دەیان هەزار دۆنم زەوی بۆ جوتیارانی کورد گەڕێندرایەوە

کوردستان

06/01/2022‌ 2018 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس-کەرکوک
دەیان هەزار دۆنم زەوی بۆ جوتیارانی کوردی کاکەیی لەکەرکوک گەڕێندرایەوە و شکست بەتەعریبێکی گەورەی عەرەبی هێندرا، پارێزەری کەیسەکەش زانیاری گرنگ بۆ شارپرێس ئاشکرا دەکات.

شکار مەردان پارێزەری جوتیارانی کوردی کاکەیی لەکەرکوک بەشارپرێسی ڕاگەیاند:"دادگای تێهەڵچوونەوەی گشتی بەغداد چارەنووسی چوار هەزار دۆنم لەکۆی 17هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی کوردی کاکەیی لەبەرژەوەندی دانشتیوانی ڕەسەنی ناوچەکە یەکلاکردەوە".

ئاشکراشی کرد، ئەو بڕیارەی دادگا لەڕۆژی 5ـی مانگی کانوونی یەکەم ساڵی 2021 دەرچووە و دوێنێ چوار شەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2022 نووسراوەکە گەیشتووەتە دادگای داقوق.

بەپێی وتەی پارێزەری جوتیارە کاکەییەکان ئەو زەوییانە دەکەونە سنووری گوندەکانی عەتشانە و عوزەیرییە لەباشوری شارۆچکەی داقوقی سەر بەپارێزگای کەرکوک.

ماوەی زیاتر لە20ساڵە جوتیارانی کوردی لەکەرکوک بەدەست بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسی پێشووەوە دەناڵێنن، کە بووە هۆی داگیرکردنی سەدان هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی کورد لەچوارچێوەی پڕۆسەی بەعەرەب کردن.