شارپرێس:
بەشێک لە خەڵک واڕاهاتوون لەکەشی سارددا بێت یان گەرم، راستەوخۆ دوای
نانخواردن کوپێک ئاوی سارد دەخۆنەوە، بەڵام ئەگەر بێت و بزانن مەترسییەکانی ئەو
خووە چییە، ئەوە دەستبەجێ دەستبەرداریی دەبن.
بەگوێرەی پێگەی "ستێپ تو هیڵس"، خواردنەوەی ئاوی سارد دوای نان
خواردن دەبێتە هۆی بەدهەرسیی و درووستکردنی ئازاری گەدە، جگە لەوەی وادەکات جەستە
چەورییەکانی بپارێزێت و کێشی جەستەی زیاد بکات.
باس لەوەشکراوە کە بڕی خۆراکەکە هەرچەند بێت، ئەوە ئاوی سارد پلەی
گەرمییەکەی دەگۆڕێت و جەستەش لە پڕۆسەی هەرسکردندا ناچار دەبێت هەوڵێکی زۆرتر
بدات، بەتایبەت ئەو خۆراکانەی چەورن، لەبەرئەوەی خۆراکەکە رەق دەبێت و بەخراپی
هەرس دەکرێت، بەوەش چەورییەکە زیاتر کەڵەکە دەبێت و کێش زیاد دەکات.
هەرئەوەندە نا، بەڵکو ئاوی سارد کاریگەریی هەیە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی
پرۆسەی هەرسکردن، ئەمەش وادەکات ترشەڵۆکی گەدە بگەڕێتەوە و کەسەکە هەست بە
سووتانەوەی سورێنچک دەکات.
هەروەک، خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاوی سارد راستەوخۆ دوای نانخواردن
کاریگەریی لەسەر ترشەکانی ناو گەدە دەبێت کە یارمەتیدەری تێکشکاندنی ماددە خۆراکییەکان
و هەرسکردنیان، دواتر کەسەکە هەست بە قورسیی و پڕیی دەکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی