ئایشە باشاران: تورکیا دەیەوێت هەنگاو بە هەنگاو باشورى کوردستان داگیر بکات

کوردستان

04/11/2021‌ 5917 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئایشە باشاران، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان ״هەدەپە״ لە پەرلەمانی تورکیا تایبەت بە شارپرێسی رایگەیاند، دەمێکى درێژە کە دۆخێکى نائاسایی لە تورکیادا هەیە کە لە ساڵى ٢٠١٥ وە  ئەکەپەو مەهەپە رێکەوتنێکیان کردوە کە خەتی سوریا داناوە یەکێک لەوانە دوژمنایەتیکردنى گەلى کوردە.

ئاماژە بەوە دەکات کە رێکەوتنەکەی ئەکەپەو مەهەپە لەسەر دوژمنایەتیکردنى گەلى کورد دروست بووەو لەلایەکى دیکەشەوە لەسەر دوژمنایەتیکردنى ژنان دروست بووە.

باشاران دەشڵێت" ئەکەپەو مەهەپەدە کار لەسەر ئەوە دەکەن لە تورکیادا کە یەک نەتەوەو یەک وڵات و یەک دەسەڵات و یەک میرو بیرکردنەوە هەبێت،ئەوەى رووبەرووى ئەم هەوڵەی ئەوان بووەتەوە تەنیا هەدەپەیە، بۆئەوەش لە ٢٠١٥ وە هێرشی توند لەسەر هەدەپە هەیە هەتا ئەمرۆ".

ناوبراو روونیکردەوە، بە هەزاران ئەندام و لایەنگری هەدەپە لە زیندان و دەستگیرکراون بە هەزاران ئەندامى هەدەپە دۆسییەیان بۆ کراوەتەوە یان ناچار کراون روو لەولاتان بکەن.

ئەو پەرلەمانتارەى هەدەپە ئەوەش دەخاتەروو، ئەوانەى ئیستا لە زیندانن لەبەر ئەوەیە کە خەبات و تێکۆشانیان کردوە لەدژى دەسەڵاتی ئەپەکەو مەهەپە لەدژى ئەو دوژمنایەتیەى بەرامبەر گەلى کورد دەکرێت، لەبەر ئەوەیە دەسەڵاتى ئەکەپەیان قبوڵ نەکردوە.

ئایشە باشاران دەشڵێت، دەوڵەتى تورک نەک لە باکوری کوردستان، بەڵکو باشورى کوردستان و رۆژئاوای کوردستان داگیرکارى دەکات، ئەکەپەو مەهەپە دەیانەوێت وەک عەفرین هەنگاو بە هەنگاو باشورى کوردستانیش داگیر بکەن و هێزی تورکیا لە باشور گەورەتر بکەن بۆ ئەوەى دەستکەوتەکانى گەلى کورد لەناوبەرن.

پەرلەمانتارەکەى هەدەپە نموونەى ریفراندۆم دەهێنێتەوەو دەلێت" کاتى ریفراندۆمى باشورى کوردستان ئەو دەوڵەتەى توندترین هەڵوێستى هەبوو تورکیا بووە و ئەردۆغان بوو، بۆیە ئەم سایەتى دژومنایەتیەش تازە نییەو کۆنەو سیاسەتى سەد ساڵ لەمەو پێش بەرامبەر گەلى کورد بەکاردەهێنن".

سەبارەت پرۆسەى ئاشتى لە تورکیاشدا ئایشە باشاران ئەوە دەخاتەڕوو، کە تورکیا دەیەوێت بەهێز پرسەکە چارەسەر بکات بەو جۆرەى خۆی دەیەوێت، بۆیە نیازی نییە بە ئاشتى و لەرێی گفتوگۆوە ئەو پرسە چارەسەر بکات، جەختیش دەکاتەوە کە گەلى کوردو هەدەپەش هەمیشە بۆ ئاشتى ئامادەن، بەڵام ئەکەپەو مەهەپە هیچ کات ئاشتیان ناوێت و دژی ئاشتین.

ناوبراو پێشیوایە کە لە تورکیادا گەلى کورد هیچ هیوایەکى بە چارەسەرکردنى پرسى کورد لەلایەن ئەکەپەو مەهەپەوە نییەو دەڵێت" هەدەپە شەش ساڵە بەرامبەر ئەو هێرشانە وەستاوەتەوەو بەهیچ شێوەیەکیش پاشەکشە ناکات لەو خەبات و تێکۆشانەى دەیکات، بۆیە لەم ئەمرۆدا هەوڵی داخستنى پارتەکەى ئێمە دەدەن، بەڵام بە هێرشکردن ئەوان سەرکەوتوو نەبوون و ناتوانن ئیرادەى گەلى کورد بشکێنن".

باشاران داوا لە هەموو گەلى کورد لە چوار پارچەى کوردستان دەکات دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بوەستنەوەو دەڵێت" نەک هەر گەلى کورد لە باکورى کوردستان، بەڵکو لە چوار پارچەى کوردستان پێویستە لەدژى هێرشی دەوڵەتى تورک بوەسیتنەوە، چونکە ئەمە هێرش نییە تەنیا بۆ سەر پارچەیەکى کوردستان، بەڵکو هێرشە بۆ سەر جەم گەلى کورد، چارەسەریش ئەوەیە یەکێتى گەلى کوردانە، چونکە ئەوان دەیانەوێت گەلى کورد پارچە پارچە بکەن و ژیانى کورد لەسەر ئەم خاکە توند بکەن و نەهێڵن، بەڵام دەبێت هەموان بەردەوام بین لەسەر رێگای ئاشتى و دیموکراسی".