بەرپرسێکى پارتى: داعش لە سوریاوە گەیشتوونەتە سنوری خانەقین و خۆیان حەشارداوە

کوردستان

29/04/2022‌ 788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 بەرپرسێکی پارتی لە سنوری خانەقین رایدەگەیەنێت کە داعشەکانی سوریا گەیشتوونەتە ناوچەکە و ژمارەیەکی بەرچاوی داعش خۆیان لە شاخێکی ناوچەکە حەشار داوە.

 جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقین، بە پێگەى فەرمى حزبەکەى ڕاگەیاندوە ''چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی سنوری خانەقین و گەرمیان و دیالە مەترسیی زیاتریان پەیدا کردووە و تاکتیکی نوێ بەکار دێنن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەیەک چەکداری داعش لە سووریاوە گەیشتوونەتە ناوچەکە، ئێستا داعش سێ ڕێگا بۆ کردەوەی تیرۆریستی بەکار دێنێت، ئەوانیش بریتین لە بەئامانجگرتنی جووتیاران و ڕفاندنی ھاووڵاتییانی ناوچەکە و بەکارھێنانی چەکی قەناسی پێشکەوتوو بۆ پێکانی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان و دانانەوەی بۆمب.''

ئاماژەى بەوەشکردوە، ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش خۆیان لە زنجیرەشاخێکی لای نەفتخانە حەشار داوە کە درێژیی شاخەکە ٨٠ کیلۆمەتر دەبێت و ھیچ ھێزێکی پێشمەرگە و عێراقیش لەو سنوورە نییە، تەنیا ھێزی حەشدی شەعبی لەوێن کە ناتوانن بەرەنگاری داعش ببنەوە.

جەعفەر شێخ مستەفا ئەوەشى خستەڕوو، ناوچەیەکی بەرفراوان ھەیە لە دەوروبەری ئاوی حەمرین کە ھیچ ڕێگایەکی بۆ ناچێت و داعش سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییە بینیوە بۆ ئەوەی جووڵەی زیاتر بکات.

هەروەها ناوبراو دەشڵێت" پێشتر بەھۆی ھەبوونی پێشمەرگەوە تا ڕادەیەکی باش ڕێگە لە جووڵەی چەکدارانی داعش دەگیرا، بەڵام ئێستا عێراق نیازی نییە بچێتە ھەموو شوێنێک بۆ لەناوبردنی داعش و لە زۆر شوێن پەلاماری ھێزە عێراقییەکان دەدرێت و بەدوایدا ناچن.''