عومەر عینایەت: ئەگەر یاسای چاکسازی جێبەجێبكرێت 100 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە

کوردستان

24/02/2022‌ 869 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، جگە لە ئەندام پەرلەمانەكان كەس باجی یاسای چاكسازی نەداوە و دەشڵێت: بودجەی موچەخۆران لە 805 ملیار دینارەوە بۆ 895 ملیار دینار زیادیكردووە، لەكاتێكدا دەبوایە ئەو بودجەیە كەمی بكردایە بەهۆی یاسای چاكسازییەوە.

عومەر عینایەت، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ شارپرێسدا رایگەیاند: پەرلەمانی كوردستان لاوازە و دەبێت سەرۆكی حكومەت بانگ بكەنە بەردەم پەرلەمان و لەسەر موچە متمانەی لێوەربگرنەوە، كە لێپرسینەوە یەكێكە لە ئەركە گرنگەكانی پەرلەمان.

عینایەت وتیشی: گومانم نییە لەوەی دەسەڵاتی یەكەم لە هەرێمی كوردستاندا سەرۆكی حكومەتە و پاشان جێگرەیەكەیەتی و پەرلەمان دامەزراوەیەكە تابعە بە حكومەت و حكومەتیش بە دوو حزب و دوو حزبەكەش بە دوو بنەماڵە.

ئەوەشی خستەڕوو، گرنگترین چاكسازی دەبوایە لە بواری نەوت بوایە، بەڵام بەداخەوە لەوبوارەدا نەكراوە و تەنها لە موچە و دەرماڵەدا كراوە و جگە لە ئەندام پەرلەمانەكان كەس باجی یاسای چاكسازی نەداوە، لەكاتێكدا وتیان ئەگەر یاساكە جێبەجێبكرێت 100 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەى پێشوو ئاشكرایكرد، لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا بودجەی موچەخۆران 805 ملیار دینار بووە، بەڵام ئێسا 895 ملیار دینارە، لەكاتێكدا دەبوایە ئەو بودجەیە كەمی بكردایە بەهۆی یاسای چاكسازییەوە.
س.س