بڵێسە جەبار فەرمان: جارێکى دیکە بەعسییەکان هاتوونەتەوە ناو پەرلەمانی عێراق

کوردستان

06/06/2022‌ 2455 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، كورد دەبێت لەگەڵ حكومەتی تەوافقیدا بێت و لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەدا زەرەرمەند دەبێت لە دوورمەودادا و هۆشدار دەدات لەوەی كە خاوستێك هەیە لە عێراقەوە هەرێم هەڵبوەشێنرێتەوە.

 بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند: چەندین جار مەترسییەكانی سەر هەرێممان خستوەتەڕوو کە خواستێك هەیە لە عێراقدا هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە و وەك پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەمانە ئەو مەترسیانە دەخاتەڕوو كە هەوڵێكی شۆڤێنی هەیە لەناو پەرلەمانی عێراقەوە بۆ لەناو بردنی هەرێم و نەوەی بەعسییەكان هاتونەتە ناو پەرلەمانی عێراق.

دەشڵێت: عێراق وڵاتێكە دەستێوەردانی دەرەكی تیایدا زۆرە و خۆی ناتوانێت چارەنوسی خۆی بنوسێتەوە، كوردیش دەبێت بێ لایەنی خۆی بپارێزێت و بەپێی دەستور و سیاسەتی تەوافقی مامەڵە بكات، كورد لەعێراقدا كەمینەیە لە حكومەتی زۆرینەدا، ئەگەر ئێستاش قازانج بکات، بەڵام لە دوورمەودادا زەرەمەند دەبێت.

ئەندامەکەى سەرکردایەتى یەکێتى باس لەیەکێک لەو مەترسیانەى سەر عێراق دەکات کە گەڕانەوەى بەعسییەکانن بۆ پڕۆسەى سیاسی و دەڵێت" ئێستا جارێکى دیکە نەوەى بەعسییەکان دووبارە هاتوونەتەوە ناو پەرلەمانى عێراق، پێویستمان بە یاسایەکە کە بەعسییەکان قەدەغە بکات، دەبێت پرۆژەیەکى کوردی و لایەنەکانى دیکەش بێت بۆ ئەوەى بەعسییەکان و سمبولەکانیان قەدەغە بکات".

 سەبارەت بە دۆخى ناوخۆی حزبەکەشى بڵێسە جەبار فەرمان وتى" یەکێتى حزبێکی زیندووە و نەشمان شاردۆتەوە کە هەمیشە کێشەو ئاڵۆزی زۆر بووە، یەکێتى چەترێک بووە هەمیشە بۆچوونى جیاوازی تێدا بووە کە هەر لە دایکبوون و دروست بوونییەوە لەچەندین بۆچوونى جیاواز تیایدا کۆبوونەتەوە، بۆیە ئێمە گەیشتنووینەتە ئەو بڕوایەى دەبێت یەکێتى خۆی نوێ بکاتەوە کە لەگەڵ ئەم سەردەمەى ئێستادا بگونجێت".

ئاماژەى بەوەشکردوە، تاکو ئەم ساتە دیداری یەکێتى سەرکەوتوو بووە کە توانی لیژنەى زۆر پێکبهێنێت و راپۆرت و بۆچوونی زۆر کۆبکاتەوە، بەڵام هەنگاوی دووەمی ماوە کە چۆن ئەم راسپاردانە جێبەجێ دەکرێت و کێ چاودێری جێبەجێکردنەکە دەکات؟.

وتەكانی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی لەكاتێكدایە، هەشت مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت ڕێكنەكەوتوون و پارتیش لەگەڵ سەدر و سونەكان چووەتە ڕێككەوتنێكەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە.
س.س