شارپرێس:
پێنجشەممەی ئهم ههفتهیه موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەجو لەسەر بانگهێشتی فەرمی دەسەڵاتدارانی سعودییە سەردانی ئەو وڵاتە دەکات، چهند زانیاریهكیش باس لەوەشدەکهن، سەدر پەیامێکی نهێنیی ئاراستەی بارزانییو حەلبوسیی کردووە.
بەگوێرەی چەند میدیایەکی عێراقیی کە پشتیان بەلێدوانی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بەستووە، پەڕلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی کوتلەی سەدر بەهاوڕێیەتی موقتەدا سەدر بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی سعودییە دەکەن.
ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردووە، کوتلەی سەدرو ڕێبەری کوتلەکە لەسعودیە چەند کۆبوونەوەیەکی نهێنیی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامدەدەن کە هاوکات دەبێت لەگەڵ کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لە15ی مانگی داهاتوودا، ئەویش بەبەشداریی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاو ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
سەرچاوەکان ئاشكرایانكردووه، ئەو گهشتهى سەدر جێگهی گومانی ڕکابەرەکانییەتی، بەتایبەت کە ئەوە ئاشکرابووە، ناوبراو داوای لەهاوپەیمانەکانی (بارزانیو حەلبوسی) کردووە تاوەکو کاتی گەڕانەوەی ئەو لەئەنجامدانی فەریزەی حەج، لەهاوپەیمانێتییەکەیان بەردەوامبنو هەڵینەوەشێننەوە.
ئەوەش هاتووە، "لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەدر بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەریەک لەمەسعود بارزانیو محەمەد حەلبوسیدا کردووەو تێیدا پێیڕاگەیاندووە، لەدوای 10ی مانگی تەممووزەوە چاوەڕێی سوپرایزو گۆڕانکاریی لەناکاوبن".
هەروەک بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی "عەرەبییە"ی سعودیی، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئەو دەستپێشخەریەی چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕەتکردۆتەوە بۆئەوەی لەبڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کوتلەکەییو دوورکەوتنەوە لەپڕۆسەی سیاسیی پاشگەزبێتەوە.
ڕاپۆرتی پێگەی "عەرەبییە" کە پشتی بەچەند سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار بەستووە، ئاشکرایکرد، سەدر دەستپیشخەریی دوو لایەنی ناو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕەتکردۆتەوە کە داوای لێکراوە لەبڕیاری کشانەوە لەپڕۆسەی سیاسیی پاشگەزبێتەوە.