ئەو باوک و کچەی پێکەوە زانکۆیان تەواوکرد لە ستۆریەکی شارپێسدا

کوردستان

07/01/2022‌ 1747 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاشنا ئەسوەد

ئارام هیدایەت سوارە کە تەمەنی 51 ساڵە و مامۆستایە لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کۆیە هاوشانی " رەیان "ی کچە ٢٢ ساڵەکەی دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ خوێندن و ئەمساڵ پێکەوە ئاهەنگی دەرچوونیان کردووە.

ئارام هیدایەت کە پیشەی مامۆستایەو بەڕێوەبەری قوتابخانەیە، دوای 27 ساڵ بۆ تەواوکردنی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی دەچێتەوە بۆ خوێندن، لەهەمان ساڵدا رەیانی کچیشی لەهەمان کۆلێژی زانکۆی کۆیە، لەبەشی ئینگلیزی وەردەگیرێت و لەسێ یەکەمەکی کۆلێژەکەیە.

رەیان لەنێو خێزانێکی خوێندەواردا پەروەردە بووە، جیا لە باوکی، دایکیشی مامۆستایە و ئەو باوک و دایکی بەهۆکاری بەدەستهێنانی ئەو سەرکەوتنە دەزانێت و دەڵێت: "باوک و دایکم هاندەری سەرکەوتنەکانم بون، ئەوان هەمیشە هانیان دەدام بخوێنم و کاتێکیش دەمبینی ئەوان بەو تەمەنەوە هێشتا لەهەوڵدان بۆ خوێندن بەردەوامن و خۆیان ماندوودەکەن، منیش زیاتر هەوڵم دەدا ".

ئارام باوکی شەش منداڵە ( پێنجیان کچن و یەکێکیان کوڕە ) جگە لەرۆڵی باوکایەتی هەمیشە وەک هاوڕێ لەگەڵ منداڵەکانیدا هەڵسوکەوتی کردووە.

دەشڵێت"جگە لە ڕەیانی کچم ئێستا کچێکی ترم لەهەمان بەشی من کە پەروەردەی وەزشە دەخوێنێت و بەردەوم هاوکار و یارمەتی دەریم، جگە لە خوێندنەکەیان فێری وەزشیان دەکەم و دەمەوێت مەلەوانی و پاسکیل سواری فێربن " ئارام بەم شێوەیە لەبارەی منداڵەکانێوە دوا.

چەند رۆژێک لەمەوبەر ئارامی مەلازادە و رەیانی کچی بەیەکەوە ئاهەنگی دەرچونیان لەکۆلێژ ئەنجامدا، ئەوان پلانیان هەیە هەر بەیەکیشەوە ماستەر و دکتۆرا بخوێنن.