شارپرێس:
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەڵێنی ئەوەیداوە کە سنورێک بۆ پرسی ئامادەنەبونی پەرلەمانتاران لەدانیشتنەکانی پەرلەمان دابنێت، دهشڵێت:"ڕێگە نادهم ئەوەی لەخولەکانی تردا ڕویدا لەم خولەی پەرلەماندا دوبارەبێتەوە".
بەگوێرەی بەیاننامەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، حاکم زاملی لەمیانی ئامادەبونی لەکۆڕێکی ناساندنی ئەندامە نوێکانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا ڕایگەیاندوە، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵدەدات ئەم خولە لەکاتی دەنگدان لەسەر یاساکانی پەیوەست بەلایەنی ئابورییو ئەمنییو کشتوکاڵیی، چارەسەرکردنی بێکاری، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵییو مادە هۆشبەرەکان، پڕۆسەکانی بەقاچاخبردنو کۆنترۆڵکردنی سنورەکان دیارترو چالاکتربن.
وتوشیەتی:"دامەزراوەی یاسادانان چاودێریی ئاستی کارکردنی حکومەت دەکات، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لەکێ دەبێت، بۆیە لەپێناو دەستەبەرکردنی عێراقێکی بەهێزو گەشاوەدا، لەچاودێریکردنیدا توند دەبن".
بەوتەی زاملی، ڕێگە بەپەکخستنی ڕۆڵی چاودێریکردنی پەڕلەمان نادەنو گرنگییەکی زۆر بەپەسەندکردنی یاسا پەکخراوەکانو ئەو یاسایانە دەدەن کە پەیوەستن بەژیانی هاوڵاتیانەوەو ڕۆڵیان دەبێت لەبونیادنانی وڵاتو بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیی، ئەوە جگە لەدانانی میکانیزمی کارا بۆ سنوردانان بۆ بابەتی ئامادەنەبونی پەڕلەمانتاران کە لەخولەکانی ڕابردودا زۆر دوبارە دەبۆوە.