پێکهێنانی حکومەتی نوێى عێراق چەند مانگێک دواده‌كه‌وێت

عیراق

28/10/2021‌ 949 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرکردەیەکی سەر بەڕێکخراوی بەدر دەڵێت:"لەبەر چەند هۆکارێک ڕاسپاردنی کاندیدی تایبەت بەپێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق بۆچەند مانگێک دوادەکەوێت".


محەمەد بەیاتی سەرکردە لەڕێکخراوی بەدر لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، "تائێستا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی ڕانەگەیاندوەو ئەو تانانەی یەکلایی نەکردۆتەوە کە لایەنە سیاسییەکان لەهەڵبژاردنەکەیانداوە، دیارە ئەوەش کاتی دەوێت".

بەیاتی دەشڵێت:"دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامه‌کانی کۆتایی‌و پەسەندکردنی ئەو ئەنجامانە، لەبەرامبەردا ڕوبەروی کێشەیەکی دەستوری دەبینەوە کە ئەویش ئەوەیە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان‌و پەسەندکردنیان ماوەی مانگێکمان پێویستە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرو دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکان، بەڵام تائێستا ئەنجامەکان پەسەندنەکراون، کەواتە چۆن هاوپەیمانیتییەکان دروستدەکرێن".

سەرکردەکەی ڕێكخراوی بەدر ئاماژەی بەوەکردوە، دوو کاتیی دەستوریی هەیە کە تایبەتە بەپێکهێنانی حکومەت‌و نابێت دوابکەون، بۆیە بابەتەکە هەر پەیوەندی بەتانەدان لەئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵکو هاوپەیمانێتییەکان لەگەڵ پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەستپێدەکەن".

جەختیشیکرده‌وە، پرسی ڕاسپاردنی پاڵێوراوی تایبەت بەپێکهێنانی حکومەتی داهاتوو چەند مانگێکی دەوێت، لەبەرئەوەی کاتێک کەسێک لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێدرێت، پێشبینیدەکرێت شکستبهێنێت‌و کابینەکەی تێنەپەڕێت، ئەوکات کەسێکی تر ڕادەسپێردرێت ئەوەش کاتێکی زۆری دەوێت.