كەشناسی پێشبینی پلەكانی گەرمای بۆ دوو ڕۆژی داهاتوو بڵاوكردەوە

کوردستان

07/08/2022‌ 1225 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم ڕایگەیاند، لە ٤٨ كاتژمێری داهاتوودا پلەكانی گەرما لە شارەكانی هەرێم دوو بۆ سێ پلە دادەبەزێت.

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان بە شێوەیەکی گشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک، خێرایی با مام ناوەند دەبێت لە ١٠ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە یەك تا دوو پلە  بە بەراورد لەگەڵ تۆمارکراوەکانی دوێنێ و هەروەها، مەودای بینین نۆ بۆ ١٠ کیلۆمەتر دەبێت .

لەبارەی كەشوهەوای سبەینێوە پیشبینی دەكات، ئاسمان ساماڵ بێت لەگەڵ تۆزێکی کەم لە هەندێ ناوچە، پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە بەراورد بە  تۆمارکراوەکانی ڕۆژی پێشوو بە دوو بۆ سێ پلە.

كەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی لە ناوچەكانی هەرێم ٤٠ بۆ ٤٥ پلە دەبێت، بەشێوەیەك لە گەرمیان ٤٥ پلە و لە دهۆك و سلێمانی و سۆران ٤٠ پلە دەبێت.

س.س