فایەق گوڵپی: هەرێمی کوردستان لەدەرەوەى دیبلۆماسیەتى عێراق سەرکێشى کردوە

کوردستان

15/03/2022‌ 1873 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

د. فایەق گوڵپی چاودێری سیاسى رەخنە لەلایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى هەرێم پەرتەوازەن و پەرش و بڵاون لەبەرامبەردا لایەنەکانى  دەسەڵات ئەگەرچی ناکۆکیش بن، بەڵام یەکگرتوون، بۆیە پێویستە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هەڵوێستەکانیان یەکبخەن و یەکگرتوو بن.

لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێسدا د. فایەق گوڵپی رایگەیاند، دەسەڵاتى کوردی لادانى کردوە لە پرسە نەتەوەییەکان و تەنانەت زمانى کوردی و نەتەوەییان داڕماندوەو زمانى حزبیان خستووەتە شوێنى و کوردستانیان دابەشکردوە، هەر رۆژەو داگیرکەرێک دێنە سەر خاکى کوردستان و نیشتمان دەبەخشن بە داگیرکەران، بۆ نموونە هەولێر بۆردومان دەکرێت لەلایەن وڵاتێکەوە زۆرێک خەڵکی پێیخۆشە ئەمە کارەساتە کە ئەم دەسەڵاتە وایکردوە خەڵک وا بیر بکاتەوە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، خەڵکى کوردستان ئینتیمانى بۆ نەتەوەو کوردستان نەماوە کە دەبینن دەسەڵات هەر لایەکى کوردستانى داوە بە داگیرکەرێک، پایەکانى کوردستانى نەک داڕماندووە، بەڵکو رێگەش بە دروستکردنى ئەو پایانەش نادەن.

لەبارەى هەڵوێستى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانى هەرێم و کاریگەریان لەسەر دەسەڵات د. فایەق گوڵپی دەشڵێت "هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى هەرێم پەرتەوازەن و پەرش و بڵاون لەبەرامبەردا لایەنەکانى دەسەڵات ئەگەرچی ناکۆکیش بن، بەڵام یەکگرتوون، بۆیە پێویستە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هەڵوێستەکانیان یەکبخەن و یەکگرتوو بن.

هەروەها ئەو چاودێرە سیاسییە، لەبارەى هێرشەکانى ئێران بۆ سەر هەرێم باس لەوە دەکات، ئێران دەیەوێت هەرێمى کوردستان هەندێ شتی تری بۆ بکات، بەڵام دەبێت هەرێم لەرێگەى حکومەتى ناوەندەوە پەیوەندی دروست بکات، بۆ نموونە هەرێم لەدەرەوەى دەستور پەیوەندی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان دروستکردوە کە ئەمە عێراق و ئیرانیش پێیان ناخۆشەو رازی نابن، چونکە هەرێم لەدەرەوەى دیبلۆماسیەتى عێراق هەندێ سەرکێشى کردوە.

د. فایەق گوڵپی" کێشەى ئێمە لەم وڵاتە حزبایەتى دەستى بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە، ئەوان پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان دەکەن و ئەوان هەموو شتێکمیان خستووتە خزمەت حزبەوەو حزبیشیان خستووەتە خزمەت داگیرکەرانەوە، ئینجا خەڵکی کوردستانیش حزبەکان وەک دووژمنى خۆی دەبینیت، بۆیە بارودۆخى ئێمە زۆر خراپە، حزبەکان هەر خەریکى ملشکاندی یەکترەو ستراتیژیان خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان نییە، بەڵکو ستراتیژیان شکاندنى یەکترە".

گوڵپی باس لەوە دەکات، دەبێت دەسەڵات چاکسازی بکات، ئەگەر ئەوان نایکەن دەبێت ئەو کەسانەى کە لەدەرەوەى دەسەڵاتن و ناڕازین دەست بە چاکسازی بکەن.

س.هـ