وه‌زیرێكى عێراق له‌هه‌رێمه‌وه‌ زانیاریی گرنگ ئاشكراده‌كات

کوردستان

13/01/2022‌ 4958 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ دەربەندیخان:

وه‌زیرى سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كانى حكومه‌تى عێراق دواى سه‌ردانى بۆ به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان، هه‌ڵوێستى ئێرانى له‌به‌رامبه‌ر داواكاریه‌كانى عێراق له‌باره‌ى پرسى ئاوه‌وه‌ ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند، "تائێستا ئێران وه‌ڵامى ئه‌رێنى ئێمه‌ى نه‌داوه‌ته‌وه‌"، ده‌شڵێت:"له‌گه‌ڵ توركیا گه‌یشتوین به‌چاره‌سه‌ر".


مەهدی ڕەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاویەکانی عیراق له‌میانى كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌شارى ده‌ربه‌ندیخان كه‌ په‌یامنێرى شارپرێس ئاماده‌یبوو ڕایگەیاند، "لەگەڵ تورکیا کێشەی ئاو چارەسەرکراوە، بەڵام لەگەڵ ئێران بەداخەوە وەڵامی ئەرێنیان نەداوینەتەوە، نیگەرانین لەوەی ئێران ڕێڕەوی سەرچاوە ئاویەکان دەگۆڕێت، ئەمە کەیسێکی عێراقیەو حکومەتی عێراق گرنگی پێدەدات، وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانیش داواکاریمان بۆ ئەوکەیسە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردوە".

وتیشی:"هەرێم‌و عێراق یەک وەزارەتی سەرچاوەی ئاومان هەیە، لەزاخۆوە تا باشور هەموی یەکسانە، بەنداوی دەربەندیخانیش دۆخی هەمان دۆخی بەنداوەکانی تری عێراقە". 

ئاشکرایشکرد، مەبەستی سەردانەکەی بۆ بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی چاکسازیەکانی بەنداوی دەربەندیخانە كه‌ به‌هۆى بومەلەرزەکەی ساڵی 2017وه‌ زیانی بەرکەوتبوو.

ئه‌وه‌شى وت:"نەبونی ئاو لەبەنداوی دەربەندیخان، زیان بەڕوباری سیروان دەگەیەنێت‌و پاشان زیان بەڕوباری دیالە دەگەیەنێت".