چارەسەرێکی نوێ بۆ پەستانی خوێن

تەندروستی

01/05/2022‌ 542 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، پێدەچێت لەماوەیەکی نزیکدا ملیۆنان کەس لەسەرانسەری جیهاندا لە خواردنی رۆژانەی حەبی دابەزاندنی پەستانی خوێن رزگاریان ببێت و لەجیاتی ئەوە هەر شەش مانگ جارێک دەرزییەک لەخۆیان بدەن، ئەمەش دەبێتە یەکەم چارەسەری لەو شێوەیە بۆ تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن.

پسپۆڕان ئومێد دەکەن ئەم دەرمانە لەماوەی سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا لەسەر ئاستێکی فراوان بەردەست بێت، ئەمەش بە شۆڕشێکی گەورە لەژیانی ئەو کەسانە هەژمار دەکرێت کە لەسەرانسەری جیهاندا بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن.

دەرمانە نوێیەکە کە پێی دەوترێت زیلپێسران، پرۆتینێک بە ناوی ئەنجیۆتانزینەجین بەئامانج دەگرێت، کە لەلایەن جگەرەوە بەرهەمدەهێنرێت و رۆڵی هەیە لە ڕێکخستنی گوشاری خوێن.

داهێنەرانی چارەسەرە نوێکە دەڵێن ئەم ڕێگایە چارەسەرێکی زۆر کارایە و ئەو مەترسییەش ناهێڵێت کە رەنگە کەسەکە رۆژانە خواردنی دەنکۆڵەکە لەبیر بکات.

سەبارەت بەو بابەتە، دوکتۆر مانیش ساکسینا سەرپەرشتیاری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە وتویەتی: زۆر بەپەرۆشی تاقیکردنەوەی ئەو ڕێگا نوێیەن، تاوەکو بزانین تاچەند بۆ تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن کارا و سەلامەتە .

هەروەک وتویەتی: هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکانداین، بەڵام ئومێدەوارین ڕێگا نوێکە بۆ حاڵەتی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن چارەسەرێکی سەلامەت و کردەیی بێت و مامەڵە لەگەڵ کردنیدا ئاسان بێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی