هۆشداریی لە هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی شیعە-شیعە دەدرێت

عیراق

21/11/2021‌ 703 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریداوە لەوەی مەترسیی هەیە بەهۆی ئەنجامەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە لایەنە شیعییەکان تووشی شەڕی ناوخۆیی ببنەوە.

نەدا شاکر جەودەت پەڕلەمانتاری پێشووی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە" پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی پرۆسەکە وایان نەکردووە وڵات بکەوێتە سەر راستەڕێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوە وابکات بەپاساوی بوونی ساختەکاریی و پێشێلکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، لایەنە شیعییەکان بکەونە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە و پەلاماری یەکتر بدەن.

شاکر هەروەک وتویەتی: هاوڵاتیانی عێراق هێشتا بەدەست لێکەوتەکانی ئەو جەنگانەوە دەناڵێنێت کە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا پێیدا تێپەڕیوە، ئەوە جگە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاریی و کەمی دەرفەتی کار، بۆیە پێیوستە حکوومەت و کوتلە سیاسییەکان پاراستنی بەرژەوەندی گەلی عێراق لەڕیزی پێشەوەی کارەکانیاندا بێت.

بە وتەی شاکر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق گەورەترین ساختەکاریی و بەلارێدابردنی ئەنجامەکانی بەخۆوە بینیوە، ئەوەش لای هەموو کوتلە سیاسییەکان بەبەڵگەی روونەوە سەلمێنراوە.

هەر لەوچوارچێوەیەدا، عیسام حوسێن سەرکردە لە رەوتی سەدری سەر بە موقتەدا سەدر لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی" کوتلە سیاسییە دۆڕاوەکان خەریکی درووستکردنی ئاژاوە و قەیرانن و دەیەنەوێت بەوهۆیەوە پرۆسەی سیاسیی بەشێوەیەک بێت کە حکومەتێکی تەوافوقی لێبکەوێتەوە.

بەرپرسەکەی رەوتی سەدر جەختی کردۆتەوە کە ڕەوتەکەیان بەرەو پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەڕۆن و سەرسوورمانی خۆشی دەربڕیوە بەوەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی سوورن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی تەوافوقی کە لەئەنجامدا سەرۆک وەزیرانێکی لاوازی لێدەکەوێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەگەر هات و لایەنە شیعییەکانی تر ئەوەندە دەنگیان پێ کۆدەکرێتەوە حکومەتی تەوافوقی درووست بکەن، ئەوە رەوتەکەیان هیچ ڕێگرییەکی نییە و دەتوانن ئەوە بکەن.
وەرگیران: ئاکۆ ئاڵی