ئایا زەیدیی جیاواز دەبێت.. یان دەچێتە پاڵ تیمی نیازپاکان کە ناتوانن بڕیارەکان جێبەجێبکەن؟

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2168 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەو ڕۆژەی کە دوایین کاروانی سەربازانی ئەمریکا خاکی عێراقیان جێهێشت، گروپە چەکدارەکان ئاهەنگیان گێڕا بۆ ئەوەی ناویان نابوو "ڕۆژی سەروەریی"، لەناوەڕاستی بەغدا، ئاڵاکانی ئێران بەرزکرانەوەو لەگرتە ڤیدیۆییە بەربڵاوەکاندا، چەکدارەکان دەردەکەوتن کە تەقەی خۆشییان بەئاسماندا دەکردو بەئۆتۆمبێلە سەربازییە ئەمریکییەکانیانەوە دەچونەسەر ئاڵای ئەمریکا، ئەمەش وەک ئاهەنگگێڕانێک بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش، ئەم دیمەنە پێچەوانەبونەوەیەکی تێدابوو کە قورسە پشتگوێبخرێت؛ ئەو هێزە بیانییانەی کە گروپەکان ساڵانێک وەک پاساو بۆ هێشتنەوەی چەکەکانیان بەکاریاندەهێنا، بەتەواوی کشانەوە، بەڵام چەکەکە خۆی وەک خۆی مایەوە.


چەند کاتژمێرێک دوای تەواوبونی ئەرکی ئەمریکییەکان، گروپەکان نەک هەر نەیانوت چەکەکە ڕادەستدەکەن، بەڵکو پێچەوانەکەیان دوپاتکردەوە، لێرەشەوە کێشە نوێیەکەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران دەستپێدەکات، زەیدیی پشتی بەسەرکه‌وتنی ئەو وادە نوێیە بەستبوو کە بۆ حوزەیرانی داهاتوو دیاریکراوە، یان سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دوای شکستی خولی پێشوو، بەو هیوایەی ئەمجارە بتوانێت گروپەکان ڕازیبکات دەست لەچەک هەڵبگرن، یان لایەنی کەم بگەنە جۆرە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بەگوشارەکانی ئەمریکا بهێنێت، بەڵام شارەزایانی ئەم مەلەفە پێیانوایە، سەرۆک وەزیران ڕێڕەوێکی یەکجار بەرتەسکی لەبەردەمدایە؛ ئەگەر وادە نوێیەکە بەبێئەنجام کۆتایی بێت، خۆی لەبەردەم دوو بژاردەی یەکجار بەقورسدا دەبینێتەوە: دەستلەکارکێشانەوە یان پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گروپە چەکدارەکاندا، کە هێزە شیعییەکان هەوڵدەدەن لەهەردوكیان دوربکەونەوە.

وادەیەکی نوێ بۆ چەک
لەپشتپەردەی گفتوگۆکاندا، چیتر شارەزایان ناوی ئەم مەلەفە نانێن "داماڵینی چەک"، تەنانەت دەستەواژەی "کۆنترۆڵکردنی چەک"یش لای ئەوان بوەتە بەشێک لەیارییەکی درێژخایەن بۆ کاتکوشتن، پرسه‌كه‌ به‌گوێره‌ى وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بەرەو وەرگرتنەوەی چەک لەگروپەکان هەنگاوی نەناوە، بەڵکو چەمکەکان نەرمترکراون لە"کۆنترۆڵکردنی چەک"ەوە بۆ "ڕێکخستنەوەی چەک"، پێشئەوەی دواتر چەمکی دیكه‌ى وەک کۆگاگردن یان سڕکردن بێنە پێشەوە.

هەموان دەزانن کە سەندنی چەک لەگروپەکان بەئاسانیی جێبەجێنابێت، تەنانەت ئەگەر واشنتۆن ڕازیبێت وادە نوێیەکە تا حوزەیرانی داهاتوو درێژبکرێتەوە، ئەم ڕێککەوتنەش تەنها دەبێتە وێستگەیەکی دیكه‌ لەکاروانی درێژخایەنی دواخستنی کاتەکەدا، کێشەکە تەنها لەبەغدا نییە؛ شەڕو گرژیی نێوان واشنتۆن‌و تاران بەردەوامەو ئێران گروپە چەکدارەکانی عێراق وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنێت، لەبەرئەوە، هەر ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی لەسەر چەک، بەشێوازێک لەشێوازەکان بەستراوەتەوە بەوەی لەدەرەوەی سنورەکان دەگوزەرێت.

"به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌ پابەندنییە"
یەکەم پەرچەکرداری گروپە چەکدارەکان زۆر خێرابوو؛ کاتێکی زۆریان نەدا بەلایەنەکان دوای کشانەوەی دوایین سەربازی ئەمریکا تا ئەو شتە بڵێن کە گفتوگۆکانی چەند هەفتەی ڕابردوو هەوڵی شاردنەوەیان دەدا ئه‌ویش، کشانەوەی ئەمریکا بەواتای ڕادەستکردنی چەک نایەت، لەئاهەنگی "ڕۆژی سەروەریی"دا لەناوەڕاستی بەغدا، جەعفەر حسێنی وتەبێژی ئەوەی پێی دەوترێت به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌ى ئیسلامی لەعێراق ڕایگەیاند، ئێمه‌ پابەندنین به‌هیچكام له‌بڕیاره‌كانى حكومه‌ت یان ئه‌وه‌ى له‌لایەنە سیاسییه‌كانه‌وه‌ دەربچێت".

حسێنی باسی لەزیاتر لە 40 ڕۆژ لەوتوێژ دەکرد کە گروپەکان لەڕێگەی لیژنەیەکی چوارقۆڵییەوە لەگەڵ حکومەتدا ئەنجامیاندابوو بۆ تاووتوێکردنی "ڕێکخستنەوەی چەکی به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌"، بەڵام ڕێکخستنەوە لەلایەن گروپەکانەوە بەواتای وازهێنان لەچەک نەدەهات.

بۆ ئه‌وه‌ش حسێنی ڕونیکردەوە، بەشەکەی تایبەت بەکشانەوە جێبەجێبوە، لەکاتێکدا وەڵامی حکومەت لەسەر کاغەزی ڕێککەوتنەکە کە بەفەرمی لەلایەن لیژنەکەو نوێنەری چوار گروپەکەوە واژۆکرابوو، نەگەیشتوەتەوە دەستیان، دواتر ڕستە هەرە ڕونەکەی خستەڕوو وتى، "چەکی به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌ وەک ئەمانەتێک لەدەستی موجاهیدەکانماندا دەمێنێتەوە".

لەلێدوانێکی دیكه‌دا لەبەغدا، ئەندامێکی بزوتنەوەی "ئەنساروڵڵای ئەوفیا" هەمان بیرۆکەی دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند، ئەوان چەکەکانیان ڕادەستناکەن تائەوکاتەی بەتەواوی لەجێبەجێبونی سەروەریی نیشتمانی دڵنیادەبنەوە، بەڵام داواکارییەکان لەچەکدا نەوەستان؛ بزوتنەوەی "نوجەبا" لەبەیاننامەیەکدا دوای کشانەوەکە، داوای کرد باڵیۆزخانەی ئەمریکا وەک تەواوی باڵیۆزخانەکانی دیكه‌ بێت، نەک شارۆچکەیەکی گەورەی ئەمنی‌و سەربازیی، وەک گەورەترین باڵیۆزخانەی جیهان وەسفیکرد.

بزوتنەوەکە داوای کۆتاییهێنان بەو هەژمونە ئابورییەی ئەمریکای کرد بەسەر داهاتی عێراقدا، هاوڕێ لەگەڵ پاککردنەوەی ئاسمانی وڵات لەفڕۆکە ئەمریکییەکان‌و دورخستنەوەی ئەمریکییەکان لەسنورەکانی سوریا، ئوردن‌و کوه‌یت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەبو حسێن حەمیداوی لێپرسراوی کەتائیبی حزبوڵڵا کە گەورەترین گروپی شیعەیه‌، زمانێکی پڕ لەئاهەنگگێڕانی هەڵبژاردو ڕایگەیاند، به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌ لەم خولەی شەڕی دژ بەداگیرکاریی ئەمریکادا سەرکەوتوەو ئەوەی سەرکەوتوە مەرجەکانی خۆی دەسەپێنێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کشانەوەی ئەمریکا، بەڵام حەمیداوی دەرگای بۆ تێڕوانینێکی دیكه‌ بۆ دەوڵەتی چەکدار بەکراوەیی هێشتەوەو وتی، "زۆربەی وڵاتانی جیهان خاوەنی زیاتر لەسوپایەک‌و زیاتر لەسیستمێکی سەربازین".

جەختیکردەوە، "پێویستە بڕیاری سەرەکیی شەڕو ئاشتی یەک بێت، یان لایەنیکەم لەسەری ڕێککەوتوبن، ئەم مۆدێلە لای ئێمه‌ پەسەندە".

لەم ناوەندەدا، مەلەفی چەک پلە بەپلە لە"کۆنترۆڵکردنی چەک"ەوە گۆڕدرا بۆ "ڕێکخستنەوەی چەک"و شارەزایان پێیانوایە، ئەم گۆڕانکارییە بە پاڵپشتیی تاران بوە بۆ دواخستنی ئەوساتەی کە تێیدا پێویستە گروپەکان بڕیارێکی ڕون لەسەر کەرەستە سەربازییەکانیان بدەن، تەنانەت لە لوتکەی گفتوگۆکانیشدا، گروپەکان بەئاشكرا نەیانوتوە، دەست لەچەک هەڵدەگرن‌و چەک وەک مەلەفێکی دەرەوەی گفتوگۆکان مایەوە چ ئەمریکییەکان بمێننەوە یان بڕۆن.

ئەو پاساوەی کە کەوت
بۆ عەقیل عەباس مامۆستای زانکۆو لێکۆڵەر لەکاروباری سیاسیى کشانەوەی ئەمریکا شتێکی گرنگی لەهاوکێشەکە لادا کە ئەویش پاساوەکە بوو، سودی سەرەکی‌و گرنگی کشانەوەی ئەمریکا ئەوەیە کە بیانوی سەرەکی لەدەستی ئەو گروپە چەکدارانە دەردێنێت کە ناوی خۆیان ناوە "گرووپەکانی بەرگریی یان به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌".

ناوبراو پێیوایە، "ئەم گروپە چەکدارانە پێویستیان بەداگیرکاریی هەیە، تەنانەت ئەگەر داگیرکارییەکی ڕوکەشیش بێت، تا بونی خۆیانی پێ پاساو بدەن، لەڕوانگەی منه‌وه‌، بونی ئەمریکا کە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق بوو، گۆڕدرا بۆ داگیرکاریی، بەگشتیی لەعێراقدا ساختەکردنی شتەکان بوەتە کارێکی ئاسایی‌و تەنانەت هەندێکجاریش لەسەری ڕێککەوتون".

بەڵام کۆتاییهاتنی بونی سەربازیی ئەمریکا بەواتای کۆتاییهاتنی کێشەکە نایەت، بەڵکو دەستپێکی قۆناغە هەرە سەختەکەیە، لەمڕۆوە حکومەتی عێراق داوای لێدەکرێت مامەڵە لەگەڵ چەکدا بکات بەبێ ئەو پاساوەی گروپەکان ساڵانێک بەکاریاندەهێنا، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ عەباس پێشبینیدەکات، لەماوەی داهاتودا "شەڕێکی توند لەپشتپەردەی گفتوگۆکاندا" لەنێوان حکومەت‌و دادگاکان لەلایەک‌و چوارچێوەی هەماهەنگی‌و گروپە چەکدارەکان لەلایەکی دیکەوە دروستبێت، دیمەنەکە کورتدەکاتەوە وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە "ئەمریکییەکان بێدەنگ بکات" یان گوشارەکانیان کەمبکاتەوە، بەتایبەت لەبەر ئەگەری سەپاندنی سزای ئابوریی بەسەر عێراقدا.

تاقیکردنەوەی زەیدیی
وادە نوێیەکەی داماڵینی چەک، لەڕوانگەی عه‌باسەوە تەنها مێژویەک نییە لەسەر ڕۆژمێر، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکە بۆ خودی زەیدیی، ئەو دەڵێت، "ئەمریکا بابەتەکەی لە 30ی ئەیلولەوە بۆ حوزەیرانی داهاتوى درێژکردەوە (واتە نزیکەی نۆ مانگ)، لەم ماوەیەدا تاقیکردنەوەی هێزی سیاسیى سەرۆک وەزیران‌و توانای پابەندبونی بەو بەڵێنانەی داونی‌و بەکارهێنانی ئەو کەرەستانەی لە دەستیدایە ئەنجامدەدرێت".

ئه‌وه‌شى وت، "ئەمە سەختترین قۆناغە لەبەردەم زەیدیدا؛ چونکە واشنتۆن دەیەوێت بزانێت ئایا هاوپەیمانێکی لەبەردەستدایە کە بتوانێت پاڵپشتی بکات‌و بەردەوامبێت لەگەڵیدا، یان زەیدیش وەک سەرۆک وەزیرانه‌كانى دیكه‌ کۆتایی دێت کە نیازی باشی هەبوو به‌خودى سودانیشه‌وه‌، بەڵام نەیدەتوانی بیانکاتە واقیع، ئەمە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەیە؛ چونکە لەپشتپەردەدا ململانێکە تەواو عێراقی نابێت، بەڵکو شەڕێک دەبێت بەوەکالەت لەنێوان نفوزی ئێران لەعێراق‌و تواناکانی ئەمریکادا، بەڵام جیاوازیی ده‌كه‌م  لەنێوان نفوزی ئەمریکاو ئێراندا؛ ئەمریکا بەو شێوازەی ئێران لەعێراقدا بونی هەیە، ئامادەیی نییە، بەڵام کەرەسته‌ی گوشاری ڕونی لەدەستدایە بەتایبەت لەمەلەفە ئابوریی، دارایی‌و سیاسییه‌كاندا، لێرەوە پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا تیمی کۆنترۆڵکردنی چەک بەهێزترە، یان تیمی کاتکوشتن‌و دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ بەلاڕێدابردنی بابەتەکە؟ بۆیە پێشبینی وەرزی گرژیی توند دەکه‌م لەعێراقدا".

ئەو پرسیارەی کە کەس نایەوێت بیخاتەڕوو
عەباس لەپرسی ڕادەستکردنی چەکیش زیاتر دەڕوات؛ تەنانەت ئەگەر هەندێک لەگروپەکانیش لەژێر گوشار یان ڕێنوێنیی ئێراندا یان بەهۆی ترسی ناوخۆییەوە، ڕازیبن چەکەکانیان دابنێن یان بێدەنگی بکەن، ئەمە کێشە بنەڕەتییەکە چارەسەرناکات، چونکە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ تەنها لەسەر گروپەکان نییە، بەڵکو لەسەر خودی ئێرانە.

عەباس دەڵێت، "پرسیارە ڕاستەقینەکە بەکارهێنانی خاکی عێراقە لەلایەن ئێرانەوە بۆ وەشاندنی لێدان لەنەیارەکانی، لەوانەش وڵاتانی کەنداو، بۆیە تەنانەت ئەگەر حکومەت گروپەکانیش ڕازیی بکات، ئێران کاتێک پێویستی بێت دەتوانێت پێکهاتەیەکی نوێ دروستبکات یان گەنجانی ناو ئەم گروپانە بەبێ ئاگاداریی سەرکردایەتییەکەیان بەکاربهێنێت".

ناوبراو ئاماژە بەڕوداوەکەی "لێدانی ئەلتەیب لەعەمارە" دەکات کە دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەی پێکا، وەک نمونەیەک لەسەر ئەمجۆرە مەترسییانە. بۆیە دەڵێت پێویستە پرسیارێکی دیكه‌ بکرێت: تەنها ئەوەنییە گروپەکان چی لەچەکەکانیان دەکەن؟ بەڵکو: "دەوڵەتی عێراق چی دەکات ئەگەر خاکی وڵاتەکەی بۆ لێدانی نەیارەکانی ئێران بەکاربهێنرێت؟" چونکە هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان چەکێک کە گروپێکی دیار بەشداریی تێدابکات یان لێدانێک کە لەلایەن لایەنێکی نادیارەوە ئەنجامبدرێت‌و دواتر گروپەکان بڵێن په‌یوەندیمان پێوەنییە، بەڵام خستنەڕوی ئەم پرسیارە بەواتای ئەوەدێت کە دەبێت سیاسییه‌كانى شیعه‌ى دەسەڵاتدار، هەڵوێستێکی ڕون‌و کۆتایی بەرامبەر بەئێران وەربگرێت.