوڵی لەباربردنو پوچەڵکردنەوەی ئەو دەرفەتانە دەدات کە بۆ چارەسەری هاتونەتە ئاراوە، تورکیا لەمێژە دەڵێت کە "لەباکوری عێراقدا هەڵەمان کرد"، واتە پەشیمانن لەوەی کە ئەزمونی باشوری کوردستانیان پاکتاونەکردوە، هەربۆیە لەهەر دەرفەتێک دەگەڕێت کە بۆ ئەوەی ئەم هەڵەیەیە ڕاستبکاتەوە، ڕێگەی گەشەپێدان لەناوخاکی کوردستاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام تورکیا هەموو تەگبیرێک وەردەگرێت کە کورد لەم ڕێگهیە سودمەند نەبێت.
تورکیا ئێستا هەموو هەوڵی خۆی دەدات کە لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی عێراقو یەکینەکانی پاراستنی شنگال تێکبداتو نەهێڵێت کە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ قەندیلیش مسۆگەر هەمان پلانی هەیە، تورکیا ئەگەر بەڕاستی لەزیهنییەتو سیاسەتی خۆیدا سەبارەت بەکورد گۆڕانکاریی کردوە، پێویستە ئیدی قەندیلی وەک مەترسییەک بۆسەر خۆی نەبینێت، بەڵام دەستی لەسیاسەتی پێشوتری خۆی بەرنەداوەو ئێستا هەوڵدەدات کە لەڕێگەی حکومەتی ناوەندیی عێراقەوە زەختبخاتەسەر بزوتنەوەی ئاپۆیی.
قەندیل نابێتە ناوچەیەکی دابڕاو، قەندیل ناوەندێکی گرنگی سیاسەتی کوردیو بەشێکی گرنگی خاکی باشوری کوردستانە، قەندیل دەتوانێت ببێتە ناوەندێک بۆ سیاسەتی دیموکراتی، بۆ بونیادنانی ژیانێک لەسەر بنەمای رێزگرگن لەمرۆڤ، پێشەنگایەتی ژنو پاریزگاریکردن لەژینگە، پێویستدەکات بەرلەهەموو شتێک کورد خۆی لەسەر قەندیل بڕیار بگرێت، باشتروایە ئهنکهرهو بەغداش ڕێز لەبڕیارو ئیرادەی کورد بگرن.
شارپرێس: گەلی باشور بەخەمخۆرییەکی زۆرەوە چاوەڕێن بزانن گۆڕانکاریەکان لەبەرژەوەندیی کورد دەبن یان نا، زۆر باس لەوەدەكرێت نەخشەی نوێ بۆ ناوچەكە هەیە، پێتوایە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەگشتییو تورکیاو سوریاو عێراقو ئێران بەتایبەت، لەبەرژهوهندیى گەلی کورد دەشکێنەوە یان بەپێچەوانەوە زیان بەکورد دەگەیەنن؟
زاگرۆس: لەسەردەمی پەیمانی لۆزانەوە تائێستا سیاسەتی نێودەوڵەتی هیچ کاتێک وەک بابەتێکی ستراتیژیی سەیری پرسی کوردی نەکردوە، پەیمانی لۆزان پەیمانی سڕینەوەی کوردو کوردستانە لەمێژودا، کوردیش ئەم پەیمانهى پەسندنەکردوەو یەک سەدەیە بۆ شوناسو ئازادی خۆی تێکۆشان دەکات، پاش 100 ساڵ ئەم تێکۆشانە نەیهێشتوە کە کورد لەناوبچێت، هەندێک دەسکەوتی دیفاکتۆش بەدەستهاتون، بەڵام هیچ گەرەنتییەکیان نییە، ئێستا کە زیاتر لە100 ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزانی یەکەمدا تێپەڕبوە، شەڕی سێیهمى جیهان لەئارادایە.
وادیارە ئەم شەڕە پەیمانێکێ لۆزانی نوێ لێدەکەوێتەوە، لۆزانی دوەم، پەیمانەکە خەریکە دەگرسێتو هێشتا بەتەواوی جێگیرنەبوە، ئەوەی کە تائێستا دیارە ئەوەیە کە لەلۆزانی دوەمدا نکۆڵی لەکورد ناکرێت، بەڵام مافیشی پێنادرێت، لۆزانی یەکەم دەیوت "کورد نییە"، لۆزانی دوەم دەڵێت، "کورد هەیە، بەڵام مافی نییە، کورد هەیە، بەڵام پێویست ناکات مافی پێبدرێت"، ئەمە هەمان بەردەوامیدانە بە لۆزانی یەکەم، لەژێر ناوو پاساوێکی نوێدا، مرۆڤ کاتێک دەبێتە مرۆڤە کە مافی هەبێت، ئەگەر مافی نەبێت کەس حەسابی مرۆڤی بۆ ناکات، کورد ئەگەر مافی هەبێت کوردە، ئەگەر مافی نەبێت، هیچ واتایەکی کوردبون نامێنێت.
کورد دەتوانێت ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت، ئەگەر کورد بەگیانی یەکێتیی نەتەوەیی تێکۆشان بکەن دەتوانن ئەم هاوکێشەیە بگۆڕن، ڕۆژئاوای کوردستان نمونەی ئەمەیە، پەیمانی 5ی تشرینى 2026 پەیمانی سڕینەوەی رۆژئاوا بوو، بەڵام خۆڕاگریی ڕۆژئاواو پشتیوانی قارەمانانەی گەلەکەمان لەباشورو باکورو هەندەران هاوکێشەکەی گۆڕییو ناچار مان دان بەهەندێک مافی کورددا بنێن، کەواتە مرۆڤ بەتێکۆشان دەتوانێت هاوکێشەکە بگۆڕێت، ئەم دۆخە بۆ هەموو گەلان، نەتەوەکان، هێزەکانو دەوڵەتەکان ڕاستە، ئێستا هیچ کەس لەپێگەی خۆی دڵنیانییە، هەرکەس لەناو ململانێدایە، هەموو دەوڵەتەکان هەست بەمەترسی لەناوچون دەکەن، بەتەنها کورد لەمەترسیدا نییە، هەموو کەس لەمەترسیدایە، کەسێکی وەک ترهمپ کە خۆی بەئیمپراتۆری دونیا دەزانێت، چەندینجار لەمردن گەڕایەوە.
هەرلایەنێک بەتێگەیشتن، وریاییو بەئیرادەوە تێکۆشان بکات دەتوانێت مافی خۆی مسۆگەربکات، ئەمە بۆ تورکیاش وایە، بۆ ئێرانیش وایە، بۆ سوریاو عێراقو بۆ کوردیش وایە، ئێستا هەموولایەنێک، بەتایبەت بەهێزترین دەوڵەتەکانیش دەستیانگرتوە بەکڵاوی خۆیانەوە، چونکە بای گۆڕانکاریی زۆر بەهێزە، کەس ناپڕژێتەسەر ئەوەی کە کارێک بۆ کورد بکات، کورد پێویستە خۆی کاری خۆی بکات، بەعەقڵو وریاییەوە مامەڵە بکات، کێشە ناوخۆییەکان لەسەر بنەمای یەکێتیی دیموکراتی چارەسەربکات، کێشەکانی لەگەڵ وڵاتان دراوسێ لەسەر بنەمای دیموکراتی چارەسەربکات.
ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ نێوان دێڕەکانی قسەکانی تۆم باراک بکەین، دەتوانین ڕەمزی سیستەمی نوێ لەڕۆژهەڵاتی ناویندا بخوێنینەوە، ڕەنگە سبەینێ سیاسەتەکان بگۆڕدرێن، بەڵام ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە کە لەلۆزانی نوێدا دەوڵەتەکان هەڵناوەشێنرێنەوە، دەوڵەتی ناوەندی هەر دەمێنێتەوە، بەڵام پەلو پۆ دەکرێن بەشێوەیەک کە نەبنە مەترسی بۆسەر دراوسێکانو وڵاتە زلهێزەکان، هێزە پرۆکسییەکان سنوردار دەکرێنو دەکەونە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندییەوە، ئەمریکا ئیدی لەگەڵ دەوڵەتەکان تەعامول دەکات نەک لەگەڵ هێزە پرۆکسییەکان، دەوڵەتی پرۆکسی دەبێتە جێگرەوەی گروپی پرۆکسی، سوریا تاقیگەی مۆدێلی دەوڵەتی پرۆکسی نوێیە لەسەردەمی لۆزانی دوەمدا، ئەگەر ئەم مۆدێلە بچەسپێت، لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە تاقیدەکەنەوە، لێرەدا شوێنێک بۆ کورد نییە، کورد پێویستە خۆی شوێنێک بۆ خۆی بکاتەوە.
