پێشبینی كەشوهەوای ڕۆژانی نەورۆز ڕاگەیەندرا

کوردستان

17/03/2022‌ 1340 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان پێشبینی ڕۆژانی نەورۆزی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، لە سێ ڕۆژی نەورۆزدا ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و ئەگەری بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەكاندا هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمدا ئاماژەى بەوە کردوە کە یەکەم ڕۆژی نەورۆز، ئاسمان بەگشتی نیمچەھەورە و تەنھا لەسەر ناوچە سنوورییەکان ئەگەری کەمێک بەفر و نمەباران ھەیە، لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان باران لەسەر شێوەی نمەبارانی کورتخایەن دەبێت. پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی زیاتر بە خۆیانەوە دەبینن، بەرزترین پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات بە نزیکەی ( ٤-٦) پلەی سیلیزی، خێراییی با لەسەر خۆیە و مەودای بینین ٩ کم دەبێت بەگشتی.

هەر بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، دووەم ڕۆژی نەورۆز، ئاسمان بەگشتی ھەورو نیمچەھەور دەبێت، پلەکانی گەرما زیاتر ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات، کاریگەریی ئەو باڕستە ھەوا ساردەی ڕووی لە ناوچەکەمان کردبوو لاواز دەبێت، ئەگەری نمەباران لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان ھەیە، بەتایبەت لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر ھەندێ کات بڕی باران مامناوەند دەبێت و سەنتەری پارێزگای دھۆک و ھەولێر ئەگەرێکی کەمی نمەبارانی کورتخایەن ھەیە لە کاتەکانی نیوەڕۆ. پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە بەردەوام ئاسمانی نیمچەھەور دەبێت، تەنھا ناوچە شاخاوییەکانی ئەو دوو پاریزگایە ئەگەری نمەبارانی ھەیە .

لە بارەی سێیەم ڕۆژی نەورۆزەوە ئەوەخرواەتەڕوو، ئاسمان بەردەوام نیمچەھەور دەبێت بە ھەمان شێوەی ڕۆژانی پێشووتر پلەکانی گەرما کەمێک ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات ئەگەری زیادبوونی خێرای با ھەیە لە تەواوی ناوچەکەمان ھەندێ کات دەگاتە سەرووی ٢٠ کم لە کاتژمێرێکدا لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک، ئەو تۆزوخۆڵە لەگەڵ نمەباران تێکەڵ دەبێت لەسەر بەشێک لە ناوچەکان، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان .

س.س

بەپەلە