پزیشكێك هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی كۆلێرا ئاشكرا دەكات

کوردستان

20/06/2022‌ 1988 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پزیشكێكی نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن كە تایبەت كراوە بەچارەسەركردنی نەخۆشخانی سكچون و رشانەوەو كۆلێرا رایدەگەیەنێت: رۆژ بەڕۆژ ژمارەی نەخۆشخانی سكچون و رشانەوە زیاتر دەبێت و هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی كۆلێراش ئاوی پیس و خواردنی پیسە.

د.هێرش حەیدەر پزیشكی  هەناوی لەنەخۆشخانەی شەهید د.هێمن كە تایبەت كراوە بەچارەسەركردنی نەخۆشخانی سكچون و رشانەوەو كۆلێرا راگەیاند: ژمارەی توشبوان زۆرەو وەك وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە رۆژ بە رۆژ رێژەكە زیاتر دەبێت و تەنها دوێنێ لە ماوەی 24 سەعاتدا 625 كەس داخڵی نەخۆشخانەكان كراون.

وتیشی: بەپێی داتاكان تەنها لەماوەی 6 رۆژدا زیاتر لە 4 هەزار توشی نەخۆشی سكچون و رشانەوە بوون و سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردوە، بۆیە تا دێت ئامارەكان روو لەزیادبونەوە.

ئەو پزیشكەی بۆ میدیای فەرمی یەکێتى باسی لەوەشكرد: ناتوانین رێژەیەكی دیاریكراو دابنێن بۆ داخڵبوونی رۆژانە لەنەخۆشەكان، چونكە رۆژێك بۆ رۆژێكی تر جیاوازە، بەڵام رێژەكە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

ئەو پزیشكەی نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن تایبەت بەچارەسەری نەخۆشانی سكچون و رشانەوە دەشڵێت: نەخۆشەكان پۆڵێن دەكرێن بۆ سێ بەش، بەشێكیان گەنجن، چارەسەری پێویست وەردەگرن و دەچنە ماڵەوە، بەشێكی تریان داخڵ دەكرێن و بۆ چەند سەعاتێك چارەسەر وەردەگرن، بەشێكیشیان پێویستیان  بەمانەوەیە لەنەخۆشخانەكان.
د.هێرش حەیدەر باسی لەوەشکردوە، جیاوازی ئەم سكچونە لە سكچونەكانی تر ئەوەیە وشكبونەوەیەكی زۆر دروست دەكات، لە ماوەی زۆر كەمدا زیاد لە 5 تا 6 لیتر شلەی لەش دەچێتە دەرەوە، ئەمەش بەكاتی سستی گورچیلەكان دروست دەكات، ئەگەر فریا نەكەویت ئەوا كاریگەری خراپتری دەبێت.

هەروەها د.هێرش حەیدەر ئەوەشی وت: نەخۆشخانەكان ئامادەن بۆ وەرگرتنی نەخۆش و ئەگەر لەو نەخۆشخانەی ئێستا تەرخانكراون جێگا نەمێنێت، ئەوا نەخۆشخانەی تری ئامادەكراو هەیە.

 لەبارەی بڵاوبوونەوەی كۆلێراش وتی: یەكەم جار نییە كۆلێرا بڵاوببێتەوە، بەڵام هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی لە ئاوی پیس و خواردنی پیسە، دەبێ ئەم دوو سەرچاوە كەم بكرێتەوە، هاووڵاتیانیش پابەندبن بەخۆپارێزییەوە، دوور بكەونەوە لە ئاوی پیس و خواردنی پیس بەو شێوەیە دەتوانین رێژەكە كەمتر بكەینەوە، چونكە كۆلێرا چەند جارێكی تر بڵاو بووەتەوە وەكو ساڵی 2009 و ساڵی 2012 بڵاوبوەتەوە، چارەسەرەكەش ئەوەیە دەبێت سەرچاوەی ئاو و خواردنەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت ئەوكات كۆلێرا دەتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت و رێژەی توشبوون كەمبكرێتەوە.

ناوبراو دەشڵێت: هەر نەخۆشێكی توشبوو بەكۆلێرا دوای وەرگرتنی چارەسەریش تا 14 رۆژ كۆلێر لە پیساییەكەیدا دەمێنێتەوەو دەتوانێت بڵاوی بكاتەوە.