شارپرێس:
یاریگای گەورەی سنوری برادۆست ئەمڕۆ دوشەممە، لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی سیدەکانهوه پاککرایەوە کە ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین گەنجانو لاوانو وەرزشوانان یاری تۆپی پێی تێدا ئەنجامدەدەن.
وەک لەدیمەنەکاندا دیارە شارەوانی لەڕێگای گریدەرێکەوە یاریگاکە پاکدەکاتەوەو وەرزشوانانو گەنجانو لاوانیش بهئومێدەوەن بۆ ئەنجامدانی یاری تۆپی پێ لەیاریگاکەدا کە هەموو خۆڵو تۆزە بەناچاری یاری تێدادەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە لەکاتی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان وەکو مژدەیەک بهوەرزشوانانی سنورەکە دەدرێت بۆ چاککردنی یاریگایەکە بەشێوەیەکی مۆدێرن نۆژەندەکردێتەوە، بەڵام دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان، دیمەنەکانی یاریگاکە بەوشێوازە دەمێنێتەوە، ئەمەش وەرزشوانانو گەنجانو لاوانی تەواو بێئومێد کردووە، چونکە هیچ شوێنێکی دیکەی نییە کاتەکانیان تێدا بەسەرببەن.
دەڤەری برادۆست سەنتەری ناحیەی سیدەکان دەگرێتەوە، دەکەوێتە سێگۆشەی سێ وڵات (عێراق، ئێرانو تورکیا) لەڕووی ژمارەی دانیشتووانهوه زیاتر له20 هەزار کەسەو گەورەترین ناحیەیە لەسەر ئاستی عێراقو هەرێمی کوردستان لەڕووی ڕووبەرەوە، چونکە دەشتاییو شاخو تەپۆڵکەی زۆری هەیەو جوگرافیایەکی فراوانی هەیە.
زیاتر لە 220 گوندی هەیەو تائێستاش ناوچەکە لەدەیان پڕۆژەو خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بێبەشە.