بۆچی وەرزشکردن لەکاتی دووگیانیدا بۆ ئافرەتان گرنگە؟

تەندروستی

13/05/2022‌ 639 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گۆڤاری " Woman"ی نەمسایی باسی لەوەکردووە کە وەرزشکردن گرنگییەکی گەورەی بۆ ئافرەتانی دووگیان هەیە، بەوپێیەی دەبێتە هۆی پاراستنیان لە تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن و شەکرەی کاتی دووگیانی.

گۆڤارەکە روونیکردۆتەوە کە ئافرەتانی دووگیان بۆئەوەی ئەنجامی باش و بەرچاویان لە وەرزشکردنیان دەستبکەوێت، ئەوە دەبێت هەفتانە سێ جار و هەر جارەی بۆماوەی 30 خولەک وەرزش بکەن.

سەبارەت بەو وەرزشانەی بۆ کاتی دووگیانی بەسوودن، گۆڤارەکە دەڵێت راهێنانی لەشڕێکی و بەکارهێنانی تۆپی لاستکی و لێخوڕینی پاسکیل لەسەر زەویی تەخت باشترین وەرزشن، ئەوە جگە لە مەلەکردن بەمەرجێک پلەی گەرمیی ئاوەکەی لە 20 پلەی سەدیی کەمتر نەبێت و لە 33 پلەش زیاتر نەبێت.

باس لەوەشکراوە کە دەبێت ئافرەتانی دووگیان خۆیان لەو وەرزشانە بەدووربگرن کە مەترسیی کەوتن و پێکرانیان لێدەکرێت، وەک ئەسپسواری و وەرزشە جەنگییەکان، یان ماراسۆن و بەرزکردنەوەی قورسایی.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی