ئەردۆغان پلانێکی دیکەی داگیرکردنى سوریا دەباتە سەر مێزی روسیاو ئێران

جیهان

19/07/2022‌ 2694 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تا دێت ئەگەرەکانی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی تری سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەهێزتر دەبن، مانگی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئاشکرا وتی شەوێک لە پر هێرش دەکەینە سەریان، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی تری سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

لە سالی ٢٠١٦ەوە تاوەکو ئێستا سوپای تورکیا سێ جار ئۆپراسیۆنی سەربازی کردووەتە سەر ڕۆژئاوا، بەو هۆیەشەوە نزیکەی سەدا ١٠ی خاکەکەی داگیر کردووە، ئۆپراسیۆنی چوارەمیش لە ئان و ساتدایە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش ئامادەکارییان بۆ بەرپەرچدانەوەی کردووە.

لە لایەک باری نائاساییان لەسەرجەم ئەو ناوچانە ڕاگەیاندووە کە دەبنە ئامانجی سوپاکەی ئەردۆگان، لە لایەکی تریشەوە هەمەئاهەنگیان لەگەڵ سوپای سوریا کردووە و دەیانەوێت پێکەوە ڕوبەروی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا ببنەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن، چونکە مەرجەکانی سوریا بۆ هەسەدە و ئیدارەی ڕۆژئاوا قورسن.

هەرچەندە لە سەرەتای ئەم مانگەدا شاندێکی ئەمریکا بە پەلە چوونە ناوچەکە و لە دۆخی منبج و شارەکانی تری ڕۆژئاوایان کۆڵیەوە، کە منبج یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم ئۆپراسیۆنەی تورکیا و دەيەوێت بەشێکی زۆری ئاوارە سووريەکان لەوێدا نيشتەجێ بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هەڵوێستی فەرمی ئەمریکا لەو بارەیەوە ناڕونە.

ڕێگری لە تورکیا دەکات، یاخود هاوشێوەی ئۆپراسیۆنەکانی تر گڵۆپی سەوزی بۆ هەلدەکات و لە واشنتنەوە تەماشای داگیرکردنی بەشێکی تری خاکی رۆژئاوا دەکات لە لایەن تورکیاوە.

ڕوسیا کە زۆرترین هەژمونی لە سوریا هەیە و تورکیاش پێویستی بە هەڵویستی ئەو هەیە، ئێستا خۆی لە گەرمەی شەری ئۆکرانیادایە و بەو هۆیەوە لە سوریاش لە چەند شوێنیک پاشەکشەی کردووە، لە ڕوکەشدا وا دەردەکەوێت کە دژی ئۆپراسیۆنەکەبێت و نوێنەرەکەی لە سوریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پێیوایە پلانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژائاوای کوردستان کارێکی ژیرانە نییە.

ئێرانیش وەک وڵاتێکی خاوەن هەژموون لە سوریا، هاوشێوەی ڕابردوو هەڵویستی ناڕونە و وا دەردەکەوێت ڕەئیسی سەرۆک کۆمار ڕوبەرو بە ئەردۆگانی ڕابگەیەنێت.

بەڵام ئاخۆ ئەمە دوا هەڵویستی ئەو دوو وڵاتەیە، یاخود کۆبوونەوەکەی پوتن و ڕەئیسی و ئەردۆغان لە تاران هەڵویستەکان دەگۆڕێت.

بەپێی ئەو پلانەی بەرپرسانی تورکیا ناوە ناوە بە گویی ڕای گشتیدا دەیدەنەوە، هێشتا چەند ناوچەیەکی تری ڕۆژئاوا ماون کە ئەو وڵاتە بە بیانوی دروستکردنی ناوچەی ئارام دەیەوێت داگیریان بکات، لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم ئۆپراسیۆنەشیدا نزیک دەبێتەوە لە ئامانجەکەی کە داگیرکردنی بەشی هەرە زۆری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەرە لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ئامادەکارییەکی گەورەشی بۆ کردووە و بە سەدان تانک و زرێپۆشی بردووەتە ناوچەکە و هەزاران سەربازیشی بۆ هێرشەکەی ئامادەن، ئەمە بێجگە لەو میلیشیایانەی کە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە گرێدراوی تورکیان، لە ناوچەکەن و پشکی زۆرینەیان لە هێرشەکاندا بەردەکەوێت، چونکە لە بەرامبەر شەڕکردنیان بۆ تورکیا پارە و پێداویستی وەردەگرن، ئەمە بێجگە لەوەی کە هەر ناوچەیەکیش داگیر دەکەن بە دڵی خۆیان هەر شتێک بە نرخ بێت تاڵانی دەکەن و تەنانەت لە دزینی مریشک و قەل و قازیش ناگەڕێنەوە.