فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەران: هاوڵاتیان بەهۆی سەرکوتی سیاسییەوە ناچار بە جێهیشتنی کوردستان کراون

کوردستان

18/01/2022‌ 685 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی مامەڵەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دۆسیەی پەنابەران بە "سه‌وداو بازرگانی" وه‌سف ده‌كات رایگەیاند"بانگەوازی سەرجەم ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لەبەرامبەر سیاسەتی دژە ئینسانیی حکومەتی هەرێم حکومەتی لیتوانیا بەرزبکەنەوە".

لە راگەیەنراوێکدا فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەبارەی مامەڵه‌ی حکومەتی هەرێم به‌رامبه‌ر بەژیانی پەنابەران‌و دۆسیه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ كورد له‌لیتوانیا رایگەیاند"دوێنێ دووشەممە ١٧/١/٢٠٢٢ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لەسەردانێکی بۆ کوردستان لەگەڵ سەرۆکی  حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووە، گوایە دەربارەی پرۆسەی سیاسی عێراق و کیشەی کۆچبەران لەئەوروپا قسەوباسیان کردووەو باسیان لەوەکردووە کە هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ده‌بێت ڕێگری له‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ و به‌كارهێنانی بۆ مه‌رامی سیاسی بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاریكاریی هاوبه‌شی وڵاتان به‌تایبه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، پێویسته."

فیدراسیۆنی پەنابەران ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەم جۆرە لێدوانانە جارێکی دیکە ئاماژەن بۆتێکدانی ژیانی هاوڵاتیانێك کە بەهەر هۆیەکەوەبێت روویان لەولاتانی ئەوروپا کردەوە. هاولاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵومەرجێکی سەختی ژیان و گوزەران و سەرکوتی سیاسی و نادیاری ئایندەی سیاسی کوردستانەوە ناچار بە جێهیشتنی کوردستان کراون.

فیدراسۆنەکە روونیکردوەتەوە کە سەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوایە بەگرتنەبەری ڕێکاری توند دەیانەوێت ڕیگریی بگرن لەکۆچکردن و بازرگانی بە مرۆڤەکانەوە، بەڵام چاوی خۆیان لەو ڕاستیە دەپۆشن کە دەسەڵاتی سەرکوتگەر و تاڵانچی خۆیان هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان کوردستان جێبهێڵن.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی دەشڵێت، "خەڵکی کوردستان و پەنابەران لەدەرەوە لەوە ئاگادارن کە لەمانگی نۆڤەمبەر و دیسەمبەری ساڵی ڕابوردوودا، دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم هەڵمەتێکی ناوزڕاندن و سوکایەتی کردنیان بۆ سەر هەزاران پەنابەری کورد دەستپێکرد، کە بەمەبەستی کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە وڵاتانی بیلاڕوسیا وپۆڵەندا لەسەر سنورەکان و لە ژێر بارودۆخێکی سەخت ومەترسیداردا  گیریان خواردبوو، سەرئەنجامیش لە ڕێکەوتنێکی سیاسی ژێربەژێردا بە هاوکاری حکومەتی عێراق و چەند وڵاتێکی ئەوروپی پەنابەرانێکی زۆریان ناچار بەگەڕانەوە کرد بۆ کوردستان."

هەر به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ئەم پەنابەرانە نەك هەر قەرەبوو نەکرانەوە، بەڵکو بەشێوازی جۆراوجۆر لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکومەتیەوە لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنەوەو بێشەرمانە سوکایەتیان پێدەکرا.لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێم  بەئامانجی وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسی و شانخالیکردن لە بەرپرسیارێتی، دەیەوێت سات وسەودا و ڕێکەوتنێکی سیاسی تر بەژیان وچارەنوسی سەدان پەنابەران بکات لە وڵاتی لیتوانیا.

له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقیدا هاتووه‌،  “ئەم سیاسەتی سات وسەودا و بازرگانیکردنە  لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمەوە بەژیانی پەنابەرانی کوردەوە ئیدانە دەکەین، هاوکات بانگەوازی سەرجەم ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لەمافی پەنابەری لە ئاستی جیهانیدا و هەروەها خەڵکی ئینسادۆستی کوردستان لە ناوەوە و لەدەرەوەی کوردستان دەکەین کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لەبەرامبەر ئەم سیاسەتی دژە ئینسانیەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی لیتوانیا بەرزبکەنەوە”.