شارەزایەکی نەوت: هەناردەکردنی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەلایەن عێراقەوە لەبودجەی 2027دا مەحاڵە

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1699 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا عێراق لەژێر سایەی قەیرانی بەردەوامی گەروی هورمزدایە، شارەزایه‌كى نەوت هۆشداریی توند دەداتە حکومەت‌و ڕایدەگەیەنێت، خەمڵاندنی هەناردەکردنی ڕۆژانەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕەشنوسی بودجەی 2027دا بەتەواوی ‌مەحاڵە‌؛ ده‌شڵێت، "ژێرخانی ئێستای وڵات تەنانەت لەئەگەری کردنەوەی گەروەکەشدا تەنها توانای 305 ملیۆن بەرمیلی هەیەو دیاریکردنی نرخی 58 دۆلاریش بۆ هەر بەرمیلێک بەهۆی ئەو داشکانە قورسانەی عێراق پێشکەشیدەکات، هەڵەیەکی دارایی گەورەیەو پێویستبوو نرخەکە لەسەر بنەمای 40 دۆلار بێت".


حەمزە جەواهیری شارەزای نەوت ڕایگەیاند، هەناردەکردنی ڕۆژانەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لەلایەن عێراقەوە، وەک ئەوەی لەڕەشنوسی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027دا هاتوە، "کارێکی مەحاڵە"؛و جەختیکردەوە، توانای هەناردەکردنی ئێستا ڕێگە بەم ئاستە نادات، تەنانەت لەئەگەری سەرلەنوێ کردنەوەی گەروی هورمزیشدا.

جەواهیری لەلێدوانێکدا ده‌ڵێت، "تواناى بەرهەمهێنانی ئێستای عێراق لەنێوان چوار هه‌زارو 300 بۆ چوار هه‌زارو 600 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدایە، کە بڕی نزیکەی ملیۆنێک بەرمیلی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەڕوات‌و نزیکەی سێ ملیۆن‌و 500 هه‌زار به‌رمیلى دەمێنێتەوە".

ئه‌وه‌شى وت، "ئەم بڕە نەوتەی کە دەمێنێتەوە، لەئێستادا بەهۆی قەیرانی گەروەکەوە ناتوانین هەناردەی بکەین‌و ئەوەی ئێستا لەباشورو باکورەوە هەناردە دەکرێت لەنێوان دوو ملیۆن بۆ دوو ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەدایە، بۆیه‌ مەحاڵە ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل هەناردە بکرێت وەک ئەوەی لەڕەشنوسی بودجەی 2027دا جێگیرکراوە".

به‌وته‌ى جەواهیری، "تەنانەت لەئەگەری کردنەوەی گەروەکەشدا، ناتوانین ئەم بڕە هەناردەبکەین، چونکە عێراق تەنها دەتوانێت نزیکەی سێ ملیۆن‌و 500 هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانە هەناردەبکات ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر گەروەکە بەتەواوی کراوەبێت، له‌به‌رئه‌وه‌، زیادکردنی هەناردە پێویستی بەفراوانکردنی ژێرخانی نەوتی، زیادکردنی بەرهەمهێنان‌و دابینکردنی توانایەکی کۆگاگردنی پێویست هەیە بۆ گرتنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی بەرهەمدەهێنرێت".

سەبارەت بەنرخی گریمانەکراوی نەوت لەبودجەی 2027دا، جەواهیری پێیوایه‌، "دیاریکردنی نرخی بەرمیلێک بە58 دۆلار هەڵەیە، چونکە ئەم نرخە بەرزە، دەبوو نرخەکە بە40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاریبکرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى بارودۆخی ئێستا زۆر تاریک‌و تەمومژاوییە، بیریشمان نه‌چێت، عێراق داشکانی گەورەى پێشکەشكردوه‌ لەکاتی هەناردەکردنی نەوته‌كه‌یدا، کە ئەمەش وادەکات پشتپەستن بەنرخێکی بەرز بۆ بەرمیلێك لەخەمڵاندنەکانی بودجەدا، لەگەڵ بارودۆخی ئێستای بازاڕدا بەچەندین شێواز نەگونجێت".