حزب و حکومەت بێهەڵویستن..تورکیا لە سینەماو هونەریشەوە ئۆپەراسیۆن دژی کورد دەکات

کوردستان

09/06/2022‌ 1528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە چەند رۆژی رابردودا لە یەکێک لە زنجیرەکانی درامایەکی تورکیدا کە بە ناوی گورگی تەنیاوە لە کەناڵی ئەی تیڤی نیمچە فەرمی حکومەتی تورکیاوە پەخش دەکرێت، سوکایەتی بە حکومەتی هەرێم و بەشێک لە رەمزە حزبی و حکومیەکانی هەرێمی کوردستان کراو بە توندی هێرش کرایە سەر دادگا و پرۆسەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان.

هەرزوو ئەو سوکایەتی و هێرشانە دەنگدانەوەی بەدوادا هات و لە سۆشیال میدیاو شەقامی کوردی بوە باسێکی گرنگ و وەک مەترسیەکی نوێ لێکدرایەوە بۆ سەر داهاتوی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی، بە جۆرێک کە باس لە داگیرکارییەکی نوێ کرا لە نێو دەستەبژێری رۆشنبیر و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێکی زۆر لە شەقامدا.

لە بەشێکی دراماکەدا کە باس لە دادگاییکردنی تاوانبارێک دەکات لە یەکێک لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان، تاوابارەکە بە تۆنێکی بەرزەوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەشێکی زۆر لە خاکی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی کوردستان موڵکی تورکەکانن و بۆ ئەوەش نمونەی یەکێک لە شەقامە دێرین و ناودارەکانی هەولیری پایتەخت دەهێنێتەوەو بە ئاماژەی تورکی بونی خاکەکەی ناوی دەبات.

لە بەرامبەر هێرشەکانی نێو دراماکەو نیگەرانی هاوڵاتیان لە سوکایەتی و مەرامەکانی پشت دراماکە، حکومەتی هەرێم و حزبە سیاسیەکانی هەرێم هیچ قسەیەکیان نەکرد و بێدەنگییان هەڵبژارد و نەیاتنوانی وەلامێکی پێویست بدەنەوە.

هەرچەندە لە زۆر کاتداو بۆ بابەتی زۆر بچوکتر لەسەر ئاستی باڵای حکومەتی هەرێم و لەرێگەی یەکێک لە فەرمانگەکانی پەیوەندیەکانی دەرەوە یان فەرمانگەی میدیاو زانیاریی یان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانەوە وەڵامی هەر بابەتێک دەدرێتەوە کە باس لە هەرێمی کوردستان بکات، کەچی ئەمجارەیان هەموان خۆیان بێدەنگ کرد و بە وشەیەکیش باسی مەترسیەکانی نیەتی داگیرکاری تورکیایان لەریگەی دراماکەوە نەکرد.

دوای تێپەربونی چەند رۆژێک و پاش ئەوەی لە شەقامی کوردی نیگەرانیەکان زیاتر بوون لە بێدەنگی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار، لە ئێوارەیەکی درەنگدا وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی یاداشتێکەوە نیگەرانی خۆی دەربڕی و رایانگەیاند کە نیگەرانی و نارەزایی خۆیان دەگەیەنن بە دەزگای بەرهەمنێن و کەناڵی ئەی تیڤی لەبەرامبەر بڵاوکردنەوەی ئەو سوکایەتی و کەم سەیرکردنەی بەرامبەرەکەیان.
لە یاداشتەکەی وەزارەتی رۆشنبیریدا کە ژمارەی لەسەر نییەو نازارێت ئاراستەی کێ کراوە ئەوەش هاتوە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوری و فیدراڵییە و خاکی پێکەوە ژیانی ئاینەکانە و کونسوڵی وڵاتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە نەدەبوو بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت لەلایەن وڵاتێکی دراوسێوە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی شارپرێس لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتوە هۆکاری نەبونی ژمارە لەسەر نوسراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە مەبەستیان بوە لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە بە نوسراوێکی فەرمییەوە بدەێتە لایەنی بەرامبەر و لانیکەم کونسوڵی وڵاتی تورکیا بانگهێشت بکرێت بۆ پێدانی نارەزایی و یاداشتەکە.

لەپاش بلاوبونەوەی یاداشتەکەی وەزارەتی رۆشنبیری ئەوەی کە بوە جێی سەرنج ئەوەبوو کە زۆربەی میدیا حزبیەکان و نزیک لە حزبیەکانی دوو هێزەی دەسەلات یاداشتەکەیان بڵاو نەکردەوە و ئەوانیش جارێكی تر بێدەنگییان لە بابەتەکە هەڵبژارد وەک ئەوەی پێیان وترابێت ئەو یاداشتەی وەزارەتی رۆشنبیری تەنها بابەتێکی ناوخۆیی وەزارەتەکەیەو با نەچێتە سەر ڕوپەری میدیاکان.

لەلایەکی ترەوە فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرجەم بەیاننامەو کۆبونەوەو ئاگاداری و یاداشتەکانی حکومەتی هەرێم ووەزارەتەکانی تێدا بلاو دەبێتەوە، ئەویش بێدەنگی لێکرد و تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش کە ٢٤ کاتژمێر بەسەر بڵاوبونەوەی یاداشتەکەی وەزارەتی رۆشنبیریدا تێدەپەرێت بڵاویان نەکردۆتەوە.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری وەک میدیایەکی زمانحاڵی حکومەتی هەرێم سەیردەکرێت و هەر بابەتێکی گرنگی پەیوەست بە هەریمی کوردستان و حکومەتەکەیەوە هەبیت لەوێ بڵاو دەکرێتەوە و سەرۆکی فەرمانگەکەش کە وتەبێژی حوکمەتی هەرێمە لە پەرەی تایبەتی خۆی سەرجەم بابەتەکانی پەیوەست بە بریار و راسپاردەو یاداشتەکانی حکومەت بڵاو دەکاتەوە، کەچی ئەویش دیسانەوە بڵاوی نەکردوە.
بڵاونەکردنەوەی ئەو یاداشتە لەلایەن میدیای حزبەکان و هیچکام لە پێگەو پلاتفۆرم و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمەوە ئەو پرسیارە دروست دەکات، ئاخۆ وەزارەتی رۆشنبیری و وەزیرەکەی سەربەخۆ ئەو کارەیان کردوەو وەک هەوڵێکی تاکەکەسی یاداشتەکە نوسراوە یاخود بە ئاگاداری حکومەت بوە؟ ئەگەر هەولێکی تاکە کەسییە بۆچی لە هەموو کابینەکەدا تەنها یەک کەس بە دەنگ بێت و ئەوانی تر تەماشاکار بن، ئەی ئەگەر بە ئاگاداری و رەزامەندی تەواوی کابینەکەو سەرۆکی حکومەت بوە بۆچی بەو شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ کراو هیچ گرنگییەک بە بلاوکردنەوەی یاداشتەکە نەدراو نەکرایە بابەتێکی گشتی و وەک وەلامێک بێت بۆ مەبەستەکانی پشت دراماکە؟
ئەمە ئەو پرسیارەکە کە دەستەبژێر و چالاکان و چاودێران بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەرێن.