لەبارەی پەتای سكچوون و ڕشانەوەی منداڵان هۆشداری دەدرێت

کوردستان

12/06/2022‌ 630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەندروستى سلێمانى رایگەیاند، لە ماوەی ١٢ كاتژمێری ڕابردوودا ٥٠ منداڵ بەهۆی پەتای سكچوون و ڕشانەوەوە رەوانەى نەخۆشخانەکان كراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، تەنها لە ماوەی١٢ كاتژمێری ڕابردوودا لە بەشی فریاكەوتنی خێرای نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێركاری، لە كۆی ٧٠ منداڵی نەخۆش ٥٠ منداڵیان بەهۆی سكچوون و ڕشانەوەوە براونەتە نەخۆشخانە.
تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردوە، بڵاوبوونەوەی پەتاکە لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلی گەرما و گۆڕانكاریی كەشوهەوایەدا سەریهەڵداوە.

هاوکات د. پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێركاری رایگەیاند، ٪٧٠ی ئەو منداڵانەی دەهێنرێنە نەخۆشخانەکەیان تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون و ڕێژەی تووشبوون گەیشتووەتە لوتکە.

د. پشدەر عەبدوڵا دەشڵێت"هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد ئەکات لەناو منداڵاندا ئەویش بەهۆی کاریگەری بەرزی پلەی گەرمایە کە لەوانەیە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاوو و خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزداو گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمیەدا لەگەڵ ووشک بوونەوەی منداڵ لە پلەی گەرمی بەرزداو کەمتر بەرگەگرتنی سکچوون و ڕشانەوە".

چەند رێنماییەکى بڵاوکردوەتەوە بۆ خۆپاراستن لەو پەتایە:

بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنێیت:
١-هەموو ئاوێک بکوڵێنە انجا ساردی بکەرەو بۆ خواردنەوە بەکاری بهێنە.
٢-خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگرە.
٣-سەورزە میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە.
٤-زوو زوو دەستی منداڵەکەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێت کردن.
٥-پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.
٦-بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی یەکتر.
٧-دوورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.
٨-باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان.
تکایە لەخۆتەوە دەرمان بەکارمەهێنە چونکە هۆکارەکان جیاوازن و چارەسەرەکانیشیان جیاوازن.

س.هـ