شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی " ن بی سی نیوز"ی ئەمریکی، بەرپرسو پسپۆڕانی پێشوی ئیدارەی ئەمریکی دەڵێن لەکاتێکدا ئێرانو وڵاتە زلهێزەکان خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی دانوستانە ناوەکییەکان لەهەفتەی داهاتودا ئامادەدەکەن، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەڵسەنگاندن بۆ ژمارەیەک بژاردە وەک پلانی "بی" دەکەن ئەگەرهاتو دانوستانە ناوەکییەکان شکستیانهێنا.
هەربەپێی بۆچونی دیپلۆماتکارە ئەوروپاییەکانو بەرپرسانی پێشوی ئەمریکا، بژاردە گونجاوەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شکستهێنانی دانوستانەکان بریتین لە: بڕواپێهێنانی چین بەوەی چیتر نەوت لەئێرانەوە هاوردە نەکات، توندکردنی سزاکان لەوانە بەئامانجگرتنی فرۆشتنی نەوتی ئێران بەچین، ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ تێکدانی بەرنامەی ناوەکیی ئێرانو هێرشکردنەسەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران یاخود پشتیوانیکردنی کردەی سەربازیی ئێسرائیل دژ بەبەرنامەی ناوەکیی ئێران.
شارەزایان دەڵێن:"ئەگەربێتو دانوستانەکانی ڤییەننا شکستبهێنن، ئەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئێرانو ئهمریكا هاوشێوەی پێش واژۆکردنی ڕێککەوتننامە ناوەکییەکەی ساڵی 2015ی لێدێت کاتێک ئیسرائیل بەجدی بیری لەوەشاندنی گورزی سەربازیی لەدامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران دەکردەوەو واشنتۆنو وڵاتانی ئەوروپاش سزای توندیان بەسەر تاراندا دەسەپاند، بەڵام چەند بەرپرسێکی پێشوی ئەمریکی باسیان لەوەکردوە، بەرنامەی ناوەکیی ئێران ئێستا زۆر لەهی 10 ساڵ لەمەوبەر پێشکەوتوترە، بۆیە واشنتۆن لەمامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکەدا بژاردەیەکی کەمتری لەبەردەستدایە".
پسپۆڕانی ئەمریکیش وتویانە، ئێران لەماوەی چەند هەفتەیەک بۆ دوو مانگی دەوێت بۆئەوەی ئەوەندە یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەبێت بتوانێت بۆمبێکی ناوەکیی دروستبکات، لەکاتێکدا لەساڵی 2015و لەکاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکەدا ئەو ماوەیە بەساڵێک خەمڵێنرابوو.
ئەوەشهاتوە، "دیپلۆماتکارە ئەوروپییەکانو بەرپرسانی پێشوی ئەمریکا وتویانە ئەگەر گفتوگۆکان گەیشتنە بنبەست، ئەوا ئیدارەی بایدن دەتوانێت هەوڵبدات لەڕاگەیاندنی شکستهێنانی گفتوگۆکان خۆی بەدوربگرێت، لەجیاتی ئەوەی دەرگاکە بەکراوەیی بەجێبهێڵێت بۆ پێشنیازی کاتیی تر کە یەکێک لەئەگەرەکان لەوانەیە ئەنجامدانی ڕێکەوتنێکی کاتی بێت بێئەوەی پێویستی بەگەڕانەوەی تەواوەتیی بێت بەڕێککەوتننامەی ساڵی 2015، بەجۆرێک هەرلایەنێک ڕازیبێت بەوەی هەنگاوی سادەبنێت یان هەر هیچ نەبێت دانوستانەکان سڕبکەن تائەوکاتەی لەداهاتودا دەگەنەوە بەڕێککەوتنێکی گشتگیر".
بەرپرسانی پێشوی ئەمریکاو دیبلۆماتکارە ئەوروپاییەکان دەڵێن، هەر هەڵمەتێکی نوێی سەپاندنی سزا بەسەر ئێران چەند مانگێکی دەوێت تا پشتیوانی دەکرێتو کاریگەریی خۆی دادەنێت، ئەمەش بوارێکی زۆر بەئێران دەدات بۆئەوەی پەرە بەبەرنامە ناوەکییەکەی بداتو بڕێکی زۆرتر لەیۆرانیۆم بپیتێنێت، لەوکاتەشدا سزاکان هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نامێنێت.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، دەکرێت ئەمریکا بڕیاربدات واز لەبابەتی سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا بهێنێتو لەجیاتی ئەوە کار لەسەر کردەوەی تێکدەرانە دژ بەبەرنامە ناوەکییەکەی ئێران لەشێوەی هێرشی ئەلیکترۆنیو تەقینەوە ببات، بەوشێوەیە دەتوانێت پڕۆگرامی ناوەکیی ئەو وڵاتە پەکبخات.
هەروەک وتوشیانە، "ئەگەربێتو ئیسرائیل ئامادەبێت هێرشبکاتەسەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران، ئەوە پێویستە بڕیاری ئەوە بدات کە ئایا دێتە پاڵ پرۆسەکەوە یان پشتیوانی لۆجستی پێشکەشدەکات، لەوانە فڕۆکەی پێدانی سوتەمەنیو پێدانی بۆمبی دیزاینکراو بۆ بڕینی حەشارگە قایمکراوەکانی ژێر زەویی".
یەکێک لەبەرپرسە باڵاکانی ئەمریکاش وتویەتی:"نابێت ئێران پێیوابێت ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ملکەچی ئێران دەبن ئەگەرهاتو لەبەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی نزیکبۆوە".
وتوشیەتی:"ئێران هەڵە دەکات ئەگەر بڵێ پەرە بەبەرنامەی دروستکردنی چەکی ناوەکیی دەدەینو دەبێت ئەمریکاو وڵاتانی تریش تەسلیمی ئەو واقیعە ببن، لەبەرئەوەی هەر ئێمە نا، بەڵکو وڵاتانی تریش هەن کە لەو دۆخەدا دەستەوەستان نابن".